کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە هەولێر بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد+وێنە و ڤیدیۆ

16:25 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بە مەبەستی مەحکووم کردنی مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی و کەمتەرخەمیی ناوەندە حکوومییەکانی ئێران و پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی مەهاباد لەهەولێر بەڕێوەچوو.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، خۆپیشاندانەکە دەستی پێکردووە و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردستانی رۆژهەڵات نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، نوێنەری هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و ژمارەیەک کەسایەتی و هاووڵاتیی کوردستانی باشوور بەشداران.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ئەوەشی خستەڕوو لەو خۆپیشاندانەدا کەلە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و لەبەردەم پارڵەمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک پەیام پێشکەش کرا.

لە دەسپێکی کۆبوونەوەکەدا پەیامی بەرەی ژنانی هەر چوار بەشی کوردستان لەلایەن \'\'کەوسەر فەتاحی\'\' ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵاتەوە خوێندراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکەدا \'\'محەممەد ساڵح قادری\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و کوردستانی پێشکەش کرد.

لەو پەیامەدا سێ داواکاریی خرابووە روو کە بریتیی بوون لە:

ــ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تاوانباران لە دادگایەکی تایبەت، بێلایەن و ئاشکرا و تاوانباران سزا بدرێن.

ــ هەموو گیراوەکانی ئەم دوایی‌یانەی شاری مەهاباد و شوێنەکانی دیکە ئازاد بکرێن و بریندارەکانی ئەو رووداوە چارەسەرییان بۆ ئەنجام بدرێت.

ــ کۆتایی هێنان بە میلیتاریزەکردنی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و سیخورییەکان بهێندرێت.


پاش ئەو دوو پەیامە، سۆران عومەر بەرپرسی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پارلمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پێشکەش کرد.

لەلایەکی دیکەوە جارێکی دیکە پەیامی بەرەی ژنانی هەر چواربەشی کوردستان لەلایەن \'\'فاتمە عوسمانی\'\' وتەبێژی بەرەکە و سکرتێری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە.

پاشان محەممەد ساڵح قادری بە ناوی هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانەوە سپاسی پارلمانی کوردستان و لێژنەی مافی مرۆڤی ئەو ناوەندە یاسایی‌یە کرد و هەوڵەکانیانی لەو پێوەندییەدا بەرز نرخاند.

هەواڵنێری کوردستان میدیا راشیگەیاند: پاش خوێندنەوەی پەیامەکان، بەشداربوان دەستیان بە دروشمدان کرد و دوو ئاڵای رێژیمی ئیسلامی ئێرانیان ئاگر داوە.

بژی مەهاباد، بژی ئاڵای کوردستان، مەهاباد تەنیا نییە، رۆژهەڵات هەستاوە و لە دوژمن راساوە و ... ئەو دروشمانە بوون کە لەلایەن بەشداربوانەوە وتراوەتەوە.

دەقی پەیامی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و کوردستانی کە لەلایەن  محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

بەڕێز سەرۆكایەتیی پارلمانی هەرێمی كوردستان

ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەكان

میدیا و چاپەمەنیی دەروەست و ئازاد

وەك ئاگادارن رۆژ نییە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆی سیاسەتی دژی گەلی و زەبر و زەنگی رێژیمی كۆماری ئیسلامی تووشی رۆژ ڕەشی و مەینەت نەبنەوە و بە شێوەی گرتن ، سێدارەدان، كۆشتنی كوڵبەران، سەركۆت نەهامەتی .... ئازار نەدەرێنەوە و لە هەر چەشنە مافێكی ئینسانی و دادپەروەرانەی خۆیان بێ بەش نەكرێن.
سەرەڕای ئەوەش خەڵكی رۆژهەڵات بەردەوام بە هۆی ڕوانگەی ئەمنی و سیاسی رێژیمەوە تووشی ناسەقامگیری ژیانیان دەبنەوە و بە هۆی ئەو ژینگە نالەبارە سیاسی و ئەمنییەی كە رێژیم خۆلقاندویەتی دیتمان رۆژی یەكشەممە 3ی مەی 2015 لە ڕووداوێك دا كە كچە كوردی خەڵكی مەهاباد بە ناوی فەریناز خۆسرەوانی دەكورژێت و بە هۆی دەست تێدا بوونی كەسێكی سەر بە ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی لەو ڕووداوەدا خەڵكی مەهاباد داوای لێكۆلینەوە و ڕوونكردنەوەی ئەو تاوانەیان لە رێژیم كرد، بەڵام دوای چوار رۆژ بێدەنگی نە تەنیا هیچ ڕوون كردنەوەیەك لە لایەن كاربەدەستانی دادوەری كۆماری ئیسلامییەوە نەدرا، بەڵكوو هێزە ئەمنی و سیاسی یەكانی رێژیم بە زمانێكی زبر و هەڕەشە ڕوو لە خەڵك قسەیان كرد ئەوەش وای كرد كە خەڵكی مەهاباد رۆژی 7ی مەی 2015 لە كۆبوونەیەكی نارەزایەتی دەربڕیندا دەرحەق بەو هەڵسووكەتە نابەرپرسانەیەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بێنە سەر شەقام و لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە هێرش كرایە سەریان و پتر لە 20 كەس لە خۆپێشاندەران بریندار كران و دەیان كەسیشیان دەستبەسەر و بۆ شۆینی نادیار بەڕێ كراون كە تا ئێستا لە چارەنووسیان هیچ هەواڵێك لە بەر دەست نییە .

هەر بۆیە ئێمە هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانی كورد و كوردستانی وێڕای پیشتیوانی لە مافە ڕەواكانی خەڵكی مەهاباد و رۆژهەڵاتی كوردستان ، ئەو تاوانە دژی مرۆڤییەی رێژیم دەرحەق بە كەرامەتی كچە كوردی مەهاباد و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان ئیدانە و شەرمەزار دەكەین و لە سەرۆكایەتیی بەرێزی پارلمانی كوردستان و لایەنە پێوەندییدارەكان داواكارین لە رێگەی خۆتانەوە داو لە كۆماری ئیسلامیی بكەن كە :
1 – لێكۆلینەوە لە دۆسیەی كۆژرانی فەرینازی خۆسرەوانی لە دادگایەكی تایبەت ، بێلایەن و ئاشكرا دا بكرێت و تاوانبارانی ئەو تاوانە بە سزا بگەیەنرێن.

2- گیراوانی خۆپێشاندانی مەهاباد و شارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان ئازاد بكرێن و بۆ چارەسەری بریندارەكان كار ئاسانی بكرێت .

3- ئەو بارودۆخە ئەمنیەتییەی كە بە هۆی هێز نیزامی و سیخۆریەكانیەوە بە سەر ژیانی خەڵكدا سەپاندووە لاببردرێت .

لە گەڵ رێز و حورمەتمان
هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانی كورد و كوردستانی
10/05/2015