کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ پشتیوانیی هاووڵاتییانی کورد لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد +وێنه

21:50 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کورد لە نێوخۆی وڵات، بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵات پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوای مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی کچە کوردێکی خەڵکی مەهاباد و دەربڕینی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەو شارە لەهەمبەر ئەو رووداوە، هاووڵاتییانی کوردی شارەکانی نێوخۆی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و سیاسی بە شێوازی جۆراوجۆر پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد دەربڕی.

هاووڵاتییانی کورد بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد لە هەندێک شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات وەک سنە، سەقز، مەریوان و سەردەشت خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هەروەها کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ سەرەڕای مەحکووم‌کردنی ئەو رووداوە و پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ، پشتیوانییان لە خەڵکی کوردستان کرد و داواکارن کە خەڵک لەهەمبەر ئەو رووداوە و رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بێدەنگ نەبن.

خۆپیشاندانی چەند رۆژەی هاووڵاتییان لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیم ئێران بەرەڕوو بووەتەوە و چەندین هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.

لەو پێوەندییەدا، لە کوردستانی باشوور هاووڵاتییانی کورد بۆ پشتیوانی و هاودەردی لەگەڵ خەڵکی مەهاباد کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد.

هاووڵاتییان لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، سۆران، کەلار، کەرکووک، سەید سادق و هەروەها کۆمەڵەی کەلهوریش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد و ناڕەزایەتی لەهەمبەر مردنی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\' بە شێوەی جۆراوجۆر خۆپیشاندان و هاوسۆزیی خۆیان نیشان دا.

هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری هەولێر لە دوو شوێنی جیاوازدا، لە پارکی \'\'سامی عەبدولڕەحمان\'\' و لەبەردەم پارلمانی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانە چەندین حیزب و لایەنی سیاسی بەشدارییان کرد و پەیامیان خوێندەوە.

لەو کۆبوونەوەدا \'\'محەممەد ساڵح قادری\'\'، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و کوردستانی پێشکەش کرد و هەروەها پەیامی بەرەی ژنانی هەر چوار بەشی کوردستان لەلایەن کەوسەر فەتاحی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵاتەوە خوێندرایەوە.

پاش ئەو دوو پەیامە، سۆران عومەر بەرپرسی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پارڵەمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پێشکەش کرد.

هەروەها هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی باکوور لە شارەکانی ئامەد، هەکاری و باتمان پشتیوانییان لە خەڵکی مەهاباد کرد و بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی مەهاباد، دوو خولەک لەسەر ئەژنۆ دانیشتن.

لە شارەکانی کوردستانی رۆژئاوا هاووڵاتییان بۆ هاودەردی و پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد، لە شارەکانی کۆبانی، قامیشلۆ و عامودا و هەروەها پێشمەرگەکانی کۆبانی پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد دەربڕی.

لە دەرەوەی وڵاتیش هاووڵاتییان لە شارەکانی لۆس‌ئانجلێس، لەندەن، ستۆکهۆڵم، خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد وەڕێخست.

لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی ئەهواز و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەهاباد دربڕیوە.