کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیعدامی نهێنی لە ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکووم کرا

23:17 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، لە بارەی بەڕێوەچوونی ئیعدامە نهێنییەکانی ئێران، وێڕای هوشداری، نیگەرانیی خۆشی لەو بوارەدا دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، \'\'ئەحمەد شەهید و کریستۆف هاینێز رێپورتێرانی تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی هەڵکشانی رێژەی ئیعدام لە ئێران لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.

لەو راپۆرتەدا هاتووە؛ لە دەستپێکی ساڵی نوێی زایینییەوە هەتا ئێستا (پێنج مانگ)، ٣٤٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە لانیکەم ٦ کەسیان زیندانیی سیاسی و ٧ کەسی دیکەش ژن بوون.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی لە سێدارەدراوەکان بە تاوانی \'\'بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان حوکمەکەیان بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، رێژیمی ئێران پاش وڵاتی چین، لە ئاستی جیهاندا پلەی دووهەمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییاندا هەیە. رێژەیەک کە وای کردووە چالاکانی مافی مرۆڤ بە بەردەوامی نیگەرانیی خۆیان لەو بارەوە دەرببڕن.

ئەحمەد شەهید لەو راپۆرتەدا نووسیویەتی: بەڕێوەبردنی حوکمی ئیعدام لە بەرچاوی گشتیی خەڵک و شوێنە گشتییەکاندا، کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر هاووڵاتییان و قوربانییان دادەنێ.

ئەو رێپورتێرە رایگەیاندووە، زۆربوونی رێژەی ئیعدامەکان و زاڵبوونی کەش و هەوای توندی ئەمنییەتی ــ یاسایی کە چالاکانی مەدەنی، مافی مرۆڤ، سیاسی دەخاتە ژێر گوشار و مەترسییەوە، دەرخەرەی ئەوەیە کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتداریی حەسەن رۆحانی، خراپتر بووە و سەرەڕای بەڵێنییەکان، بەرەو باشتربوون نەڕوێشتووە.