کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی چالاکانی کورد/ بەشێک لە بازار و دووکانەکانی سنه و مەهاباد داخران

20:56 - 24 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دوابەدوای بانگەوازی چالاکانی مەدەنیی کوردستان لەمەڕ بەڕێوەچوونی مانگرتنێکی سەرانسەری لە کوردستان، بەشێک لە دووکانەکانی سنه و مەهاباد داخران و چەند شارێکی دیکەش میلیتاریزە کراون.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن به ئاژانسی کوردپا، بەشێکی بەرچاو لە دووکان و بازارەکانی شارەکانی سنە و مەهاباد، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە لەبەر چاوگرتنی قەرەباڵغییەکانی کۆتایی هەفتە، داخران.

ئەو سەرچاوە هەواڵییە نووسیویەتی: هاتوچۆکان بە بەراورد لەگەڵ رۆژانی ئاسایی دیکەی هەفتە، کەم و ئەگەری بەرین‌تر بوونەوەی ئەو مانگرتنە سەرانسەرییە لە ئارا دایە.

کوردپا نووسویەتی: لەسەدا ٣٠ی بازاری شاری پیرانشار داخراوە و دۆخی شاری مەریوان لە حاڵەتی ئامادەباشی دایە.

بەپێی راپۆرتی ئەم ماڵپەڕە خەبەرییە، هێزێکی زۆری رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بە وتەی شایەتحاڵان بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، لە شاری ئورمیەوە رەوانەی مەهاباد کراوە و بە هۆی کەمیی جێگا، لە حەوشەی پادگانە نیزامییەکان مۆڵ دراون.

ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنیی کوردستان، لە بانگەوازێکدا لەمەڕ پاڵپشتی لە دەسبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ئەم دوایی‌یەی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕیان وەکوو رۆژی مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان راگەیاند.