کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ دوایین بارودۆخی کوردستان دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک لە رووداوی شاری مەهاباد

17:43 - 25 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دوای پشتیوانیی هاووڵاتییانی کورد لە نێوخۆی وڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها درەوەی وڵات لەخۆپیشاندانەکانی مەهاباد، رێژیمی ئێران هەڵوێست و کردەوەی جۆراوجۆر و توندی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران گرتە بەر.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، دوای مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی کچە کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییانی ئەو شارە نیسبەت بەو رووداوە و پشتیوانی هاووڵاتییان و رێکخراوە مەدەنی و سینفییەکان لە ناڕازییان، رێژیمی ئێران رێوشوێنی توندی ئەمنیەتیی سەبارەت بەو رووداوە و ناڕازییان گرتە بەر.

پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، خۆپیشاندانی هێمنانەی هاووڵاتییان و ناڕازییان بە دەستێوەردانی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیم کێشرایە توندوتیژی.

هێزەکانی یەگانی سەرکوت بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢٠ کەس بریندار بوون.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لێک ناتەبا، باس لەوە کرا کە ئاکام تەلاج یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکان شاری مەهاباد کە بە توندی بریندار کرابوو، گیانی لە دەست داوە کە راستی و دروستیی ئەو هەواڵە لەلایەن هیچ هەواڵدەرییەکی باوڕپێکراوەوە تەیید نەکرا.

هێزەکانی رێژیم لە شوێنی کۆبوونەوە بەڵێنییان بە ناڕازییان دا کە بەدواداچوونی ئەم رووداوە بکەن، بەڵام خۆپیشاندەران ئەو وادە و بەڵێنییەی هێزەکانی رێژیمیان بە پڕوپوچ لە قەڵەم دا.

رێژیم دوای پەرە ئەستاندنی خۆپیشاندانەکان هێڵی ئینتێرنێت و تەلەفوونی لەو شارە پچڕاند.

بەپێی راپۆرتەکان هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەکاندا ٢٣ هاووڵاتیی کورد لە شاری مەهاباد بە تەقەی هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار و ژمارەیەکی بەرچاویش دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتەکان، لە شاری سەردەشت هێزەکانی رێژیم تەقەیان لە خەڵک کردووە و ١٢ هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە لەو شارەدا دەسبەسەر کران.

هەروەها بەپێی هەواڵەکان، دەیان کەس لە هاووڵاتییانی شاری سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری مەهاباد رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، لە گۆڕەپانی \'\'تەلیس\'\' (٢٢ بهمن)ی ئەو شارە کۆبوونەوە و بەرەو گۆڕەپانی هەڵۆ رێپێوانی هێمنانەیان ئەنجام دا.

پاشان هێزەکانی گاردی تایبەت هێرشیان کردە سەر رێپێوانی هێمنانەی خەڵکی شاری سەقز و ٥ کەسیان لێ دەسبەسەر کردن.

لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان ٢١٨ کەش لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیم بریندار و دەستبەسەر کراون.

هێزەکانی رێژیم لە شاری مەهاباد بە بێ هیچ حوکمێکی قەزایی، هاووڵاتییانی ئەو شارەیان لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر دەکرد و کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس لە ناو شاردا قەدەغە و لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بڵاوەی پێ دەکرا.

رێژیم ژمارەیەکی زۆری لەو هاووڵاتییانەی کە دەستبەسەری کردبوون بۆ شاری ئورمیەی راگواستن.

رێژیمی ئێران دوای پەرەگرتنی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی دیکەی کوردستان، هەڕەشەی لە بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی کرد.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی تەشەنەی زیاتری ئەو ناڕەزایەتییانە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان، حاڵەتی ئامادەباشیی بۆ هێزەکانی خۆی لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان راگەیاند و لە شاری سایین‌قەڵاوە یەگانی ویژە و هێزێکی زۆری لیباس شەخسیی رەوانەی شاری بۆکان کرد.

بەرپرسانی رێژیم بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی ئەو رووداوانە بڕیاری بە مۆرە دەست‌وپێوەندییەکانی خۆی دا کە پشتیوانی لەو حەرەکەتە ناڕەزایەتییە نەکەن و لە راگەیاندەکانی سەر بەرێژیم لێدوانی چەواشەکارانەیان دەدا.

عەلی‌ڕەزا رادفەر جێگری پارێزگاری ئورمیە وێڕای هەڕەشەی لە هاووڵاتییانی مەهاباد، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهابادی پێوەندیدار بە \'\'هێزی بێگانە\'\' و \'\'دوژمنەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران\'\' لە قەڵەم دا و ناوبراو ئەندامانی حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵەی بە هیدایەتگەری ناڕەزایەتییەکان تاوانبار دەکرد.

لەو پەیوەندییەدا،مەلا قادر سوهرابی، پێشنوێژی هەینیی شاری مەهاباد و دادوەر لە دادگا رایگەیاند، خۆپیشاندەرانی ئەم دوایی‌یانەی شاری مەهاباد کە سەبارەت بە مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی رژانە سەر شەقامەکان، بە ئاژاوەگێڕ و ناڕازییانی بە تاقمێکی هەلپەرەست و داردەستی بێگانە وەسف کرد.

چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی کورد لەو باوەڕەدا بوون کە دەسەڵاتداران بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو رووداوە و شاردەنەوەی راستییەکان، بێدەنگیان شکاند و چەندین لێداوانی دژ بەیەکیان بڵاو کردەوە.

غوڵام حوسێن موحسێنی ئێژەیی وتەبێژی دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی رایگەیاند، کردەوەکانی خودی فەریناز خولقێنەری ئەو رووداوە بووە و هیچ پێویستیی نەدەکرد ئەو پرسە بەو شێوەیە پەرەی پێبدرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئیبراهیم رەئیسی دادستانی گشتیی رێژیمی ئێران، هاوچەشنی مەلا سوهرابی خۆپیشاندەرانی بە گرووپێکی سەر بە دژە شۆڕەش لە قەلەم دا.

جەعفەر کەتانی، فەرمانداری شاری مەهاباد، وێڕای تەییدکردنی قسەکانی دادستانی ئورمیە وتی: تاوانباری سەرەکی کە ئەرکی پێڕاگەیشتن بە سەر هوتێلەکانی لە ئەستۆ بووە بە هێچ شێوەیەک کەسێکی ئەمنییەتی ــ ئینتزامی نەبووە.

ئەو لێداوان و قسانە لە حاڵێکدا بوون کە هاووڵاتیانی شاری مەهاباد، لێداونی کەسانی نزیکی ئەو بنەماڵەیە و چالاکانی مەدەنی فەریناز خوسرەوانی رایەکی جیاوازییان هەبوو و کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە فەریناز خوسرەوانی بۆ پاراستنی کەرامەت و نامووسی خۆی، هەروەها بۆ پێشگیری لە دەستدرێژیی کەسێکی ئەمنیەتی سەربە رێژیم، لە نهۆمی چوارەمی هوتێڵ تاراوە خۆی فڕێ داوەتە خوار.
خاوەن هۆتێلەکە بە مەبەستی روونکردنەوەی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئەو شارە نزیک بە یەک هەزار و ٥٠٠ سی‌دی کە هاتوچۆکانی فەریناز خوسرەوانی پێش مردنی لە هۆتێل تارای شاری مەهابادی لە خۆوە گرتبوو، بڵاو کردەوە کە ئەو کارەش لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەو بە نەشیاو هاتە ئەژمار.

هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی باشوور، باکوور و رۆژئاوا بۆ پشتیوانی لە هاووڵاتییانی کورد و مەحکووم کردنی مەرگی فەریناز خوسرەوانی خۆپیشاندانیان بە شێوەی جۆراجوۆ بەڕێوە برد.

لە دەروەی وڵات لە چەندین شاری ئورووپا و ئامریکا هاووڵاتییانی کورد پشتیوانیان لە خەڵکی مەهاباد کرد و سەرکوتی خەڵکی ناڕازییان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە مەحکووم کرد.

دوای بانگەوازی چالاکانی مەدەنیی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان، داوا لە هاووڵاتییان کرا کە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی فەریناز خوسرەوانی و ئازادکردنی ناڕزییانی ئەم رووداوە دووکان و بازارەکان داخەن.

رۆژی رابردوو لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکی نیسبی دووکان و بازار داخرابوون و رێژیم لە حالەتی ئامادەباشی دابوو.

دوای ئەو بانگەوازە، رێژیم بڕیاری ئامادەباشی بە هێزە خۆجێی و نیزامییەکان لە بنکە و ناوەندە نیزامییەکان دا و هەنووکە فەزای شارەکانی کوردستان ئەمنییەتی و میلیتاریزە کراوە.