کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی فەریناز خوسرەوانی و هاودەردیی نەسرین قاسملوو

17:40 - 26 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: نەسرین قاسملوو هاوسەری شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، رووداو و کارەساتی هاوچەشنی مەرگی فەرینازی وەکوو سیاسەتی گشتی و ئامانجداری رێژیمی ئیسلامی ئێران لە قەڵەم دا.

نەسرین قاسملوو لە نامەیەکدا رق و بێزاری خۆی لە مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی و رێژیمی ئاخووندیی ئێران دەربڕی.

دەقی نامەکەی نەسرین قاسملوو بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ئەو کارەساتەی کەلە هوتێل تارای شاری مەهاباد رووی دا و مەرگی فەرینازی بە دوای خۆیدا هێنا، دەرخەری ماهییەت و شوناسی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

ئەو رێژیمە کە بە ناوی دینەوە حکوومەت دەکا و ئیدیعای هەمیشەیی و نەمریی هەیە، دەستی تاقم و دەست و پێوەندییەکانی بۆ کوشت و کوشتار و جنایەت ئاوەڵا کردووە. راستییەکە ئەوەیە کە ئاخووندەکان لە ئێران بوونەتە مایەی شەرم بۆ مەزهەب و وڵاتی ئێران.

بە داخەوە هیچ کەسێک تازە ناتوانێ ژیان بە فەریناز ببخشێتەوە، منیش وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەل فەریناز و بنەماڵەکەی، رق و بێزاری خۆم لە رێژیمی ئاخووندی و جنایەتکار دەردەبڕم و خۆم بە هاوبەشی خەمی بنەماڵەی خوسرەوانی دەزانم.

نەسرین قاسملوو هاوسەری نەمر دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو
پاریس
١٢ی مەی ٢٠١٥