کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی دانیشتووی کۆپێنهاگن، پشتیوانییان لە ناڕەزاییانی مەهاباد کرد

17:26 - 27 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد و باقی شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات لە بەردەم بینای نوێنەرایەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆپێنهاگن بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە دەستپێشخەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان و هێز و پارتە سیاسییەکانی کوردستان، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات لە بەردەم بینای نوێنەرایەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری کۆپێنهاگن بەڕێوەچوو.

بەشدارانی ئەو خۆپیشاندانە بە دانی دروشمی نەتەوەیی و هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر زەخت و گوشاری رێژیمی ئێران بۆسەر هاووڵاتییانی کوردستانی رۆژهەڵات، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی راپەڕیوی کوردستان دەربڕی و کردەوەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی هاوبەشیی هێز و رێکخراوە کوردستانییەکان بە زمانەکانی کوردی، دانمارکی و فارسی خوێندرایەوە و سەرکوت و توندوتیژیی رێژیمی ئێرانیان لە کوردستان مەحکووم کرد.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی بۆ جاری دووهەم و لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی دانمارک و پشتیوانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی، خۆپیشاندانێک لە بەردەم باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لە کۆپێنهاگن بەڕێوەچوو.

لەو خۆپێشاندانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە كوردانی دانیشتوی دەوروبەری كۆپێنھاگن و ھەروەھا نوێنەرایەتیی حیزب و رێكخراوە كوردستانییەكان بەشدار بوون.

خۆپیشاندەران بە دانی دروشم لە دژی رێژیمی ئێران و خوێندنەوەی پەیامی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان، سیاسەتەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحكووم كرد.