کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆرانی وتنی ژنان لە سینەمای بەهمەنی سنە، تووڕەیی بەرپرسانی رێژیمی لێکەوتەوە

22:56 - 27 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: گۆرانی بێژیی ژنان و بەشداریی خەڵکێکی بەرچاو لە فستیڤاڵی فەرهەنگی ــ هونەریی شاری سنە کە لە سینەمای ئەو شارە بەڕێوەچوو، تووڕەیی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش بەڕێوەچوونی فستیڤاڵێکی فەرهەنگی ــ هونەری لە سینەما بەهمەنی شاری سنه لە حەفتەی رابردوودا، بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تووڕەیی خۆیان لە بەشداریی بەرفراوانی خەڵک و گۆرانی وتنی ژنان دەربڕی.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەفتە لەو فستیڤاڵە فەرهەنگییە، ئێستاش بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامی لەسەر ماڵپەڕ و میدیاکانی خۆیان بە توندی هێرش دەکەنە سەر بەشداریی ژنان لەو فستیڤاڵە و بە مەترسییەکی بۆسەر بنەماکانی ویلایەتی فەقیهـ لە قەڵەمی دەدەن.

فستیڤاڵی فەرهەنگی ــ هونەریی شاری سنه لە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ دەستی پێ کرد و هەتا ١٧ی ئەو مانگە بەردەوام بوو.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەموو هەواڵ و توانای خۆی بۆ لەناوبردن و کەمڕەنگ کردنەوەی فەرهەنگی نەتەوەی کورد لە ئێراندا دەدا و هەر جارە و بە بیانوویەک رێگا بۆ پێشگیری لە چالاکییە فەرهەنگی و هونەرییەکان خۆش دەکات.

لەو پێوەندییەدا لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە فەرهەنگییە، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ بانەمەڕ، یەلدا عەباسی هونەرمەندی ناسراوی خوراسانی باکوور لەلایەن بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵەکەوە بێ حورمەتیی پێکرا.

بەرپرسانی فستیڤاڵەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆسیقای یەلدا عەباسی چەندین جار بە ئەنقەست دەنگی ئەو هونەرمەندە کوردەیان بچڕاند.

ئەو ژنە هونەرمەندە کوردە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دروستکردنی قەرەباڵغیی دەنگی لە سیستەمی دەنگی فستیڤاڵەکە لەلایەن بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵەکەوە، ساڵۆنەکەی بەجێ هێشت.

دروست کردنی قەرەباڵغی لە دەنگی یەلدا عەباسی ناڕەزایەتیی بەشدارانی فستیڤاڵەکەی لێکەوتەوە.