کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و کوردستانی رۆژهەڵات لە شاری کاڵماری سوید بەڕێوە چوو

14:28 - 28 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بە بەشداریی نوێنەری چەندین حیزب و لایەنی سیاسی، مەدەنی کورد و سویدی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد لە شاری کاڵمار بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کاڵماری وڵاتی سوید، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و بنەماڵە حیزبییەکانی دانیشتووی ئەو شارە و نوێنەری چەندین حیزب و لایەنی سیاسی ، مەدەنی کورد و سویدی، خۆپێشاندانێکیان بۆ پشتگیری‌کردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی  شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات بەڕێوە برد.

لەو خۆپیشاندانەدا، مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی و هەموو جینایەتەکانی رێژیمی ئاخوندیی ئێران مەحکووم کرا.

سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سرودی نەتەوەیەتی ئەی ڕەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت فەریناز خوسرەوانی دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییە مەدەنییە کورد و سویدیەکان بە زمانی کوردی و سویدی، پێشکەش کرا و خۆپێشاندەران بەناو شەقامەکانی ئەو شارەدا بە وتنەوەی دروشمی دژ بە رێژیمی دیکتاتۆر و خوێن‌مژی ئیسلامیی ئێران دەستیان بە رێپێوان کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا ، جیا لە حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و سوسیال دێموکراتەکان، پارتی گەڵ و پارتی ژینگەی وڵاتی سوید لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون.