کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوێد/ خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد و کوردستان بەڕێوە چوو

15:34 - 28 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بە نیشانەی مەحکوومکردنی مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات لە سوێد، بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتیی سیاسی و مەدەنیی کورد لە سوێد و نوێنەری چەندین حیزب و لایەنێکی سیاسی و مەدەنی، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی لە بەردەم پارلەمانی وڵاتی سوێد لە شاری ستۆکهۆڵم بۆ پشتگیری کردن لە خەڵکی راپەڕیوی شاری مەهاباد و شار و شارۆچکەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی بەڕێوە برد.

خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و بەتایبەت فەریناز خوسرەوانی و قوربانییانی ئەم دوایی‌یانەی شاری مەهاباد، دەستی پێکرد.

پاشان \'\'فەریبە و ئارەزوو حیسامی لە بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکە بە هەردوو زمانی کوردی و سوێدی پاش وتنەوەی چەند دروشمێک دژی رێژیمی ئێران بەخێرهاتنی بەشداربوان کرا.

دواتر ئەو لایەنە سیاسی و مەدەنییانەی کە لەمەڕ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری خۆڕاگری مەهاباد و هەروەها دژ بە هەڵسوکەوتەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامیان پێشکەش کرد، بریتی بوون لە:

ــ پەیامی هاوبەشی ژنانی رۆژهەڵات لەلایەن مەستوورە سوڵتانی
ــ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە سوێد لەلایەن محەممەد ئەحمەدی
ــ پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوێد لەلایەن پرشنگ توانا
ــ چەند درۆشمێکی حەماسی بە زمانی سوێدی لەلایەن مەندانە کاکایی
ــ پەیامی ناوەندی یەکیەتیی کوردان لە سوێد لەلایەن عەلی پاڵانی
ــ پەیامی پارتی کوردستانی سووریە الپارتی لەلایەن نوێنەری ئەو پارتەوە لە سوێد
ــ پەیامی رێکخراوی ئایینیی یارسانییەکان لەلایەن عەلی ئەسکەر خوسرەوی

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا کۆمەڵێک دروشمی نەتەوەیی و کوردانە بۆ پشتگیری کردن لە راپەڕینی مەهاباد و شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها مەحکووم‌کردنی مەرگی گوماناوایی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\' دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زمانەکانی کوردی و سوێدی لە بەردەم پارلمانی سوێد لە شاری ستۆکهۆڵم وتراونەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا سەرەڕای بیر و باوەڕی جیاواز و بەشداربوونی نوێنەری چەندین حیزب و لایەنی سیاسی و مەدەنی، خۆپیشاندانەکە لە ژێر ئاڵای کوردستان و بە دروشمی جۆراوجۆری نەتەوەیی نیشتمانی بەڕێوە چوو.