کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانی مۆرەکانی رێژیم دژی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی ئێران بەردەوامە

22:14 - 28 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ رۆژ لە رووداوی مەهاباد و سەرهەڵدانی خۆڕسکی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و بە تایبەت مەهاباد، بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو ناڕەزایەتییانە دەخەنە ئەستۆی حیزبە کوردستانییەکان.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان لەهەمبەر مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، لە رێگای مۆرە و دەست و پێوەندییەکانییەوە لە هەوڵی بە حیزبی کردنی سەرهەڵدانەکانی خەڵکی کوردستان دایە.

لە دوایین لێدوانی مۆرەیەکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەناوی \'\'محەممەد کەرەمی‌راد\'\' نوێنەری پێشووتری مەجلیس و ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانینگەی کرماشان، حیزبی دێموکرات وەکوو \'\'هاندەری سەرهەڵدانەکانی مەهاباد و شارەکانی کوردستان\'\' تاوانبار کراوە.

ئەو دەست و پێوەندییەی رێژیم کە هاوکات سکرتێری \'\'حزب مٶتلفەی اسلامی\'\'ی کرماشانە، رێبەرانی حیزبی دێموکرات بە \'\'هاندەر\'\'ی ئەو ناڕەزایەتییانە تاوانبار کردووە.

ناوبراو وتوویەتی: رێبەرانی حیزبی دێموکراتی لەم ناوچانەدا \'\'سم پاشی\'\' دەکەن و بۆ بیانوویەک لەمەڕ نائارام کردنی ناوچەکە دەگەڕێن.

پێشتریش هەر لەو پێوەندییەدا جێگری کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتیی پارێزگاری ئورمیە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی وەکوو هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد لە قەڵام دابوو و وتبووی ئەو حیزبانە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد هیدایەت دەکەن.

ئەمە لە کاتێک دایە کە مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ (Deutsche Welle) دەستێوەردانی حیزبی دێموکراتی رەت کردبووەوە و رایگەیاندبوو: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ رۆڵێکی لە ناڕەزایەتییەکان مەهاباددا نەبووە و دەستێوەردانی نەکردووە.

هیجری وتبووی: ئەو رووداوانە بەهۆی دەسدرێژی بە مافی خەڵک دێنە ئاراوە، نەک بەهۆی هەڵخراندن و دەستێوەردانی حیزبە سیاسییەکان و دروشمەکانی خەڵکیش لەو سەرهەڵدانەدا دەرخەری ئەو راستییەن.

کاوە جەوانمەرد ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا به ماڵپەڕی \'\'باس نیووز\'\'ی راگەیاندبوو: \'\'رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی ئاوەڵا هێشتنەوە دەستی خۆی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، هەوڵ دەدات، ناڕەزایەتییەکان پەیوەست بە حیزبەکانی کوردستان و دەرەوەی ئێران نیشان بدات.