کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ ناڕەزایەتی کوردەکان بە سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران و مەرگی فەریناز بەردەوامە

16:12 - 29 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: بە مەبەستی مەحکووم کردنی پیلانی بەکرێگیراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی فەریناز خوسرەوانی و مەحکووم کردنی سەرکوتی بێ بەزەییانەی راپەڕینی خەڵکی شاری مەهاباد و پشتیوانی لە بەرخودانی خەڵکی کورستانی رۆژهەڵات، خۆپیشاندانێک لە شاری یوتوبوری وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ی دوانیوەرۆ بە دەست پێشخەری ئەنجومەنی کۆمەڵە کوردییەکان لە رۆژئاوای یوتەلاند و پشتیوانی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە شاری یوتوبوری خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کوردانی هەر چواربەشی کوردستان بەشدار بوون و خۆپێشاندەران یەک دەنگ و یەک گرتووانە درۆشمیان دەدا و جەنایەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە کوردستانی رۆژهەڵات مەحکووم کرد.

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا دوو پەیام بە زمانەکانی کوردی و سویدی خوێندرانەوە.

لە پەیامەکاندا وێڕای ئیدانەکردنی هەڵسوکەوت و کردەوەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەربڕینی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات، تیشک خرابوویە سەر ئەو هاوخەمی و هاودەنگییەی کە لەنێوان کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان لە هەمبەر چارەنووسی نەتەوەی کورد هاتووەتە ئاراوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکاندا ئاماژە بە هەڵوێستی بوێەرانە و قارەمانانەی خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی و یەکگرتویی نەتەوەی کورد کرابوو.