کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری و نەداری لە ئێران سەرەڕای بەڵێنیی دەسەڵاتداران، پەرەی سەندووە

17:45 - 29 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: سەرەڕای بەڵێنیی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران بۆ بنبڕکردنی هەژاری لە ئێران، ئەو دیاردەیە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، لە دەستپێکی هاتنە سەر کاری خومەینی بەڵێنی چارەسەر کردنی هەژاری لە ئێران دراوە و هەنووکە بەرپرسانی ئەم وڵاتە ماوەی ٣٥ ساڵە ئیدیعای چارەسەرکردنی قەیرانی هەژاری و بێکاری دەکەن، بەڵام هەتا ئێستاش ئەو قەیرانە هەنگاوی کردەیەیی بۆ هەڵنەگیراوە و بەڵێنەکانیش بەردەوام دووپات دەکەنەوە و بە گوێی خەڵکدا دەخوێنن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ئێران زیاتر لە ١٥ میلیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

بەپێی ئەو ئامارە لە سەدا ٢٠ی خەڵکی ئەم وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاری دان.

ئەو ئامارە لەگەڵ ئامار و داتای رێکخراوە حوقووقییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران یەک ناگرێتەوە و رێژەی ئامارەکانیش زۆر لەو رێژەیە زێدەترە.

بەپێی ئامارەکان تەنیا رێژەی بێکاری لە ئێران زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەس راگەیەنراوە.

بە وتەی بەرپرسانی رێژیم، لانیکەم لەسەدا ٣٥ی حەشیمەتی وڵاتی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا بە سەر دەبەن.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی جیهانیی پەرەسەندنی مرۆیی، وڵاتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی جیهان پلەی ٧٥ی هەیە.

لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: یەک لەسەر چواری حەشیمەتی ٧٧ میلیۆن کەسیی ئێران لە پەراوێزی شارەکان و لە خێوەت و شوێنە ناتەندورستەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.

کارناسان سەرەکیترین هۆکاری پەرەسەندنی هەژاریی لە ئێران دەگەڕێنەوە بۆ یارمەتییە میلیۆن دولارییەکانی ئێران بە رێژیمی بەشار ئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حووسییەکان و ژمارەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق.