کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعاتی ئورمیە ٥ لاوی کوردی دەستبەسەر کرد

18:05 - 29 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ٥ لاوی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆڕتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە لیباس شەخسییەکان لە شاری ئورمیە، ٥ لاوی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە.

ناوی دەستبەسەرکراوەکان کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووتەوە بریتین لە دیاکۆ عەزیزی، ئاکام عەبدوڵڵاهی، بەهمەن هاشم‌پوور، بێهزاد ئارموون، ئاوات ئەمینی.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا رایگەیاندوو: گیراوەکان لە نێو شاری ئورمیە و گوندی دزەی مەرگەوەڕ دەستبەسەر کراون.

نزیکانی گیراوەکان وتوویانە: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، لاوانی دەستبەسەرکراویان بە \'\'چالاکیی سیاسی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆن\'\'ی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کردووە.

لە دوای رووداوەکانی مەهاباد و سەردەشت، دۆخی شار و شاروچکەکانی کوردستان گۆڕانی ئەمنیەتیی بەسەر هاتووە و شەپۆلێکی دەستبەسەر کردن گیراوەتە بەر.

لەم پێوەندییەدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەبارەت بە شەپۆلی دەستبەسەرکران و زیندانی کردنی رۆڵەکانی كورد لە كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێدا وێڕای مەحكووم‌كردنی ئەو رەوتە تازەیە لە گرتن و زیندانی‌كردن، دڵنیایە كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە بەرانبەر چارەنووسی رۆڵە فیداكارەكانیان بێ‌تەفاوت نامێننەوە و بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕ نابن.

لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە هەموو رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان و رێكخراوە مەدەنییەكان ‌و چالاكانی مافی مرۆڤ دەكا كە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ چارەنووسی زیندانییەكاندا بەرز كەنەوە و بەدانی زانیاری زیاتر لەسەر ژمارەی گیراوەكان ‌و رەفتاری هێزە سەركوتكەرەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەندكراوان، یارمەتیدەر بن لە گەیاندنی رەفتاری زاڵمانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە نەتەوەی كورد ‌و رۆڵەكانی ئە‌و نەتەوەیە بە كۆڕ ‌و كۆمەڵە نێونەتەوەیی‌یەكان.