کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران ٢٢٠ هەزار زیندانی بوونی هەیە

21:21 - 29 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: هەنووکە لە ئێراندا زیاتر لە ٢٢٠ هەزار زیندانی بوونی هەیە کە ئەو رێژەیە دوو هێندەی قەبارەی زیندانەکانی ئەو وڵاتە راگەیەنراوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەهۆی زیاتربوونی رێژەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان، بەرتەسک کردنەوە و قۆرخ کردنی ئازادییە سیاسی و فەرهەنگییەکان و نەبوونی ئازادیی رادەربڕین بەهۆی سیاسەتە سیستماتیکەکانی رێژیمی ئیسلامی لە ئێران، ژمارەی زیندانییان لە رێژەی قەبارەی گشتیی زیندانییان دوو هێند زێدەتر راگەیەنراوە.

بەرپرسێکی رێکخراوی زیندانەکانی ئێران وێڕای ئاماژە بە قەبارەی زیندانەکانی ئێران ئەو ئامارەی بڵاو کردووە و وتوویەتی: لەسەدا ٧٣ی زیندانییان ئێران تووشی ماددە هۆشبەرەکان بوون.

لە ئامارێکی دیکەدا باس لە رێژەی ژنانی زیندانی لە ئێران کراوە و تێیدا هاتووە کە ئاماری ئەو ژنانە کە بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەسگیر کراون بە بەراورد لەگەڵ پیاوان زیاترە.

وڵاتی ئێران یەکێک لە ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهان لە بارەی زیادبوونی رێژەی زیندانییەکان بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتەکەی دایە.