کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حێزبی دێموکرات لە شاری شنۆ

16:10 - 30 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: خالید حەسەنی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، خالید حەسەنی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خالید حەسەنی لەسەرەتای شۆڕشێ گەلانی ئێرانەوە بۆ ماوەی ٢ ساڵ پێشمەرگە بووە و پاشان وەک ئەندامێکی چالاک ئەرکە حیزبییەکانی لە نێوخۆی وڵات جێبەجێ دەکرد.

10856.jpg
خالید حەسەنی

شەهید خالید کەسێکی بە وەفا و هاوکار و پشتیوانی هەمیشەیی کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شنۆ بووە و هەر بەو هۆیەشەوە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی کۆمیتەوە رێزی لێ گیراوە.

خالید حەسەنی لەنێو شاری شنۆ و گوندەکەی خۆی واتە ئاڵیاوێ وەکوو کەسێکی وەفادار بە رێبازی حیزب و جێگای متمانەی خەڵک ناوبانگی دەرکردبوو.

تەرمی ناوبراو هەمان رۆژ لەنێو ئاپۆرای خەڵکی شنۆ و دەوروبەری لە گۆڕستانی گوندی ئاڵیاوێ ئەسپردەی خاک کرا.

هەروەها برایەکی دیکەی کاک خالید بە ناوی نادر لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوییەوە پەیوەست بە ریزەکانی پێشمەرگەوە بووە و هەتا ئێستاش لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا چالاکی دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس‌وکاری کاک خالید حەسەنی دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.