کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی بەلووچ لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی رێژیمدا گیانی لە دەست دا

16:26 - 30 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: لاوێکی دەستبەسەرکراوی بەلووچ لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان بە هۆی ئاسەواری ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، عەبدولواحید گمشادزهی تەمەن ١٩ ساڵ و کوڕی میرمحەممەد بە هۆی ئاسەواری ئەشکەنجەی مەئموورانی ئەمنیەتی و رێگرییەکانی لە چارەسەریی پزیشکی گیانی لە دەست دا.

لەو بارەوە چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، مەرگی ئەو لاوە بەلووچە بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و تێکچوونی بارودۆخی جەستەیی بووە.

عەبدولواحید گمشادزهی دوو ساڵ لەمەوبەر لە شارستانی سەراوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و لە گرتنگەکاندا بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پزیشکەکان چەندین جار سەبارەت بە دۆخی جەستەیی ئەو لاوە بەلووچە هوشدارییان بە بەرپرسانی زیندانی زاهیدان دابوو.

ئەو ئاگادار کردنەوانە لە حالێکدا بووە کە لێپرسراوانی زیندانی زاهیدان رێگرییان لە ناردنی عەبدولواحید بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کردووە.