کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشار ئەسەد پشتیوانییەکانی ئێران لە رێژیمەکەی ناشارێتەوە

00:05 - 31 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: سەرکۆماری سووریە باسی لە رۆڵ و گرینگیی رێژیمی ئێران لە پشتیوانیی سووریە و سەرکوتی دژبەرانی ئەو وڵاتە بە گرینگ لە قەڵەم دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە رادیۆ فەڕانسە، لە دانیشتنێکی نێوان بەشار ئەسەد سەرکۆماری رێژیمی سووریە و لێپرسراوێکی رێژیمی ئێران، پاڵپشتییەکانی ئێران لە رێژیمی بەعسی سووریە و سەرکوت خەڵکی ئەو وڵاتە بە گرینگ وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتەکان هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامی لە قاڵبی گرووپگەلێک وەک گردان فاطمیون، یان لە ژێر ناوی بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری لە رێژیمی بەشار ئەسەد و سەرکوتی ناڕازییانی ئەو وڵاتە ئامادە دەبن.

ململانێی رێژیمی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەکەوە و یارمەتیی نیزامیی ئێران بە حیزبوڵڵای لوبنان و دژبەرانی چەکداری فەلەستینی لەلایەکی دیکەوە، هۆکارگەلێکن کە وایان کردووە کە سووریە لەباری ستراتیژیی ناوچەکەوە بۆ ئێران گرینگیی هەبێت.

رێژیمی ئێران لە پێناو سەقامگیر کردنی سووریە کەلە بواری ستراتیژیکییەوە بۆ ئەو رێژیمە گرینگە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لە رێژیمی بەشار ئەسەد پشتیوانیی کردووە و بەرپرسانی رێژیمی تاران چەند جار سووریەیان وەک هێڵی سووری ئێران ناوبردووە.

زۆربەی کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەدان کە رووخانی بەشار ئەسەد دەتوانێت پێشەکییەک بۆ رووخانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بێت.

پێشتریش عەبدوحەلیم خودام، جێگری پێشووی سەرکۆماری سووریە کە ئێستا یەکێک لە دژبەرانی بەشار ئەسەدە، رایگەیاندبوو کە رێژیمی ئێران بۆ سەقامگیر کردنی بەشار ئەسەد، داعشی بۆ سووریە هێناوە.

خودام لە قسەکانیدا جەختی کردبووەوە کە رووخانی بەشار ئەسەد لە سووریە، بەستێنی لاوازیی رێژیمی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا پێک دێنێت، هەر بەم هۆیەوە رێژیمی ئێران بە توندی لە هەوڵ دایە.بۆ مانەوەی رێژیمی ئەسەد.

بەشداری کردنی بەرچاوی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانیی هەمەلایەنەی رێژیمی ئێران لە بەشار ئەسەد و دابینکردنی چەکوچوڵ و بەشداری کردن لە سەرکوتی دژبەرانی و کوشتنی بێ بەزیی‌یانە، بووەتە هۆی ئەوەی ئوپۆزیسیۆنی سووریە رابگەیەنێت کە رێژیمی بەشار ئەسەد رووخاوە و ئێستا سپای پاسداران لە سووریە بە دەسەڵاتداری گەیشتووە\'\'.
کارناسانی پرسە سیاسییەکان لەو باوەڕە دان کە رێژیمی ئێران لە سەرەکیترین پشتیوانانی گرووپە تێرۆریستییەکان لە جیهان و بەتایبەت ناوچەکە دایە و هەروەها لە سەرەکی‌ترین پیشێلکارانی مافی مرۆڤە، بەڵام بە هۆی دانوستانە ناوکییەکانەوە ئەو پێشێلکارییانە و رۆڵی ناسەقامگیریی ئەم رێژیمە لە ناوچە، لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە چاوپۆشیی لێ دەکرێ.