کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە ئینتزامییەکان، کۆڵبەرێکی کردە قوربانی

16:39 - 31 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا:کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی بەخشی نەڵۆس سەربە شاری شنۆ لە ئەنجامی راوەدوونانی کاروانی کۆڵبەران و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیم, لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە، گیانی لە دەست‌ دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی سەربە شاری شنۆ، تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر و کاسبکار کرد و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی قادر شەبڕۆ گیانی لە دەست‌ دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی بێکاری و نەبوونی بژیویی ژیان رووی لە کۆڵبەری کردبوو و رۆژی سێ‌شەممە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان، بەر بووەتەوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.

هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە ناوچە سنوورییەکان بە تەقەی راستەوخۆ لە کاروانی کۆلبەران، راوەدوونان، ساڵانە چەندین هاووڵاتیی کورد دەکەنە قوربانی.

کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و کوردستانی عێراق، ساڵانێکە بووەتە کارێکی باو و هەروەها رێگایەک بۆ بەدەست هێنانی بژیویی ژیان و لەم پێناوەشدا زورێک لە کوڵبەران بوونەتە قوربانی و ئەم دیاردەیە ئیجبارییە هەر بەردەوامە.

نەبوونی کارخانە، کارگە، هەلی کار و سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی داهات، بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی خۆش‌بژیویی خەڵکی ناوچە و خەڵک بەناچاری روویان لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان کردووە.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ٧٩ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکاندا کراونەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم کەلە ئەنجامدا ٣٧ کۆڵبەر کوژراون و ٤٢ی دیکەش بەتوندی بریندار بوون.