کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ کرانە ئامانجی هێرشی گەریلاکانی پ‌ک‌ک + تەکمیلی

17:04 - 3 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

هەتا دەمێکی دیکە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ حوزووری پێشمەرگەکانی حیزب و ئەو گرفتانە کەلە سنوورەکانی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.

بەرپرسێکی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان، هەواڵی شەهیدبوونی یەک پێشمەرگە و بریندابوونی پێشمەرگەیەکی دیکەی حیزبی راگەیاندووە.
ماوەی زیاتر لە سێ حەفتەیە ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی چالاکیی حیزبی لە نێوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوور جێگیر بوون.
پاش حوزووری ئەو هێزەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە گەمارۆ دران و دوای هەوڵێکی چڕ و بەردەوامی حیزبی دێموکراتی لەمەڕ چارەسەریی ئەو گرفتە و پێشگیری لەهەر چەشنە بارگرژییەک، خستە گەڕ.
لەلایەکی دیکەشەوە بەشێکی زۆر حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، پشتگیریی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگەیاندبوو.

ژمارەیەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵات لەو بڕوایە دابوون کە خاکی کوردستان موڵکی هیچ حیزبێک نییە و حیزبی دێموکرات و هەر حیزبێکی دیکە ئەگەر بیهەوێ دەتوانێ لە خاک و وڵاتی خۆیدا چالاکی بکات.

محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری هەولێر بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: لە هێرشەکەی ئەمڕۆی پەکەکە بۆسەر حیزبی دێموکرات ژمارەیەک لە هەر دوو لا کوژراون و بریندار بوون.

بەرپرسی پێوەندییەکان حیزب وتیشی: ئێمە هەوڵمان دا لە رێی دانووستانەوە ئەو بارگرژییە چارەسەر بکەین، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی پەکەکە، پێشمەرگەکانی حیزب بە ناچاری و بۆ بەرگری لە خۆیان، دەستیان کردەوە.

لە کاتژمێر دووی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆوە دو هێلی‌کۆپتەری سپای پاسداران لە پادگانەکانی شنۆوە، هێزەکانیان رەوانەی ناوچەی کێلەشین دەکەن و پاش دابەزاندن، دەگەڕێنەوە.

ئەم هێزانە لە هێزی خۆجێیی سپای پاسداران و دەست و پێوەندییەکانی ئەو سپایە، پێکهاتوون.
ئەم هەواڵە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە...