کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراوی کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حدکا لەبارەی شەهیدبوونی قادر کەریمی

06:01 - 4 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی حیزب بە دەستی هێزەکانی پەکەکە، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
رێکخراوە سیاسی و جەماوەرییەکان
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ئاگاداری هەموو لایەک رادەگەیەنین کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە مەئمووریەتێکی حیزبی بەرەو ناوچەی شنۆ دەچوون، لەلایەن چەکدارانی \'\'پ.ک.ک\'\'ـەوە هەڕەشەیان لێ کرا‌کە نابێ‌بەرەو کوردستانی رۆژهەڵات بچن و نابێ‌لەو ناوچەیە بمێنەوە، بە پاساوی ئەوەی کە گوایا ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان دایە و کەس بۆی نییە لەوێ‌بێ‌. پاش ئەم هەڕەشەیە پێشمەرگەکانی حیزب بەرپرسانی سەرەوەی خۆیان لەم وەزعیەتە ئاگادار کردەوە، دەست بەجێ‌بەرپرسانی حیزبیش بۆ ئەوەی روداوێک روو نەدا لە رێگای جواروجۆرەوە پێوەندییان بە بەرپرسانی PKK وە گرت، کە کێشەیەکی لەم جۆرە لەلایەن چەکدارانی ئەوانەوە هاتووەتە پێش و داوای چارەسەرییان لە رێگای وتوێژەوە لێی دەکرێ. بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی pkk وەڵامی ئەرێنیان بەم داوایە نەدایەوە، و ئەوانیش بە زمانی هەڕەشە وەڵامی ئەم داواکارییە بەرپرسانەیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دایەوە.

لە ئاکامی ئەم سیاسەتە هەڵەیەدا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣/٣/١٣٩٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤/٥/٢٠١٥ی زایینی چەکدارانی pkk هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکانی حیزب لە بناری چیای شاکێو لە ناوچەی برادۆست و لە ئاکامی ئەم هێرشە دوژمنکارانەیەدا کە بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لە ژێر فەرمانی فەرماندەکانی سپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوەچوو، کادرێکی بەوەجی حیزب بە ناوی هاوڕێ \'\'قادر کەریمی\'\' شەهید و ٣ پێشمەرگەش بریندار دەبن.

هاوڕێ‌قادر کەریمی کوڕی محەممەد لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە شاری نەغدە لە دایک بوو و هتا پلەی دیپلوم دەرسی خوێندوە و لە ساڵەکانی ١٣٧٦ هەتا ساڵی ١٣٨١ وەک ئەندامی نهێنیی حیزب ئازایانە تێکۆشانی بووە و لەو ساڵەوە دەکەوێتە ژێر گوشار و چاودێریی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و پەیوەست بە رێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەبێ.

شەهید قادر، کورێکی ئاگا و وشیار و بە نەزم بوو و ئامادەیی ئەنجامدانی هەر مەئمووریەتێکی حیزبیی هەبوو چ ئەوکات وەک ئەندامی نهێنی لە ناوخۆی وڵات کاری دەکرد و چ کاتێ بوونی بە پێشمەرگە.

پێویست بە وتنە لە کاتێکدا کە چەکدارانی pkk زۆر دڕندانە هێرشیان بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزب دەست پێ کردبوو، پێشمەرگەکانی حیزب، ٢ چەکداری ئەوانیان بە دیل گرتبوو کە هەر لەوێ‌بە چەک و رەختەکانیانەوە ئازاد کران.

کومسیونی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ دەربڕینی ئەوپەڕی داخ و کەسەری خۆی بۆ شەهیدبوونی هاوڕێ‌\'\'قادر کەریمی\'\'، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێ‌و لە هەمان کاتدا هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی ئەو شەڕفرۆشییەی چەکدارانی pkk دەخوازێ کە ناکرێ‌ئەم کردەوەی pkkبێجگە لە کردەوەیەکی تاوانبارانە کە خزمەت بە دوژمنانی گەل و نیشتمان دەکا، هیچ ناوێکی دیکەی لەسەر دابنرێ.

رۆحی شەهید قادر کەریمی شاد و رێگای وەدیهێنانی ئاواتەکانی پڕ رێبوار بێ‌

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومسیونی سیاسیی نیزامی
٣/٣/١٣٩٤
٢٤/٥/٢٠١٥