کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەکەکە لە \"شەڕ بۆ چوارپارچەی کوردستانەوە\" تا \"شەڕ لەگەڵ چوار پارچەی کوردستان\"

16:33 - 4 جۆزەردان 2715

رێباز کوردۆ - ماستەری سیاسەتی نێودەوڵەتی

پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراو بە پەکەکە لە بارودۆخێکدا لە باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزرا کە ئەو کات لە چەند کەس زیاتر نەبوون و لە دوای داڕشتنی ستراتیژیی خەبات و دیاری کردنی شێوازەکانی خەبات بوون لە ساڵی ٤ ــ ١٩٩٣وە پەکەکە خەباتی چەکداریی دەست پێکرد چەند ساڵ پێشووتری لە تورکیا کوودتا کرابوو و کەمالیستەکان دەسەڵاتیان قۆرخ کردبوو و بە هەموو جۆرێک تێدەکۆشان ناسنامەی کورد لەو وڵاتە بسڕنەوە.

لەولاوە خەباتی پەکەکە دوو قۆناخ لە خۆ دەگرێ:
یەکەم هەڵبژاردنی دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی گەورە و لێک گرێ دانی خەباتی چوارپارچەی کوردستان بە خەباتی چەکداریی پەکەکە و دواجار راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی تا ساڵی ١٩٩٨ واتە ساڵی دەسگیرکرانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە کنیا ئەو پارتە لە دۆڵی بیقاعی لوبنان چەکدارەکانی را دەهێنان و بەشی سیاسیشی لە دیمەشق و میوانی حافز ئەسەد بوون ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ سڕینەوەی شوناسی کوردانی خۆرئاوا لە لایەن حافز ئەسەد و پارتی بەعسی سووریا بەڵام ئاپۆ دۆستایەتیی سووریای دژە کوردی هەڵبژارد بەو هۆیە کە سووریا لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ئاو کێشەیان هەیە واتە ئاوی فورات چۆن تورکیا تاو نا تاوێک ئاوەکەی لە سووریا دەبەستەوە وەک کارتی گوشار سووریاش پەکەکەی وەک کارتێک لە بەرانبەر ئەو کارەی تورکیا بەکار دێنا.

لە پاش ئەوەی کە تورکیا هەڕەشەی هێرشی کردە سەر سووریا کە ئاپۆ وەدەر نێ ئاپۆ بەرەو ئیتالیا و رووسیا رۆیشت، بەڵام هیچ کام لەو وڵاتانە نەیانویست پەنابەریی پێ بدەن پاشان رووی کردە یۆنان و تورکیا لە رێگای سیا و مووسادەوە گوشاری خستە سەر یۆنان بەرەو کنیا روویی و لەوێ دەسگیر کرا. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە بە هۆی کردەوە تیۆریستییەکانی پەکەکە هیچ وڵاتێکی ئورووپایی تەنانەت دۆستەکانی کوردیش وەک سوێد و فەڕانسا ئامادە نەبوون پەنابەریی بە ئۆجالان بدەن چونکە ئەو کات بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە راگرتنی ئۆجالان زەبرێک دەبوو لە مێژووی چەند سەد ساڵەی دێموکراسی ئورووپییەکان.

لە پاش گیرانی ئۆجالان پەکەکە ستراتیژیی خۆی گۆڕی و وازی لە دەوڵەتی سەربەخۆیی هێنا و ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیکی راگەیاند. پەژیوان بوونەوە لە دروشمی دەوڵەتی کوردی خۆی لە خۆیدا کاڵ فامی سەرکردە باڵاکانی پەکەکەی دەردەخست کە دروشمی قەبەدایان هەڵگرتبوو و تازە بەوە گەیشتن ئەو کارە بە وان ناکرێ لە بیرمان بێ پەکەکە کاتی خۆ هەموو ئەو پارتانەی کەلە چوارپارچە دروشمی ئۆتۆنۆمیان هەڵگرتبوو بە جاش و خاین ناوی لێ دەبردن و دەیگوت باکوور، باشوور، رۆژهەڵات یەک وڵات و یەک خەبات بەڵام زۆری نەکێشا کە نا سیاسی بوونی سەرکردەکانی پەکە دەرکەوت و وازیان لەو دروشمە هێنا کە بۆیان نەدەلوا. سەرەتا ئاگربڕی راگەیاند لێڕەڕا بەو لاوە ستراتیژیی پەکەکە ئەوە بوو کە ئاگربڕ رابگەێنێ و ماوەیەک پاشی بیشگێنی و هێرش بکاتە ەر دەوڵەتی تورکیا.

تا ساڵی ٢٠٠٤ ئەو کارەی پەکەکە بەردەوام بوو پاش ئەوەی کە داد و گەشە هاتە سەرکار و کۆمەڵێک چاکسازیی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە تورکیا کرد و تورکیای بووژاندەوە ئەو پرۆسەیە کوردانیشی گرتەوە و کرانەوە بە رووی کورد دەستی پێکرد.

لەو قۆناغەدا پەکەکە وتووێژی هاوکات لەگەڵ ئاگربڕ و هێرش کردن گرتەبەر و بەردەوام بە قسەی توێژەرانی بواری تورکیا کە بیانین و بە باوەڕی ئەو قەڵەمە ئەو پەکەکەیە کە ناهێڵێ پرۆسەی ئاشتی چارەسەر بکرێ و کوردان لەو پارچەیە واتە باکوور بە مافەکانین رابگەن هەر کاتێک تورکیا ویستوویتی لەگەڵ کوردان بگەنە ئەنجامێکی باش پەکەکە هێرشی کردووە یان فێڵێکی کردووە و پرۆسەکەی راگرتووە.

لە سەربەخۆیی ڕا بۆ مافی شارۆمەندیی تاک
پەکەکە کە دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی هەڵگرتبوو و کەسی بە شیاوی ئەوە نەدەزانی جگە لە خۆی باسی ئەو کارە بکا، یان بۆی تێبکۆشی زۆر زوو لە هەموو پارچەکان هێزی وەرگرت لە هێزەکانی باشوور و رۆژهەڵات کە دەچوون بۆ نێو پەکەکە زمانی سۆرانی قەدەغە کرد و کورمانجی بوو بە زمانی سەرەکیی ئەو پارتە، باس کردن لە سەرکرەکانی وەکوو پێشەوا و بارزانی و قاسملوویان بە تاوان دەزانی و سزاکەی دەرکردن بوو و هەموویان بە جاش لە قەڵەم دەدان.

پاش گیرانی ئۆجالان کە دروشمی سەربەخۆییان لابرد هاتە سەر ئۆتۆنۆمی دێموکراتیک، دیارە هەڵگرتنی ئەو دروشمەش وەک سەربەخۆیی بە پەلە و بە کاڵفامییەوە هەڵگیرا بە بێ ئەوەی کە باری جوگرافیی تورکیا و رەوشی سیاسی و ئابووریی تورکیا و کوردستانی باکوور لێک بدەنەوە بە پەلە ئەو دروشمەیان دانا، زۆری نەکێشا کە وازیان لە ئۆتۆنۆمی هێنا و لە ٢٠٠٤ بەو لاوە دروشمی شارۆمەندی دێموکراتیکیان هەڵبژراد.

کەم کردنەوەی خواستە نەتەوەیی‌یەکان لە نێو پەکەکەدا لە کاتی دامەزراندن تا ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ پەرەی سەندووە. ئەوان تەنانەت هیچ کات سروودی \'\'ئەی رەقیب\'\' و ئاڵای کوردستانیشیان قەبووڵ نەکرد. سەیر ئەوەیە ئەو پارتە کە بە دروشم مافی نەتەوەیی ناوێ و شارۆمەندیی دەوێ هەر وا لە چوار پارچەی کوردستان هێز وەردەگرێ و گریلاکانی بەوە فریو داوە کە گۆیا رۆژێک لە رۆژان کە عیسا هاتەوە خوارێ دەوڵەتی کوردیتان بۆ دادەمەزرێنین.

شەڕ فرۆشتن بە پارچەکانی کوردستان
باشووری کوردستان

گوتمان سەرەتا پەکەکە خۆی بە رزگاردەری کوردان ناساند و دروشمی سەربەخۆیی هەڵگرت و هێزی لە چوار پارچە وەرگرت هەر بۆیە زوو بیریان کردەوە دەبێ بۆ پارچەکانی دیکەش پارتێکی هاوشێوەی پەکەکە کەلە ژێر نفووزی پەکەکە و لقێکی پەکەکە بێ دامەزرێنن لە باشووری کوردستان پەچەدەکەیان دامەزراند ئەو پارتە کە چالاکییەکانی ئازاد بوون بە روونی لە دژی پارتەکانی باشوور چالاکیی کرد بە جاشی لە قەڵەم دەدان و جەماعەتی لێ تیژ دەکردن شەڕی براکوژی لە نێو جەماوەرکانیان دا دەورووژاند، پەچەدەکە کە میوانی باشوورییەکان بوو داوای بەشەماڵیشی دەکرد و مافی دەنگ و کورسی و دەسەڵاتیشی کرد دەستوەردانی پەکەکە تا ئەو ئاستە گەیشت کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناچاربوون ئەو پارتە نایاسایی رابگەیەنن و نووسینگەکەی داخەن. بە داخستنی پەچەدەکە پەتای ئاپۆچێتی لە باشوور نەبڕاوە، بەڵکوو پەکەکە بۆ خۆی کەوتە جموجۆڵ و بە کردەوە ئاژاوەی دەگێڕا و پیلانی بۆ هەرێم دادەڕشت.

کاری پەکەکە تەنیا سیاسی نەبوو لە باشوور بەڵکوو براکوژیشی کرد لەو پارچەیە لە بیرمانە لە ساڵەکانی ٥-٩٢ ی زایینی پەکەکە شەڕی بە پارتی فرۆشت و براکوژیی دەست پێکرد و پێشمەرگەیەکی زۆری لە پارتی شەهید کرد و تەنانەت هەڕەشەی هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستانیشی دەکرد.

قۆناغی نوێی دەستوەردانی پەکەکە لە باشوور
پاش ئەوەی داعش سەری هەڵ دا و رووی کردە هەرێم، پەکەکە رایگەشاند وەک کورد لە پاڵ پێشمەرگە بەشەڕ دێ و کوردستان خاکی هەموومانە و رێگە بە تیۆریستان نادەین هەڕەشەی خاکەمان بکەن ئەوان سەرەتا لە پاش ئەوەی کە پێشمەرگە لە شنگال هەڵاتن دەرفەتیان قۆزتەوە و لەگەڵ یەپەگە چوونە نێو ئەو شارە بە بێ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان رێگەی پێ دابن، یان داوای یارمەتی لێ کردبن چوونە نێو شارەکە لە پاش شەڕێکی زۆر لە پاڵ پێشمەرگە و نەمانی مەترسیی داعش پەکەکە بە نیاز نەبوو لە شنگال بڕواتە دەر و ئێستاش بە تەما نییە ئەوان گوتیان بۆخۆمان ئازادمان کردووە هی ئێمەیە ناهێڵین بچێتەوە سەر هەرێم و کانتۆنی بۆ دادەنێین.

لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە پەکەکە میوانە، داوای خاک دەکا و تەنانەت نزیک بوو شەڕ بە پێشمەرگە بفرۆشی و براکوژی ساز بکا لە پاش ناڕەزایەتیی خەڵکی شنگال و دەربڕینی بێزاری لەو بیرۆکە چەپەڵەی پەکەکە و گوشاری سەرۆکی هەرێم و حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی پەکەکە بڕوا لە شنگال، ئەوان گوتیان شنگال نابێ بچێتە سەر هەرێم دەبێ سەربەخۆ بێ ، یان کانتۆن بێ، یان سەربە بەغدا بێ کە زانیان خەڵکی شنگاڵ بێزارن لێیان ئەو جار کاڵکان کە کورد نییە و ئازەریی کۆماری ئازەربایجانە و سەرکردەیەکی باڵای پەکەکەیە وای دەنواند ئەوی ئازەری لە مەسعوود بارزانی بۆ خەڵکی هەرێم دڵسۆزترە بۆیە داوای کرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕووخێ و نەمێنێ.

بێ گومان ئەگەر هەرێمی کوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی نەبوایە و پێشمەرگەی بە هێزی نەبوایە پەکەکە لە مێژ بوو هێرشی کردبوو و خەڵکی هەرێمی قەڵت و بڕ دەکرد.

رۆژهەڵاتی کوردستان
لە پاش ئەوەی کە پارتەکانی رۆژهەڵات روویان لە ئەو دیوی سنوورەکانی باشوور کرد و خەباتی چەکداری نەما پەکەکە دەرفەتی قۆزتەوە، سەرەتا هات قەندیل کە پەناگەی دێموکرات بوو گرتی و بە تەنیا حوکمی تێدا دەکرد پاشان بەوە نەوەستا و پارتی مەجعولی پەژاکی بۆ دانا و هێزی بۆ وەرگرت و بە توندی پاگندەی دەکرد دێموکڕات و کۆمەڵە جاش و خایینن و دەبێ روو بکەینە رێبەر ئاپۆ رزگاردەری کوردان.

پەکەکە لە سەرەتای سازکزدنی پەژاک هەوڵی داوە زمانی سۆرانی کە زمانی زۆربەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە ئەردەڵانی و موکریانییەوە بیسڕێتەوە و بیکاتە کورمانجی ئەندامانی سەرەتا دەبێ سوورانی وە لانێن و بە کورمانجی قسە بکەن.

پەکەکە و پەژاک لە ساڵی ١٣٧٦وە کە پەژاک دامەزرا جگە لە رووتکردنەوەی کۆڵبەری بەدبەختی کورد لەسەر سنوورەکان کە بە پشت نانی شەوی خێزانی دێنێتەوە و کوشتنی سەربازانی بەدبەختی کورد و ئێرانی چی دیکەی نەکردووە.

پەکەکە لە رێگای پەژاکەوە هەوڵی داوە خەڵکی رۆژهەڵات واز لە پارتەکانی خۆیان بێنن و بچنە ریزی پەکەکە و بۆ خەباتی باکوور تێبکۆشن، بەڵام باسی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکەن. لە ١٣٧٩وە ژمارەی ئەو رۆژهەڵاتییانەی بۆ خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون ناگەنە ژماری قامکی دەستەکانیش، بەڵام بە سەدان لە تورکیا کوژراون کە خەڵکی مەهاباد، سنە، مەریوان و ... بوونە.

پەکەکە لە سەرەتای دەوڵەتی ئیسلاح تەلەبان لەگەڵ ئێران رێککەوت و بوو بە پیاوی ئێران و سنوورپارێزی ئێران سنوورەکانی بۆ راگرت و نەیهێشت هیچ پێشمەرگەیەکی دێموکرات و کۆمەڵە بێنەوە رۆژهەڵات تەنانەت چەند جاران ئەو کەسانەی کە بە نیاز بوون بچنە ریزەکانی دێموکڕات رفاندنی لە قەندیل و بە زۆر تێکەڵی خۆیان کردن.

سەرشۆڕترین رووداو کوشتنی ٩ کەس لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی شۆرشگێڕان بوو کە هەموی رادەستی ئێران کردنەوە.

پەکەکە ئێستاکە داردەستی ئێرانە و لە قەندیل لە دژی هەرێمی کوردستان و لە دژی تورکیا و لە دژی کوردی رۆژهەڵات و لە دژی رۆژئاوا تێدەکۆشێ.

لەو ماوەیەدا بەردەوام چەک و جل و خۆراک و دەرمانیان لە ئێرانەوە بۆ دەچێ و ئەو پارتەی داوای کوردستانی سەربەخۆی دەکرد ئێستا گوردانێکی سپای پاسداران و لقێکی سپای قودسە و داردەستی ئێرانە لە ناوچەکە دا و دژی خەڵکی چوارپارچەی کوردستانە.

پەکەکە بە تەواوی مانا تێکۆشاوە مێژووی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان چەواشە بکا، یان بیسڕێتەوە بە تەواوی هەوڵ دەدا کۆماری کوردستان چەواشە بکا خەباتی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بە تایبەتی خەباتی کوردەکان چەواشە بکا سەرکردەکانی کۆمەڵە و دێموکرات بە خاین پێشان بدا بۆ خەڵکی کوردستان و نەهێڵێ لاوان بچنە نێو ریزەکانی پێشمەرگە بۆیە سنوورەکانی بۆ ئێران گرتووە.

لە ماوەی ئەو ساڵانەی دا کە پەکەکە سەربەخۆیی دەویست و دەیبڕی و دەیکوشت چەند هێرشی کردووەتە سەر ئێران؟ چەند هێرشی کردووە بڵێ بۆ مافی رۆژهەڵاتە؟

من داوا دەکەم لایەنگرانی یەک نموونەم بۆ بێننەوە تا بۆیان لە ملی دەم بەڵام مخابن یەک نموونەش نییە لە بەرانبەردا کوشتنی خەڵکی کورد ئێران بە ناوی مادەی هۆشبەر یەکجار زۆرە . لەسەر سنوورەکان کۆڵبەران دەڕووتێنێتەوە و ناهێڵێ پێشمەرگەی رۆژهەڵات بچنە سنوورەکان و شەڕیان پێ دەفرۆشێ.

باشە سەربەخۆیی کوردستان چۆن دەخوازێ لەگەڵ داگیرکەری کوردستان دۆست و هاوپەیمان بێ و سنووری بۆ راگری و چەک و جلی لێ وەرگری تەنانەت بە خاتری ئێران لەگەڵ تورکیا لەسەر مافی کورد وتووێژ تێک بدەی؟؟؟
رۆژئاوای کوردستان
سەرەتا کە پەکەکە دامەزرا ئۆجالان لە ماڵی خافز ئەسەدی داگیرکەری کوردستانی سووریا میوان بوو. حافز ئەسەد کوردی سەرکوت دەکرد ناسنامەی پێ نەدەدان مافی ژیانی لێ ستاندبوون. پەکەکە لە جەرگەی دروشمی سەربەخۆیی خۆیدا و لەو سەردەمەی کە گەریلایەکی زۆری رۆژئاوای لەگەڵ بوو لە ماڵی حافز ئەسەد میوان بوو یەک و شەش باسی مافی کوردی سووریای لە زاری دەرنەهات ئۆجالان.

نەک باسی نەتەوەیی تەنانەت باسی مافی یەکانی شارۆمەندی و پێناسە و دامەزراندنیشی نەکرد بۆ کوردانی سووریا بەڕێز ئۆجالان.

ئەرێ تو خوا دەکرێ تۆ بڵێی سەربەخۆییم دەوێ و خەڵکی کوردستانی سووریا بکەیە گەریلا، بەڵام لەگەڵ داگیرکەریان دۆست و هاوپەیمان بی باسی مافەکانیان نەکەی ئەویش رۆژئاوا کە رەبەن‌ترین پارچەی کوردستانە ئێستاکەش گەریلاکانیشی نەک بۆ مافی پارچەی خۆیان بەڵکوو بیان دەی لەگەڵ تورکان بە شەڕیان دەی؟؟؟؟

بە ڕاستی پێنوس شەرمەزارە لە باس کردنی ئەو خەیانەتە تۆ لە ماڵی داگیرکەری کوردی سووریا بی گەریلای کوردستانی سووریای نەک بۆ مافی کوردستانی سووریا بۆ ئامانجی خۆت و لە شەڕی تورکاندا بە کوشت بدەی. یەک وشەش نەڵێی کاک حافزی نا حافز لانیکەم پێناسە بە کوردەکان بدە، بەڵام دیسانیش هەر بڵەی سەربەخۆیی. بەراستی شەرمە داڕزانە.

حیماسەی کۆبانێ
پاش ئەوەی داعشی تیرۆریست هێرشی کردە سەر رۆژئاوا و کۆبانێ خەڵکی بەشەڕەف و کوردی ئەو دەڤەرە قارەمانانە راوەست و بەرخۆدانیان کرد و بە یارمەتی یەپەگە و یەپەژە و پێشمەرگانی هەرێم داعش تێک شکا و ئاسۆی هیوای کورد لەو پارچەیە گەشایەوە.

بەڵام پەکەکە خەونی بۆ رۆژئاوا دیتبوو:
سەرەتا پاش ئەوەی بەشار لە کوردستان کشاوە و کۆنتڕۆڵی رادەستی کورد کرد بەو مەرجەی کورد لەوێ بەرەی شەڕ نەکاتەوە لە دژی بەشار پەکەکە لە رێگای یەپەگە کە پارتێکی خۆشەویستە لە کوردستانی سووریا ویستی بە تەنیا حوکم بکا پارتی دێموکرات و چەند پارت کە بە ئەنەکەسە ناسراون ناڕازی بوون پەکەکە ناچار بوو دو دانیشتن لە هەولێر و دهۆک لەگەڵ پارتەکانی دیکەش بەڕێوە ببات تا ئەوانیش بەشداری دەسەڵات بن، بەڵام پەکەکە نەک هەموو ڕێککەوتنەکانی بن پێ کرد تەنانەت بەوەش ڕانەوستا لە هەڵبژرادنی شارەوانی کۆبانی نەیهێست ئەوان ناویشیان بنووسن.

پەکەکە دەیهەوێ وەک کوردستانی باکوور هەموو پارتەکان لە نێو ببا و خۆی حوکم بکا لە کوردستانی سووریا لە راستیدا ئەو خەونەی بۆ رۆژهەڵاتیش دیتوە لە رێگەی پەژاکەوە، بۆ باشووریش وابوو بەڵام حکوومەتی هەرێم پەچەدەکەی نا یاسایی لە قەڵەم دا.

پەکەکە بەوەش ڕانەوەستا لە رۆژئاوا بەڵکوو وای کرد خەڵکی کوردستانی سووریا وا پێشان بدەن دوژمنی تورکیان و تورکیاش هەڕەشەیان لێ بکا و داعشیان تێ بەردا.

من دڵنیام ئەگەر پەکەکە وای نەکردبا کە تورکیا کوردستانی سووریا بە دوژمنی خۆی بزانێ و پەکەکە لە کوردستانی سووریا را هەڕەشەی لە تورکیا نەکردبا لەوانە بوو داعش هێرشی کۆبانی نەکردبا چۆن بە باوەڕی من لە هێرشی داعش دا نەک تورکیا بە تەنیا بەڵکوو پەکەکەش تاوانبارە و ئەو شەڕەی بە خەڵکی بەستەزمانی سوورا دا سەپاند و ئاوارەی کردون و ماڵوێرانی کردن و بە کوشتی دان. ئێستاش بە تەمایە حوکمی کۆریای باکوور و کووبا لە کوردستانی سووریا وەڕێ بخا و تەنیا بۆ خۆی دەسەڵات بێ هەوان سەرکوت بکا و رەخنەش قەدەغە بێ و هەمو ملکەچی ئیمڕاڵی بن و تەنانەت بەرنامەی خواردنی رۆژانەش لە ئیمڕاڵی وەرگرن.

شەڕ فرۆشتنی پەکەکە بە حدکا
ئەوەی لەو چەند رۆژەی رابردوودا رووی دا پەڵەیەکی شوورەیی و نەنگی و داڕزانە بە نێو چاوانی پەکەکەوە تا هەتایە.

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش کوشتنی فەریناز خوسرەوانی لەلایەن کاربەدەستێکی ئەمنی ئێرانەوە زۆر چاوەڕوانی کارێکی جدی لەلایەن حیزبەکان بوون لە ڕاستیدا نەبوونی چالاکی حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە رێگایان خۆش کرد پەکەکە رووداری بکا و رۆژهەڵات بە هی خۆی بزانێ گەنجان راکێشێ.

پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ ئەوەی بێنە سەر سنورەکان و لەگەڵ خەڵکی خۆیان کە چاوەڕوانی خەباتی ئەوانن پێوەندی بگرن و بتوانن بێنەوە نێو خاکی خۆیان و شۆڕش بچێتە نێو قۆناغێکی نوێ لە لایەن پەکەکەوە پێشان پێ گیردرا بۆ؟

پەکەکە لەوەتا دێموکرات و کۆمەڵە لە ناو شاردا نەمان و خەباتی چەکدارییان وەلانا پەکەکە هەلی قۆزتەوە و بەشی سنوری ئێرانی لە قەندیل داگیر کرد پەژاکی دامەزراند گوتی لەمەولا پەژاک حیزبی ئێوەی رۆژهەڵاتە ئاپۆ سەرۆکە و بەس.

بۆیە سنورەکانیان داخست و پێشیان بە هاتوچۆی پێشمەرگانی رۆژهەڵاتی گرت و لەولاش لەگەڵ ئێران و سپای پاسدارن رێککەوتن و یەک وشەش باسی مافی کوردی ئێرانیان نەکرد و خەباتی رۆژهەڵاتیان پەک خست وهەموو توانەی رۆژهەڵاتیان خستە خزمەتی باکوور و شەڕی تورکیا.

پەکەکە لەو سنوورە کۆڵبەران دەڕوتێنێتەوە و ئەو سنوورەی بۆ گومرگ داناوە دەڵێ دێموکراتیش دەیهەوێ وا بکا سەرەتا دێموکرات کۆمپانیای بازرگانی نییە حیزبێکی شۆڕشگێڕە ئەوە ئێوەن گومرگان دەستێنن ئێوەن بازرگانی بە ناوی شۆڕشی کوردەوە دەکەن ئێوەن بازرگانی مادەی هۆشبەرن بۆ ئورووپا ئەدی ئەگەر وانییە داهاتتان چییە؟ بە دڵنیایی‌یەوە ئێوە مادەی هۆشبەر بۆ ئورووپا بەڕێ دەکەن و داهاتتان هەر ئەوەیە و گومرگ ستاندنە.

جگە لەوانەش پەکەکە هاوپەیمانی ئێرانە و سنووری بۆ دەپارێزێ و ناهێڵێ سنوورەکانی ئێران ئاڵۆز بن و ئێران توشی کێشە بێ چۆن ئێرانیش پارە و جل و دەرمانی پێ دەدا.

پەکەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان میوان بوو خەڵک رێزیان دەگرتن بە پەرۆش بوون بۆیان هەواڵی باکووریان پێ و شوێن دەگرت خەمخۆری کوردی باکوور بوون لە نەورۆزان بە نەورۆزی ئەوان شاد و بە شەهیدەکانیشان لە شەڕدا خەفەتبار بوون چەندە لەو سنوورانە یارمەتیان دەدان نانیان دەدان.

بەڵام پەکەکە خەیانەتی بەو چاکەی رۆژهەڵات کرد شۆڕشەکەی خامۆش کرد گەریلاکانی بردە باکور و بەکوشتی دان نەیهێشت لە خاکی خۆیان بە گژ داکیرکەر بچنەوە لەوەش خراپتر خاکی نێوان باشور و رۆژهەڵات کە هیچ پەیوەندی بە پەکەکەی باکورەوە نییە داگیر کردوە و ناهێڵێ پێشمەرگە بێنەوە خاکی خۆیان و گومرگی داناوە و کۆڵبەران ڕووت دەکا و لەوانەش خراپتر بوەتە پیاوی ئێران و سپای پاسداران و سنوری ئێرانی دەپارێزێ.

بەڕاستی ئەگەر پەکەکە دەیکوت شانازی ئەوەی هەیە داوای سەربەخۆیی و شۆڕشی هەموو کوردستانی هەبووە ئێستا سەرشۆڕی براکوژی داگیرکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەیانەت بە گەلی کوردی پێ بڕاوەتەوە.

من بە باشی دەزانم پەکەکە ناوی گەریلا لابەرێ لە سەر شەڕکەرەکانی و ناوی رەزمەندە و سەردار و ئەمیریان لە سەر دانێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە