کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی شەهید قادر لە گۆڕستانی شەهیدانی ناوەندی ٣ی حیزبی دێموکرات ئەسپەردەی خاک کرا

20:00 - 4 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: تەرمی شەهید قادر کەریمی کە دوێنێ بە دەستی چەکدارانی پ‌ک‌ک لە ناوچەی کێلەشین شەهید کرابوو، ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهیدانی ناوەندی ٣ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەسپەردەی خاک کرا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، تەرمی شەهید قادر کەریمی پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ رێکەوتی ٤ی جۆزەردان بە ئامادەبوونی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی نوێنەرانی لایەنە سیاسیەكانی هەر چوار بەشی كوردستان و دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ناحیەی بەحرەكە، بەڕێوەبەریی پەروەردەی هەولێر، بنكەی پۆلیسی بەحركە، ژمارەیەک لە ئەندامانی پارلمانی كوردستان، ئەندامانی كورد لە پارلمانی عێراق، كەسایەتییە ئایینییەکان، كەسایەتیەتییە رۆشنبیرەکان، هونەرمەندانی كوردستان، چالاكانی وەرزشیی هەرێمی كوردستان، لە جێژنیکان بە خاک سپێردرا.

قادر کەریمی کادری بە وەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی کێلەشینی شنۆ سەرلە بەیانیی دوێنی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان شەهید کرا.

لەو هێرشەی هێزەکانی پەکەکەدا ٣ پێشمەرگەی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بریندار بوون.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدکرانی شەهید قادر کەریمی بە دەستی گەریلاکانی پ‌ک‌ک، کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

هاوڕێ ‌قادر کەریمی کوڕی محەممەد لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە شاری نەغدە لە دایک بوو و هەتا پلەی دیپلوم دەرسی خوێندووە و لە ساڵەکانی ١٣٧٦ هەتا ساڵی ١٣٨١ وەک ئەندامی نهێنیی حیزب ئازایانە تێکۆشانی بووە و لەو ساڵەوە دەکەوێتە ژێر گوشار و چاودێریی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و پەیوەست بە رێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەبێ.

لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهید \'\'قادر کەریمی\'\'دا سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی شەهیدان\'\' خوێندرایەوە و پاش راگرتنی چەند ساتێک بە بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتنی لە گیانی پاکی شەهیدان، تاجەگوڵینەی رێز و ئەمەگناسی لەلایەن \'\'میرۆ عەلیار\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسی و \'\'لوقمان مێهفەر\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانرا.

لەو رێوڕەسمەدا کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە ئاشتیخواز بوونی دێموکرات و سووربوونی لەسەر خەباتە رەواکەی کرد و بەڵێنیی ئەوەی دا کە رێگای شەهید قادر درێژەی دەبێت.

نوێنەرانی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی کوردستان لە رێوڕەسمی ناشتنی شەهید \'\'قادر\'\'دا بەشدار بوون کە بریتین لە:

ـــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـــ حیزبی شیوعیی کوردستان
ـــ پارتی ئازادیی کوردستان
ـــ پارتی سوسیالیستی کوردستان، باکوور
ـــ پارتی دێموکراتی کوردستان، باکوور
ـــ پارتی دێموکراتی کوردستان، عێراق
ـــ ئەلپارتی سووریە
ـــ حیزبی پێشڕەوی کوردستانی سووریە
ـــ پارتی ئازادیی کوردستان، باکوور
ـــ پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە
ـــ پارتی کوردی سووریە
ـــ هاوڕێیانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـــ پارتی لیبرالی کوردستان