کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەهەمبەر داسەپاندنی شەڕ لەلایەن pkkـەوە + تەکمیلی

23:11 - 4 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: داسەپاندنی شەڕ لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکان، هەڵوێست و کاردانەوەی توندی لایەنە کوردستانییەکانی لێ کەوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش هێرشی pkk بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشین، زۆربەی لایەنەکانی کوردستان هاتنە دەنگ و هەڵوێستی خۆیان بە فەرمی راگەیاند.

10889.jpg

سەرۆکایەتیی پارلمانی کوردستان داوای دانیشتنی حدکا و پ‌ک‌ک لەژێر چەتری پارلماندا دەکات

بەوپەڕی داخ و سەرسوڕمانەوە هەواڵی گرژی و پێکدادانی نێوان \'\'پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان ــ ئێران\'\'مان پێ دەگات.

بەناوی پارلمانی کوردستانەوە هۆشداریی توند دەدەینە لایەنە کوردستانییەکان، لە پەنابردن و بەکارهێنانی چەک لە یەکلایی کردنەوەی کێشە سیاسییەکانیان. لە کاتێکدا گەلی کوردستان رووبەڕووی مەترسیی تیرۆر و گرژی ناوچەیی دەبێتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە سەروبەندی گۆڕانکاری گەورە دایە، نەوەکانی یەک نەتەوە دەست بدەنە چەک دژی یەکتری بە تاوانێکی نەتەوەیی ئەژمار دەکرێت، ئەم جۆرە دووبەرەکییانە هەڵدانەوەی تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی کوردستانە و گەلی کوردستان دووبارە بوونەوەی قەبووڵ ناکات.

هەر ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پارلمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارلمانی کوردستان ئیدانەی توندی ئەم رووداوانە کرا.
لە کۆتاییدا چاوەڕوانی هیچ شتێکی دیکە لەم دوو لایەنە کوردستانییە ناکۆکە ناکەین جگە لە راگرتنی دەستبەجێی گرژییەکان و رێککەوتنی کۆتایی لەسەر کێشەکانیان.

لێرەشەوە بانگهێشتی سەرۆکایەتیی هەردوو حیزب دەکەین کە بێنە پەرلەمانی کوردستان و لە ژێر چەتری نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

10911.jpg

هاوڕێیانی پێشوو: دەستوەردانی پ‌ک‌ک لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر لە کۆنەوە، سەرچاوەی گرژی و ناکۆکی لەگەڵ هێزە کوردییەکان بووە

هاوڕێیانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو زۆربەی لایەنەکانی دیکەی کوردستان هەڵوێستێکی شیاویان لەهەمبەر رووداوکان و ئەو بارگرژییە کە پ‌ک‌ک بە هێرش کردن بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشین دروستی کرد، هەبووە.

ئەو هاوڕێیانە لە چەند خاڵدا هەڵوێست و داخوازیی خۆیان بەم چەشنە دەربڕیوە:

١ ــ شەڕ ‌و تێکهەڵچوون لە نێوان هەر هێز و لایەنێکی کوردیی نێو بزووتنەوەی کورد بە زیانبار بۆ بزووتنەوەی کورد لە تەواوەتیی خۆی‌دا دەزانین. هەر لەم روانگەیەشەوە، وێڕای بە داخبوونمان لە هێڕشی گەریلاکانی پێ کاکا بۆسەر پێشمەرگەکانی حدکا‌ و مەحکوومکردنی، داواکاریی راوەستانی دەستبەجێی ئەم تێکهەڵچوونە و چارەسەریی گرژی و ناکۆکییەکان لە رێگای وتووێژ و دانیشتنی هێمنانەوەین.

٢ ــ پێ. کا. کا هێزێکی سیاسیی باکووری کوردستانە و چالاکیی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆی رۆژهەڵات‌و بوونی هێزەکانیان لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵات، نە هەڕەشەیە بۆسەر بەرژەوەندیی رەوای پێ. کا. کا و باکووری کوردستان، نە پێشگیری و دژایەتی لەگەڵ ئەم جۆرە چالاکی و تێکۆشانەش، دەچێتە خانەی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی.

٣ ــ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو هێزە سیاسییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە هەوڵ و هەنگاوی بە پەلە بنێن بۆ ئەوەی ئەم تێكهەڵچوونە، پتر تەشەنە نەستێنێ و هاندەر بن بۆ ئەوەی کێشە‌و گرژییەکان بە وتووێژ و شێوەیەکی هێمنانە، چارەسەر بکرێن.

٤ ــ سیاسەتی دەستوەردانی پێ. کا. کا لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر لە کۆنەوە، سەرچاوەی گرژی‌ و ناکۆکی لەگەڵ هێزە کوردییەکان بووە. لە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەخوازین بە راشکاوی دژی ئەم دەستوەردانانە ‌و پەنابردن بۆ چەک بۆ خۆسەپاندن بەسەر هێزە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان‌دا، دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن.

٥ ــ لە هێز کۆکردنەوە ‌و جموجۆڵی‌هاوکاتی هێزەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پیلانگێڕییان لە دژی هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانین‌.هەر بۆیە داوای وشیاری و لەسەر هەستبوون لە هەموو لایەنەکان بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی نیاز ‌و پیلانە شوومەکانی ئەو رێژیمە دەکەین.

ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان لەگەڵ بنەماڵە ‌و هاوسەنگەرانی قوربانییەکانی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونە داخاوییەوە، هیوا دەخوازین بە هەوڵی هەموو لایەک هەر چی زووتر بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە ‌و بە لێک تێگەیشتن ‌و هاوکاری، رێگاچارە بۆ گرفتەکانی لەمەودوا بدۆزرێتەوە. هیوادارین سەرکردایەتیی \'\'پێ. کا.کا\'\'ش هاوکار ‌و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە رووداوانە دووپات نەبنەوە‌ و بزووتنەوەی کورد لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە سۆنگەی ئەم جۆرە رووداوانە زیانی زیاتر نەبینێ.

10915.jpg

رێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان: هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر حدکا مەحکووم دەکەین

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
بەپێی هەواڵی چەند دەزگایەکی راگەیاندن و هەروەها راگەیەنراوێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) پێشنیوەڕۆی یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ بەرانبەر لەگەڵ ٢٤ی مای ٢٠١٥ی زایینی، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) لە خاڵی سنووریی \'\'کێلەشین\'\' لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان هێرشیان کردۆتە سەر پۆلێک پێشمەرگەی حدکا و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە گیانی لە دەست داوە و چەند پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. رێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان لەو پێوەندییەدا ئەو هێرش و شەڕ و پێکدادانانە لەژێر هەر ناو و پاساو و پاکانەیەکدا بن مەحکووم دەکا. هاوکات سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات و هاوەڵان و کەس و کاری ئەو شەهیدە دەکا و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێ.

بێگومان شەڕی خۆبەخۆی هێز و لایەنەکانی کوردستان، لە هەر کات و بارودۆخێک و بە هەر ناوێکەوە بێ، شەڕێکی زیانبار و بێ پاساوە، بە تایبەتیش لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و شۆڕشی کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک بە قازانجی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و دۆخی سیاسی باکووری کوردستان و خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی وڵات نییە و بگرە سەرتاپای لە بەرژەوەندیی ئاشی ئاژاوەگێڕیی دوژمنانی گەل و بزووتنەوەکەی، بە تایبەتیش رێژیمی کۆماری بە نێو ئیسلامیی ئێران، تەواو دەبێ. ئەم جۆرە شەڕانە، کە زۆرتر لە هەست و مەبەستی خۆبینی و خۆسەپێنی و حەزی حەولدان بۆ لاوازکردن و وەلانانی ئەوانی دی سەرچاوەی گرتووە، جگە لە خزمەت بە ویست و هەڵوێستی دوژمنان و زیانگەیاندن بە کورد و بزووتنەوە ئازادییخوازییەکەی، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە و نییە و نابێ.

خەڵکی کوردستان ئەزموون و ئەنجامی زۆر تاڵ و زیانباری لە تاوانی شەڕی خۆسەپێنی و خۆبەخۆیی هێز و لایەنەکان هەیە کە مێژووی چەند دەیەی رابردووی بزووتنەوەکەش شاهیدی ئەو مێژووە قێزەونە و ئازارچەشتووی ئەو برینە بەسۆیەیە. بە بڕوای ئێمە دەبەریەکڕاچوون و شەڕی ئەم جارەش وەک ئەوانی پێشوو هیچ پینە و پاساوێک هەڵناگرێ و راستییەکانی پێوەندییدار بەو شەڕە ون نابن. خۆ ئەگەر ئەمڕۆش، لەبەر تایبەتییبوون و تەماویی‌بوونی وەزعەکە، خەتابار و تاوانبارانی ئەم جارە نەناسرێن، ئەوە بێگومان رووداوەکان لە هەناوی مێژوودا هەڵدەگیرێن و سبەینێ مێژوو هەموو شتێک بۆ کورد و بزووتنەوەکەی ئاشکرا دەکا. رێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، جارێکی دیکە ئەو شەڕی کورد بە کوردە و هەڵگیرسێنەر و درێژەدەرانی مەحکووم دەکا، هاوکات هیوادار و چاوەڕوانە هەرچی زووتر ئەو کێشە و ئاژاوەیە کۆتایی پێبهێندرێ و نەهێڵدرێ لەوە زیاتر گەورە بێتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا (خەبات) داوا لە خەمخۆران و دڵسۆزانی کورد بە گشتیی و ئاشتییخوازانی نێو (حدکا ) و (پ.ک.ک ) بە تایبەتیی دەکا هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بۆ کپکردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاورە بێ ئامانە بخەنەگەڕ و بە کەمترین زیان و زەمان ترسی تەشەنەکردن و قووڵبوونەوەی ئەو ئاگر و برینە بڕەوێننەوە.

10914.jpg

تەڤگەری شۆڕشگێڕانی ئارارات: هێرشی پ‌ک‌ک و ئێران دژی پێشمەرگەکانی PDKI شەرمەزار دەکەین

پێش‌نیوەڕۆی دوێنێ (٢٤ی گوڵان) لە ناوچەی کێلەشین لە سنووری باشوور، باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، پ‌ک‌ک هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو هێرشە لە ژێر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووەتە ئاراوە کەلە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک بەناوی \'\'قادر کەریمی\'\' شەهید و ٣ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

هەر کەسێک باش دەزانێ کە هێرشی داعش بۆسەر شنگال پیلانی پ‌ک‌ک و ئێران لە دژی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بوو. ئەوانە دەیانهەوێ رەوشەکە ئاڵۆز بکەن و دەرفەت و بیانوو بدەنە دەست داگیرکەران کە دەستوەردان لە باشووری کوردستان بکەن.

ئێمە هێرشی پ‌ک‌ک و رێژیمی ئێران لەدژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەرمەزار دەکەین و هەروەها داوا لە گەلی کورد دەکەین ئەو زوڵمە قەبووڵ نەکەن و هەروەها داوا لە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە ئەو کارە مەحکووم بکەن.

ئێمە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید قادر کەریمی و گەلی کورد دەکەین و هیوای سەبوورییان بۆ دەخوازین.

حیزبی حیکمەتیست: هێرشی جەنایەتکارانەی پ‌ک‌ک بۆسەر حیزبی دێموکرات مەحکوومە
حیزبی حیکمەتیستی ئێران دەفتەری کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا هێرشی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی کێلەشین مەحکووم کرد.

لەو بەیاننامەدا هاتووە: دەکرا قەبووڵ بکرێ لە پ‌ک‌ک ئەگەر ئەوە یەکەم جاری بوایە کەلە هێزەکانی خۆی دژی ئوپۆزسیۆن و خەڵک کەڵک وەربگرێ. هەموو کەس لە بیری ماوە کە ناڕەزایەتییەکانی دەسبەسەرکرانی عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری ئەو حیزبەی وەکوو پیلانی ئیسراییل لە قەڵەم دا و بە ئاشکرا بێ‌حورمەتیی بە هەزارانی مرۆڤی ناڕازی کرد.

رێکخراوی فیداییانی خەڵکی ئێران: لە داخوازیی حیزبی دێموکرات لەمەڕ ئاگربڕی بە پەلە پشتیوانی دەکەین
رێکخراوی فیداییانی خەڵکی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەربڕینی هاودەردەی لەگەڵ گیان بەختکردوان و پشتیوانیی ئەو حیزبە لەمەڕ ئاگربڕی بە پەلە و دەستێوەردانی لایەنەکانی دیکە لەمەڕ نیوبیژوانی پشتیوانیی کردووە.

سازمانی فیداییانی خەڵکی ئێران هێرشی گەریلاکانی پەکەکەی بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتیکوردستانی ءیران بە توندی مەحکووم کردووە.

دەقی فارسیی بەیاننامەکانی حیزبی حیکمەتیست و رێکخراوی فیداییانی خەڵکی ئێران

10935.jpg

نوێنەرایەتیی ENKS لە هەرێمی کوردستان، خوازیاری راگیرانی بە پەلەی شەڕی براکوژییە
نوێنەرایەتی ENKS لە هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی: سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی مەی ٢٠١٥، هێزێکی چەکداری سەربە پ‌ک‌ک (گەریلا) لە ناوچەی کێلەشین سەربە شاری شنۆ، هێرشی کردە سەر ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی \'\'قادر کەریمی\'\' شەهید کرا و چەند پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی براکوژی لەبەر ئەوەی کە خزمەت بە دوژمنانی نەتەوەی کورد دەکات، خوازیاری راگیرانی بە پەلەی ئەو شەڕەین و چارەسەرکردنی کێشەکە لە رێگای دیالۆگ و دانووستان داین.

10892.jpg

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران: پشتگیریی خۆمان بۆ حدکا دەردەبڕین

لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپێی هەواڵەکان لە ناوچەکانی خنێره و کێلەشین جێگیر ببوون. پاش جێگیربوونیان هەروەک لە زمان رێبەرانی حدکاوە بە میدیاکان راگەیەندرا لەلایەن هێزەکانی پ‌کاکاوە پێیان رادەگەیەندرێ کە پێویستە لەو ناوچەیە نەمێنن و لە هەمان کاتدا بە ئیجازەی پ ک ک لەوسنوورانە هاتوچۆ بکەن. هەر بۆیە بۆ سەپاندنی داواکەیان دەکەونە گەمارۆدانی هێزەکەی حیزبی دێموکرات و پاش چەند رۆژ وتووێژی ناڕاستەوخۆی هەر دوولایەن بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەریلاکانی پ ک ک هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئاکامدا دوو پێشمەرگە شەهید دەبێ و چەند پێشمەرگەی‌تریش بریندار دەبن.

ئێمە ئەم کردەوەی پ ک ک مەحکووم دەکەین و هەروەها پشتگیری خۆمان بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەردەبڕین. بە پێویستی دەزانین جارێکی‌تر رایبەگەیەنین چالاکی و هەڵسووڕان لەسەر خاکی کوردستانی رۆژهەڵات بە مافی رەوا و بێ ئەملاولای حیزبەکانی رۆژهەڵات دەزانین. ساڵانێکە ئێمە بە دروست سەبارەت بە مەترسییەکانی سیاسەتی دەستێوەردانی نابەرپرسانەی پ ک ک لە پارچەکانی‌تری کوردستان بە تایبەتی لە کوردستانی رۆژهەلات هوشداریمان داوە و رای گشتیمان لە زیانەکانی ئاگادار کردووەتەوە.

هەر لێرەشەوە سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی شەهیدەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانیش دەخوازین.

10887.jpg

یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان: pkk مافی رێگرتنی لە هیچکام لە حیزبەکانی رۆژهەڵات نییە

کوردستانیانی خۆڕاگر
حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان
هەواڵی گەمارۆدانی هێزێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی ئێران لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە چیای کێلەشین بێ گومان بووەتە مایەی دڵنیگەرانی کۆمەڵانی خەڵکی بە شەرەفی کوردستان و سەرجەم حیزب و رێکخراوە رەسەن و خاوەن هەڵوێستەکانی کوردستانی گەورە.

کۆمیتەی ناوەندیی یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان لەم پێوەندییەدا هەڵوێستی خۆی لە چەند خاڵێکدا رادەگەینێت:

١ ــ چالاکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان مافی سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پارتی کرێکارانی کوردستان PPK مافی رێگریی لە هیچ کام لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی نییە.

٢ ــ ئەم کردەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان مخابن کارەساتی ١/٦/١٩٨٨مان بیردەخاتەوە کە لە کردەوەیەکی نابەرپرسانەدا ٩ شۆڕشگێری ناو ریزەکانی یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستانی لەو سنوورە بە دەستی گریلاکانی PPK شەهید کران و بەمەش شعووری رۆژهەڵاتیانی کوردستانیان بریندار کرد.

٣ ــ بە سرنج دان بە هەلومەرجی ناسکی ئێستای کوردستانی گەورە و بوونی دوژمنێکی دڕندەی وەک \'\' داعش \'\' و دروستبوونی تا رادەیەکی باش یەکیەتیی نەتەوەیی و بوونی پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤان لە یەک سەنگەردا، ئەگەر بێت و پارتی کرێکارانی کوردستان نابەر پرسیارانە لە گەڵ دۆخەکە مامەڵە بکات و ئەو دەستە لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، ئەوە بێ گومان درزی گەورە دەکەوێتە ناو ریزەکانی پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانان کە هەنووکە بە شەڕی داعشەوە خەریکن و لە یەک سەنگەردا دژ بە دوژمن دەجەنگن.

٤ ــ ئاگاداری هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین کە ئەگەر بێت و دەست لە گەمارۆدانی هێزەکانی دێموکرات هەڵنەگرن و کارەسات بە دوای هەڵوێستەکەیاندا بێت ، ئەوە یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان ئەو هێزەی کە لە مانگی ١١ی٢٠١٤ ەوە بە هەماهەنگی هێزەکانی YPG رەوانەی رۆژئاوای کوردستانمان کردووە و تاکو ئێستاش 2 شەهیدمان داوە، ئەوە دەیکێشێنینەوە و لەو پێوەندییەشدا بۆ دیفاع لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ هەڵویست نابێن.
10886.jpg

پارتی سەربەستیی کوردستان: کردەوەی هەڤاڵانی پ‌ک‌ک مەحکووم دەکەین
خەڵکی تامەزرۆی سەربەخۆیی و ئاشتی و تەبایی کوردستان!
مخابن بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٤/٥/٢٠١٥ هەواڵی پێکدادانی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە ناوچەکانی کێلەشین کە سنووری دەستدروستی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە بڵاوکرایەوە.

پارتی سەربەستیی کوردستان پشتیوانی لە ئاشتی وتەبایی و یەکیەتی و یەکریزیی لایەنەکانی کوردستانی بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کار و پیشەی نەتەوەیی خۆی زانیوە و ئامادەیی هەرجۆرە پشتیوانییەک بووە بۆ ئاشتی و تەبایی لە کوردستاندا.

بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵێکی ناخۆش بڵاو کرایەوە و ئێمە و سەرجەم خەڵکی کوردستانی نیگەران کردووە. بە پێی زانیارییەکان ماوەی نزیک بە ٣ حەفتەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ژمارەیەک پێشمەرگەی خۆی ناردووەتە ناوچەکانی خنێره و کێلەشین، بە مەبەستی کردنەوەی بنکەیەکی سەرسنووری، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پ‌ک‌ک رێگریان لێکراوە، گوایا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێکاکان و نابێت هیچ لایەنێکی دیکەی کوردی بە بێ پرسی ئەوان لەو شۆێنانە بارەگا بکەنەوە.

ئێمە بە توندی ئەو جۆرە بۆچوونانە رەت کەینەوە، هەر بستێک خاکێکی کوردستان بە ملکی هەر کوردێک دەزانین کە چالاکی سیاسیی تێدا ئەنجام بدات، بە تایبەت ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، یان سنوورەکانی رۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان بە شۆینی رەسەنی خەباتی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانین و هەر جۆرە ئاستەنگ دروستکردنێک، یان رێگری کردنێکی لایەنێکی دیکەی کوردستانی بەرامبەر بە لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین. هەر بۆیەش بوونی بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوچانە بە مافێکی دروستی ئەو حیزبە دەزانین.

وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئەم کردەوەی هەڤاڵانی پ ک ک مەحکووم دەکەین، داوا دەکەین بە زووترین کات رێگەی ئاشتی و دیالۆگ هەڵبژێرن، رێگری و کۆسپ بۆ چالاکی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستا و دهاتووشدا دروست نەکەن. ئەو جۆرە بۆچوونانە ناکۆکی و شەری براکوژی دروست دەکات و دوژمنان و نەیارانی کوردستان دڵخۆش دەکات، مێژووش چی دیکە لە شەڕی براکوژی و هەڵگیرسێنەرانی ئەو شەڕە خۆش نابن.

بە پێی هەواڵەکان ئاماژە بە شەهیدبوون و بریندار لە هەردوو لایەن دەکرێت، هەر لەو پێوەندییەدا سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی شەهیدەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئامادەیی خۆمان بۆ بینی رۆڵی ئاشتییانە لە نێوان هەردوو لایەن دەردەبڕین و داواکارین کە بە زووترین کات ئەو کێشەیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.

جارێکی دیکە داوای ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازین.
10890.jpg

فراکسیۆنی پارتی: نابێ بە هیچ شێوەیەک خوێنی کورد بە دەستی کورد بڕژێ

دەقی راگەیاندراوی فراکیسیۆنی پارتی

بۆ سەرۆکایەیتى پەرلەمانى کوردستان
سڵاو و رێز
بەپێى برگەى (٢) لە ماددەى پەنجا و شەش لە یاساى ژمارە (١) ى ساڵى ١٩٩٢ى پارلمانى کوردستان و بڕیارى ژمارە (١)ى ساڵى (٢٠٠٥)ى پارلمانى کوردستان.

پارلمانى کوردستان بەرپرسیاریەتیى گەورەى دەکەوێتە سەرشان لە یەکلاکردنەوەى کێشە چارەنووس‌سازەکان و یەکیەتیی گەل و خاکى کوردستان.

بۆیە لە روانگەى ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژوویی‌یە داوا لە پارتى کرێکارانى کوردستان و حیزبى دێموکراتى کوردستان ــ ئێران دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و بە هیچ شێوەیەک دەستیان نەچێتە خوێنى یەکتر، چونکە هەر لەم پارلمانە کە بەرهەمى خوێنى شەهیدانە هەموو لایەکمان بریارى تەحریم کردنى شەرى برا کوژیمان داوە و نابێ جارێکى تر لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک خوێنى کورد بە دەستى کورد برژێتەوە. بۆیە داوا دەکەین لە رێگەى گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.

بۆ چارەسەرىی کێشەکانیش داواکارین پارلمانى کوردستان شاندێک لەسەرجەم فراکسیۆنەکان بۆ لاى هەردوولا بنێرێت و تەواوى رووداوەکە و هۆکار و ئەنجامدەرانیشى بۆ راى گشتى کوردستان ئاشکرا بکرێت.
لە کۆتایدا هیوادارین یەکریزى و تەبایى گەلى کوردستان لە سەرووى هەموو بەرژەوەندییەکانى دیکەوە بێت.
بژى کورد بژى کوردستان
10893.jpg

کەمپەینی ١ی بەفرانبار: هێرشی گەریلا بۆسەر پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی‌یە

کۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵکی کوردستان
رێکخراوە و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان
سڵاوێکی گەرم
هێرشی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کە بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان شەهید و برینداری لێ کەوتۆتەوە بەبێ هیچ پاساوێک کارێکی قێزەوەن، بە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دژی پرنسیپە ئەخلاقی و ئینسانییەکانە و دەبێ بە توندی مەحکووم بکرێ.

سەدەی بیستەم بۆ کوردەکان سەدەی کارەسات بوو، شۆڕشەکانمان یەک لە دوای یەک تێکشکێنران و هەزاران کەسمان شەهید بوون و داگیرکەرانی کوردستان لە هیچ کردەوەیەک بە دژی کورد دریغییان نەکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوە یەکێک لە برینە سەختەکانی سەدەی رابردوو بۆ کوردەکان برینی شەڕی ناوخۆیی‌بوو کە کەم حیزب و لایەن هەیە کە تاوانی شەری نێوخۆی لە ئەستۆ نەبێت.

لە ساتەوەختی ئێستادا ترووسکایی‌یەک بۆ چارەنووسی کوردەکان پەیدا بووە و دۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی وای کردووە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاقارێک‌دا بڕوا کە لە بەرژەوەندیی نەتەوەی کورددا بێ و بۆ یەکەم جار هەوڵی نێوخۆیی و ئاراستەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی کوردستان دابێت و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کە کوردەکان پشت بە یەکتری ببەستن و لە هەر چوار پارچەی کوردستان دیپلۆماسی و شۆڕش ئاوێتەی یەک بکەن و هەر لایەنێک بەپێی ئەرکی نیشتمانیی خۆی دەبێت بە ستراتژییەکی نەتەوەیی بەرژەوەندییەکانی پارچەکەی خۆی بپارێزێ و هاوکات پشت و پەنای پارچەکانی‌تریش بێ و بە هیچ شێوەیەک ئەوە قەبووڵ ناکرێ کە خەباتی پارچەیەک لە خەبات لە پارچەیەکی‌تر رەواتر و پێویست‌ترە، بەڵکوو هاوخەباتی هەر چوار پارچە تەنیا رێگەی سەرکەوتنی شۆڕشی نەتەوەی کوردە. پەکەکەش پێویستە هێز و وزەی خۆی بخاتە ناو باکوور و تەرکیز لەسەر هەڵبژاردەکانی تورکیە بکا.

هاوکات لەگەڵ ئەوە بوونی بارەگایەکی حیزبی دێموکرات لە قەندیل لەگەڵ ئەوەی کە مافی بێ‌ ئەملا و ئەولای هەر حیزبێکی رۆژهەڵاتە و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بەر بەم مافە بگرێ، ئێمە داواکارین لەسەرجەم حیزب و هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچە و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئیدانەی ئەم کردەوەیە بکەن و هەروەها هەوڵ بدرێ چی‌تر خوێنی رۆڵەی کورد بەناحەق و بە فیڕۆ نەڕێژڕێ و دۆخەکە بەرەو ئاقاری چارەسەریدا بڕوا.

10894.jpg

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ: کوردستانی ئێران زێد و پەناگەی حیزبەکانی ئەو بەشەی کوردستانە

بەگوێرەی هەواڵەکان سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی مەی ٢٠١٥، پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) لە خاڵی سفری سنووریی ئێران و عیراق هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەوڵی دەدا کە پێش بە جێگیربوون و هاتوچۆی ئەو هێزانە لەو ناوچەیەدا بگرن.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ئەم هەڵسوکەوت و دەستڕاگەیشتنەی پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) مەحکووم و خاکی کوردستانی ئێران بە زێد و پەناگەی حیزبەکانی ئەو بەشەی کوردستان دەزانێت.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وەکوو دۆستی هەمیشەیی تێکڕای نەتەوەکانی ئێران و یەکێک لەوانە نەتەوەی بە شەرەفی کورد، داوا لە هەموو حیزبەکانی ناوچە دەکا کە خێرا پێش بە تەشەنەکردنی زیاتری دەرگیرییەکان بگرن و هەوڵ بدەن ئەم مەسەلە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەن.

دوژمنانی نەتەوە چەوساوەکان لە ناوچە و بە تایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاوەڕێی وەها رووداوگەلێکە و دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لە هەڵخڕاندنی ئاگرەکە، کاریگەریی لەۆ جۆرە کارەساتانەدا هەیە دەیبێت.
10888.jpg

پارتی سوسیالیستی کوردستان: هێرشی pkk بۆسەر پێشمەرگە، خزمەت بە دۆزی کورد ناکات

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە؛ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر سنووری کوردستانی باشوور و کوردستانی رۆژهەڵات، گەمارۆی ژمارەیەک لە پێشمەرگەی ئەو حیزبەیان داوە و ناهێڵن بچنەوە کوردستانی رۆژهەڵات.

چەند رۆژ پێش ئێستا خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ مەحکوومکردنی کارمەندێکی رێژیم کە ویستبووی دەسدرێژی بکاتە سەر کچێکی مەهابادی بەناوی فەریناز خوسرەوانی و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دابوو، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی لێکەوتبووەوە.

لە وەها دۆخێکدا پ‌ک‌ک پێش بە پێشمەرگەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دەگرێ، هەتا نەتوانن بچنەوە رۆژهەڵات، لە حاڵیکدا کە هۆکارێکی مەعقووڵ و لۆژیکیی بۆ ئەو کارەی نییە.

ئەمڕۆ داعش و رووداوەکانی دیکەی سەر سنوورەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە نەتەوەکانی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە و وڵاتی ئێمەی پارچە پارچە کردووە، لە وەها دۆخێکدا پ‌ک‌ک نابێ سنوورەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بپارێزێت و پێش بەو پێشمەرگانە بگرێت کە دەیانهەوێ بچنەوە وڵاتی خۆیان.

هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە هەموو کاتێکدا زیاتر پێویستە و پ‌ک‌ک دەبێ هەڵوێستی خۆی لە کوردستانی باشووری رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتدا دووبارە نەکاتەوە و پێش بە خەباتی وەڵاتپارێزان نەگرێت. چونکە ئەو هەڵوێستانە خزمەت بە دۆزی کورد ناکات.

پارتی سوسیالیستی کوردستان (PSK) پشتیوانی لە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەوڵەکانی دەکات و دەخوازێ ئەو کێشەیە لە رێگەی دانووستان و وتووێژەوە چارەسەر بکرێت.

PSK داوا لە pkk دەکات کە گوێ لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی دیکە بگرێت و پێش بە پێشمەرگە نەگرێت، نابێ ئاستەنگ لەسەر رێگای پێشمەرگە دروست بکات کە دەخوازن بچنەوە وەڵاتی خۆیان.

پارتی سوسیالیستی کوردستان بەبۆنەی پێشگیری لە رووداونی شەڕی براکوژی داوا لە هێزە سیاسییەکان، دام و دەزگا و کۆمەڵە دیمەکراتیکەکان و مەدەنی و کەسایەتییە وڵاتپارێزەکان دەکات کە گوشار بخەنە سەر پ‌ک‌ک بۆ ئەوەی کە تەسلیمی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەریی کێشەکان ببێت.
10908.jpg

لیبراڵ دێموکراتی کوردستان، داوای پێکهێنانی کۆمیتەی نیشتمانی بۆ خستنە رووی راستییەکان دەکات

مخابن هەواڵی دڵتەزین و جەرگ‌بڕی شەڕی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستانمان پێگەیشت، لە کات و ساتێکدا کە گەلی کورد  و هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەیەک سەنگەردا دژی تێرۆریستانی داعش شەر دەکەن و گەلەکەمان  لەهەموو کات زیاتر پێویستیی بە یەکڕێزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە، سەد مخابن  ئەمڕۆکە هەوالی شەڕی براکوژی ناخی هەموو گەلی کوردی هەژاند، کە بەداخەوە شەهیدی و برینداریشی لێکەوتەوە، ئێمە وەک پارتی لیبراڵ دێموکراتی کوردستان هەوڵوێستی خۆمان بۆ لایەنە سیاسییەکان کوردستان و رای گشتی بە شێوەی خوارەوە رادەگەیەنین:
١ ــ سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدانی ئەم شەرە نەخۆازراوە و حیزبی دیموکراتی کوردستان هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان دەکەین
٢ ـــ ئێدانەی شەڕی براکوژی دەکەین هەر لایەنێک لە ژێر هەر ناوێک و هەر بیانوویەکە کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی
٣ ــ داوا لە هەردوو لایەنی (حدکا و پەکەکە) دەکەین بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەل بارودۆخەکە بکەن، کاربۆ کۆتایی هێنان بەو ئاڵۆزییانە بکەن لە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە
٤ ــ داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە کۆمیتەیەکی نیشتمانی پێک بێنن بۆ ئاشکرا کردنی راستییەکانی ئەم رووداوە بۆ رای گشتی وئارام کردنەوە شەقامی کوردی
٥ ــ داوا لە لایەنەکان رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کار بۆ پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژ‌هەڵات بکەن
٦ ــ داواکارین لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لایەنێکی سیاسی هەژموونی خۆی نەسەپێنێت بەسەر هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا

پەیامی لایەنەکانی دیکەش لەو پێوەنییەدا زیاد دەکرێ ...