کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات: هیچ حیزبێک ناتوانێ خۆی بە خاوەنی بەشێک لە خاکی کوردستان بزانێ

16:06 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات لەهەمبەر رووداوەکانی پێوەندیدار بە پەکەکە و حدکا راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی ماف ویستی کوردستان
لاوانی گیان لەسەر دەستی نیشتمان
حیزب و رێکخراو و NGOکانی کوردستان

لە بارودۆخی هەستیاری ئێستای نەتەوەکەمان یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەبێ لە پێش هەموو قازانج و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانەوە بێت. لە پێناو دروست بوونی ئەو یەکڕیزییە پێویستە هەموو لایەک لە پێوەندییەکانیاندا هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و وەکوو دۆست مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن و قەدەغە بوونی شەڕی براکوژی دەبێ لانی کەمی ئاستی پێوەندیی نێوان هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بێ.

ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە پێشمەرگەکانی حدکا بە مەبەستی تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی، روویان لە سنوورەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کردووە، بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی دروست بوونی سێ جار گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان شەڕ رووی داوە و پێشمەرگەیەکی حدکا شەهید و چەند بریندارێکی لێ کەوتووەتەوە.

بە باوەڕی ئێمە نابێت هیچ حیزب و لایەنێک خۆی بە خاوەندار و دەسەڵاتداری هیچ ناوچەیەکی کوردستان بزانێ و دەبێت خەبات لە چوار چێوەی سنووری کوردستان بۆ هەموو هێزێکی تێکۆشەری کوردستان ئازاد و ئاوەڵە بێ.

ئێمە وەکوو رێکخراوەکانی لاوان ئیدانەی هەرجۆرە شەڕێکی کورد بە دەستی کورد دەکەین و بە دڵنیایی‌یەوە هەر کەس و لایەنێک هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕی براکوژی بێ، ئەوا دەبێ لە بەرانبەر سەروەرییەکانی نەتەوەی کورد وەڵامدەر بێت.

ئێمە وەک لاوانی رۆژهەڵات هەردوو لایەنی حدکا و پەکەکە بە تێکۆشەری کورد دەزانین و داوا دەکەین بە زووترین کات کۆتایی بەو رەوشە بێنن و دەستی برایەتی بخەنە ناو دەستی یەکترەوە.

ئومێد دەکەین هەموو لایەنەکان بە هەستی بەرپرسیارەتییەوە رووبەرووی ئەو تەنگەژەیە ببنەوە و رێگەی روودانی هەر چەشنە رووداێکی دڵتەزێنی دیکە بگرن و کۆتایی بە کێشە و ناکۆکییەکان بە گرتنە بەری رێگەی ئاشتیانە بێنن.
بەرەو یەکڕیزی نەتەوەی کورد بۆ بە دەستهێنانی ئازادی لە هەرچوار پارچەی کوردستان

لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات
٤ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی