کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سنووری ئورمیە ٣ پاسدار کوژران و ١٠ی دیکەش دەسبەسەر کران

18:29 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: پاش رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی کێلەشین ژمارەیەک پاسداری رێژیم لە ئورمیە و شنۆ کوژراون و چەند کەسێکیش دەسبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە هەواڵێکی ئاژانسی کوردپا، لە تێکهەڵچوونێکدا لە سنووری کێلەشینی شنۆ سێ ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و دە پاسداری دیکەش دەسبەسەر کراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچەی شنۆ ئەو هەواڵەی گواستووەتەوە و هۆکاری کوژرانی ئەو پاسدارانەی بە وردی پژڕاست نەکردووەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، تەرمی ئەو پاسدارانە بۆ ناوەندە نیزامییەکانی رێژیم لە شاری شنۆ راگوێزراوە.

کوردپا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکەوە نووسیویەتی: ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە کە کوژرانی ئەو پاسدارانە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کەلە ناوچەکەدا حوزووریان هەیە، هاتبێتە ئاراوە.

پێشتر فەرماندەیەکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی کێلەشینەوە هەواڵی کەڵکاوەژووی هێزەکانی سپای پاسدارانی لە جلوبەرگی گەریلادا بڵاو کردبووەوە.

١٠ پاسداری سپای پاسداران دەسبەسەر کران

١٠ ئەندامی بوومیی سپای پاسداران لەلایەن حەفازەتی ئیتلاعاتی \'\'سپای شوهەدا\'\'وە دەسبەسەر کراون.

کوردپا لەو پێوەندییەدا نووسیویەتی: لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەرپرسی چەکوچۆڵی گوردانی عەمەلیاتیی \'\'خەڕازی\'\' زێوە بە تۆمەتی دزی لە ئەنباری چەکوچۆڵ دەسبەسەر کراوە.

ئەو بەرپرسە دانی بە هاوکاریی ژمارەیەکی دیکە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لەو ناوچەیەدا داناوە.

ئەو سەرچاوە هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناو و چارەنووسی ئەو دەست و پێوەندییانەی رێژیم لە ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا بڵاو نەکردووەتەوە.

کوردپا لە زاری ژماریەک هاووڵاتیی ناوچەکەوە، رایگەیاندووە: لە کاتی حوزووری دووبارەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە، تێکڕای دەست و پێوەندییە خۆجێییەکانی سەربە حکوومەت لەلایەن ناوەندە نیزامییەکان بانگهێشت و لە رێکخستنێکی نوێدا رەوانەی سنوورەکان کراون.