کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پەکەکە ئەم خیانەتە نەتەوەیی‌یەی دیکەشی ئەنجام دا؟ (شەریف هەژاری)

17:16 - 6 جۆزەردان 2715

ئاشکرایە مێژووی پەکەکە لێوانلێوە لە گرێدراوی بە داگیرکەرانی کوردستانەوە، هەر لە رێککەوتننامەی نێوان ئۆجەلان و حافیز ئەسەد کە ئۆجەلان بە ئیمزای خودی خۆی خاکی کوردستانی سووریای رەت کردەوە و بۆ حافیز ئەسەدی یاداشت کرد: کە کوردەکانی سووریا لە ناو سووریادا میوانن و لە بنچینەدا کوردی تورکیان و بە کۆچ و رەو لە سووریادا گیرساونەتەوە، هەتا ئەگات بە هاوکارییەکانی نێوان پەکەکە و رێژێمی سەدام حوسێن و \'\'بەپێی دۆکۆمێنتەکان\'\' پەکەکە رۆڵی سیخوڕیان هەبووە لە پێدانی زانیاری لەسەر پارتی و یەکیەتی بە رێژێمی سەدام، هەر ئەو هۆکارە بنەڕەتییە و چەندین هۆکاری‌تری خۆسەپاندنیان لە باشووری کوردستان و منداڵ دزین و چەندانی‌تر بوونە هۆی روودانی جەنگی نێوان پارتی و یەکیەتی لە زەمەنی جیاوازدا لە دژی پەکەکە. دیارە بۆ ئەو بوارەش باشترین زانیاری ئەتوانرێت بەدەست بهێنرێت لە بەلاغەکانی فەرماندەیی گشتی یەکیەتی کەلە شەڕەکانی دژ بە پەکەکە دەرئەکرا کەلە نووسینی تایبەتیی خودی مام جەلال بوون و زۆر زانیارییان لەسەر پێوەندییە تلیاکی و سیخوڕییەکانی سەرکردەکانی پەکەکەی تێدا دەخرایەڕوو، هەروەها بیروڕا و نووسینەکانی هەریەک لە نەوشیروان مستەفا، جەوهەر نامیق سالم، سامیی عبدالڕەحمان و فەلەکەدین کاکەیی لە سەردەمەکانی جەنگی پەکەکە دژ بە پارتی و یەکیەتی زۆر سوودمەند ئەبن بۆ ناسینی پەکەکە و سیخوڕییەکانی و خۆسەپاندیان لە باشووری کوردستاندا.

لە سەروبەندی گیرانی ئۆجەلان و دوای ئەوەی پەکەکە رووەو قەندیل هات، لەو کاتەوە رێککەوتنێکی ستراتیژیی نێوان پەکەکە و ئێران هەیە کە پەکەکە جووڵانەوەی خۆرهەڵاتی کوردستان خامۆش بکات لە بەرامبەریشدا ئیران هەموو هاوکارییەکی سەربازیی و ئیعلامی پەکەکە بکات. لەوەتەی پەکەکە بووەتە داردەستی کۆماری سێدارەی ئێران ئەوا ئێران زۆر کاری سەیر و سەمەرەی بەسەرا سەپاندوون کە نەک هەر لە چوارجێوەی خیانەتی نەتەوەیی تێپەڕ ئەکات بگرە ئەبنە پرچ رنینەەوە و شین کردن و سینەزەنی بۆ ساڵیادی کوژرانی حوسێن، یەک لەو نموونانەش بەیاننامەی ساڵی پاری بژاک ــ پەکەکە بوو کە بۆ ساڵیادی کوژرانی حوسێنی کوڕی عەلی بڵاویان کردبووەوە کە تێیدا ئاماژەیان بەوە دابوو: حوسێن یەکەم شۆڕشی مرۆڤایەتیی رابەرایەتی کردووە و بە خامۆش کردنی شۆڕشەکەشی ئەوا یەکەم دەستەی شۆڕشگێڕانی سەر زەوی خوێنین کرابوون و پێویستە درێژە بەو شۆرشە بدرێ\'\'!!

بە درێژایی رێککەوتنی نێوان ئێران ــ پەکەکە، یان راست‌تر بڵێم: گرێدراوی پەکەکە بۆ ئێران ئەوا پەکەکە دژایەتیی سەرەکی نەک هەر جووڵانەوەی کوردی خۆرهەڵاتی کردووە، بگرە دژایەتیی هەموو هێزە ناتەباکانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی لە ناوچەکەدا کردووە، بەتایبەت دژایەتیی پارتی کە هێزێکە زیاتر لە ئەمریکاوە نزیکە و هەروەها لە ئیستاداشدا وا دەرەکەوێ کە بە ئیعازی ئێران ئەوا پەکەکە شەمەندەفەری بەکرێگیراوی خۆی بۆ دژایەتی بزووتنەوەی گۆڕانیش بخاتەڕوو بەتایبەت لەو ساتانەی کە نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان گۆڕان و پارتی بەدی ئەکرێ ئەوا ئیعازی ئێران لەسەر پەکەکەش زیاتر ئەبێت، لە ستراتیژیشدا زیاتر ئەم راستییانە ئاراستەیان دەرەکەوێ!! سەیر ئەوەیە دەزگای ئیتلاعاتی ئێران هێندە کاری کردووەتە سەر رێکخستنەکان و سیاسەتی پەکەکە کە پەکەکە لە سێ ساڵی رابردووەوە نەک هەر بڕوای بە دەوڵەتی نەتەوە نەماوە، بگرە هەوڵی بە کانتۆنکردنی کەرکووک و سنجاریشی دا و راستەوخۆش ئەو کارەی بە ئەمری ئێران بوو کە بەسەریدا فەرز کرا، بەڵام بە گورزی هێزەکانی باشوور و \'\'تا رادەیەک!\'\' یەکگرتووییان ئەوا پەکەکە نەیتوانی ئەو سیاسەتە داگیرکارییەی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە باشووری کوردستاندا ئەنجام بدات.

هاوکارییەکانی ئێران بۆ پەکەکە لە رووی پروپاگەندەی راگەیاندنیشەوە بە جۆرێکە کە مامۆستای زانکۆ هەیە بۆ یەک بابەت کە لەسەر پەکەکە ئەینووسێت ئەوا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار وەرەگرێت، گۆڤاری تایبەت و بڵاوکراوەی تایبەتیش هەیە کە ئەم کارانە لە باشووری کوردستاندا ئەنجام دەدەن، بۆ بەدواداچوونیشتان بۆ ئەم باسە ئەوا لەو مامۆستایانەی زانکۆ ورد بنەوە کەلە باشووری کوردستاندا پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە ئەکەن، ئەو کات بە ویژدانەوە بە راستییەکان ئەگەن.

زیاتر لەمانەش، لەم ئان و ساتەدا کە پەکەکە خەباتی چەکداریی خۆی لە باکووری کوردستاندا کۆتایی پێ هێناوە و لە داواکاریی دەوڵەتی نەتەوە چووەتەوە و ئاشبەتاڵێکی سپی کردووە، ئەوا پرسیار ئەوەیە: مانەوەی هێزی چەکداری پەکەکە لە ناو پاسگاکانی سپای پاسداراندا بۆ چ ئامانجێکە!؟ تەراتێنی فەرماندەکانی پاسداران بۆ قەندیل و بە پاسگاکردنی لووتکە سەختەکانی ئەو زنجیرە شاخانە جگە لە ئامانجی خامۆش کردنی جووڵانەوەی خۆرهەڵاتی کوردستان ئەوا مەترسیداریش ئەبێت لە ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستانیشدا ئەوا ئێران لە رێی پەکەکەوە هەڕەشەکانی توندتر بکاتەوە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی باشووری کوردستان و قۆناغی بە پراکتیزەکردنی هەڕەشەکانی بکاتە دیفاکتۆ. باشە پرسیار ئەوەیە پەکەکە کە لەگەڵ تورکیادا لە قۆناغی چارەسەری دایە ئیتر ئەم شەڕە بۆ کۆماری کوردکوژی ئیسلامیی ئێران ئەکات!؟

لە هەموو ئەمانەش سەیرتر: ئەمڕۆ پەکەکە خیانەتێکی زۆر روونی نەتەوەیی بە هاوئاهەنگیی سپای پاسداران دژ بە گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت و هەموو کوردێکی شەرەفمەند ئەنجامدا، کە ئەویش بە تێکەڵاوکردنی هێزەکانی خۆیی و سوپای پاسداران ‌چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتییان شەهید و بریندار کرد، شایەنی نرخاندنە کە حیزبی دێوکرات یەکێکن لە رێزدارترین حیزبە نەتەوەیی‌یەکانی کورد کە تا ئێستاش تاکە حیزبی کوردین کە لە هەموو قۆناغە هەلبەز و دابەزەکانی مێژووەکەیاندا بە هیچ خیانەتێکی نەتەوەییەوە دژ بە پارچەکانی کوردستان تێوە نەگلاون و خاوەنی سەرمایەی رێبەرانی سەنگینی وەک \'\'پێشەوا قازی محەممەد و بیرمەندی بێ هاوتای کورد شەهید قاسملوو و شەهید شەرەفکەندی\'\'ن، دەی باشە پەکە جگە لە خیانەتێکی زۆر ئاشکرای نەتەوەیی کە بە فەرمانی ئێران کارێکی وایان ئەنجام دا ئەوا چ بیانوویەک هەڵ دەگرێ و تاکەی گوێ لەم کارە خیانەتکارییانەیان کپ بکەین و نەتەوەیی بوونمان لە ئاست راستییەکاندا ئاوەڵا نەکەینەوە!؟

پێویستە رووناکبیرانی باشووری کوردستان ویژدان و راستگۆیی‌یان بخەنە گەڕ ئەگەر پەکەکە بە تێکەڵاو بوونی سپای پاسداران دژ بە جووڵانەوەی کورد لە خۆرهەڵاتدا بووەستنەوە ئەوا بۆ هیچ هەڵوێستێکتان نییە!؟ کە دیارە مێژوو هەڵوێستی نەتەوەیی و خۆ-خامۆشکردن لە یاد ناکات و ئاگری تێکەڵاوی پەکەکە و سپای پاسداران لە قۆناغی‌تردا ئەیبینین کە بەرۆکی باشووری کوردستانیش ئەگرێتەوە.

وەک وترا، پەکەکە هیچ بیانوویەکیان بۆ ئەم کارانەیان جگە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی ئێران بوونی نییە، زۆرینەی ئەگەرەکانیش وا دێتەوە کە هەتا پەکەکە و سپای پاسداران تێکەڵ بن ئەوا بە قازانجی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد لە خۆرهەڵاتدا دەشکێتەوە و پێویستە حیزبی دێموکرات سوور بێت لەسەر بەردەوامیی هەڵگیرسانی جووڵانەوەی چەکداری و بەهێزترکردنی خەباتی سیاسی و دیپلۆماسیی خۆیان هەتا گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەکەمان لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا، هەموو کوردێکی شەرەفمەندی نەتەوەییش پشتیوانییان ئەکا، ئەیڵیمەوە: سەیرە و روونیشە کە پەکەکە بوونەتە پارێزەری سپای پاسداران.!!

لە راستییدا لە رووی سیاسییەوە لە ئێستادا هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان \'\'حیزبوڵڵای لوبنان و هادی عامری حەشدی شیعیی و پەکەکەی جەمیل بایکدا، دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بە تەواوی لە شانەکانی پەکەکەدا بە دریژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆیان روواندووە، هەر بۆیە ئەم سێ گرووپە \'\'حیزبوڵڵای لوبنان و هادی عامری حەشدی شیعیی و پەکەکەی جەمیل بایک لە ناو ووڵاتەکانیان و لە ناوچەکەشدا دژی هەموو جۆرە فرەیی و پرنسیپەکانی دێموکراسین و هەموو ئەجێندایەکیان پێکانی سیاسەتی هێژموون و بڵاوکردنەوەی شیعەی دوانزە ئیمامیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و فەقەت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە