کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردببنەوە، بۆ لەم تەوقیتەدا ئیعاز بە پەکەکە درا کە هێرش بکەنە سەر دیموکرات!؟

16:07 - 7 جۆزەردان 2715

شەریف هەژاری

بەشێکی زۆری ئەو کۆمێنت و مەسیجانەی بۆم هاتوون باس لەوە دەکەن بۆ دیموکرات لەم تەوقیتەدا چوونەتە ئەوێ و هەندێکی دیکەشیان \'\'بە پێچەوانەوە\'\' هەر ئەپرسن: تۆ بڵێی بۆچی پەکەکە لەم کاتەدا ئیعازیان پێ درابێت کە هێرش بکەنە سەر دێموکرات، لە رووی لۆژیکی هەڵسەنگاندنی سیاسییەوە راستییەکان بۆ ئەو پرسیارانەی ئێوەی بەڕێز بەم شێوەیەیە:

روونە کە دێموکرات هەمیشە پارتیزانەکانیان چوونەتەوە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان و دەیانجار خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە داگیرکەرەکانی ئێران پاراستووە، ئەمەش تەنیا لە پیناو پاراستنی ئەزموونی باشووری کوردستان و بیانوو نەدانە دەست زاڵمێکی وەک کۆماری سێدارەی ئێران بووە بۆ ئەوەی دەشت و لەوەڕگاکانی باشوور تۆپ باران نەکا و راستەوخۆ هێزی تیرۆریستی هاوشێوەی ئەنساروئیسلام نەنێریتەوە ناو باشووری کوردستان. بەڵام وەک وترا: هەمیشە دێموکرات لە پێناو پاراستنی ئەزموون و خاک و خەڵکی باشووری کوردستان سەربەخۆیی‌یانە و کوردانە سیاسەتیان کردووە و پێشم وایە لەم رووەوە هەقی سوپاسگوزاری کردنیان هەیە. هەرچی پەکەکەشە خودویستانە و خۆ بە هەموو شت زانانە هەرگیز نە حیسابی بۆ هێزەکانی باشوور نە خۆرهەڵات کردووە و هەردەم بەرژەوەندییە حیزبی و کۆنتاکتەکانی لەگەڵ بەرەی هیلالی شیعە لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە. جەنگی رابردووی پەکەکە لەگەڵ پارتی و یەکیەتی و زۆرینەی هێزەکانی گشت بەشەکانی کوردستان راستین و پێویستە ورد لە بارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانیانەوە توێژینەوە بکرێ، ئەو کات راستییەکان جگە لە خۆسەپاندنخوازی پەکەکە و سفرکردنەوەی هێزەکانی‌تر ئەوا رۆڵی بەکارهێنانیان لەلایەن ئێرانەوە روون دەبێتەوە و ناشکر بێت لە رووی زانستییەوە ئێمە لەسەر هۆکارەکانی شەڕەکانی نێوخۆ و بوون بە داردەستی بێگانە نەکۆڵینەوە و ستۆپ بکەین چونکە ئەوە دەیانجارە دووبارە ئەکرێتەوە و کورد دەرسی لێ وەرناگرێ!
لە سەروبەندی جووڵانەوە شەقامییەکانی شاری مەهاباد و خۆرهەڵاتی کوردستان کە نزیک بیست رۆژ پێش ئێستا سەرهەڵدانیان بەخۆوە گرت کە هۆکارەکەی لە دەرئەنجامی دژایەتی تەعەداکردن بۆ پاراستنی شەرەفی کچانی کوردەوە کڵپەی سەند، ئەوا حیزبی دێموکرات هەر زوو پشتیوانی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی سەرشەقامی راگەیاند و لە زۆرینەی خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستاندا وێنەی قاسملوو و دروشمی دێموکرات هەستی پێ دەکرا. شاری مەهاباد کە ناوەندی لایەنگرە بە گوڕەکانی حیزبی دێموکراتە ئەوا زۆرجار پێشڕەوی ئەو گیانبازییانەیە بەتایبەت دێموکرات دوو رێبەریان خەڵکی ناوچەکانی مەهاباد بوون هەم \'\'پێشەوا قازی محەممەد و هەم شەهید شەرەفکەندی برا بچووکی هەژاری موکریانی\'\'. بۆیە خێرا هێزەکانی پاسدارانی کۆماری کوردکوژی ئێران بە چەندان بەڵگە خۆپیشاندانەکانیان بە دەستی دژە شۆڕشەکان و حیزبی دێموکرات لە قەڵەم دا و بڵاوکراوە نهێنییەکانی دێموکراتیان لە کۆڵانەکاندا دەست بەسەردا ئەگرت و دروشمەکانی بژی قاسملوو بە تەواوەتی دەسەڵاتی ئێرانی تەنگەتاو کردبوو.

لەم سەروبەندەدا، کاتێک پارتیزانەکانی دێموکرات بۆ ئەوەی بە جووڵەی خێرا بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و چۆنیەتی سەرپەرشتی کردنی خۆپیشاندانە سەرشەقامییەکانیان دینامیکتر بن ئەوا باشترین کار ئەوەیە کەلە هەلومەرجێکی نوێی وەک ئێستادا دێموکرات بنکە لە دیوی باشوور ــ خۆرهەڵاتی قەندیل بکاتەوە و بە باشی سەرپەرشتی بەهێزبوونەوەی شۆڕش لە خۆرهەڵات بکات. بۆیە کاتێک مەفرەزەکانیان لە دیوی خۆرهەڵات ــ باشووری کێلەشین یەک ئەگرنەوە ئەوا راست لە لایەک پەکەکە و لە لایەک سپای پاسداران گەمارۆیان ئەدەن، سەرەتا یەکێک لە دێموکراتەکان وەک نوێنەرێک بەبێ چەک ئەچێتە لای پەکەکە و پێیان ئەڵێت: کە ئەوان برای یەکترن و پێویستە پەکەکە برایانە گەر پێیان ناکرێت هاوکارییان بکەن ئەوا رێگریشیان لێ نەکەن و شەڕی دێموکرات دژ بە داگیرکەری فارسە!!، بەڵام پەکەکە چەند رۆژێک نوێنەرەکەی دێموکرات ئەگرن و ئازاری دەدەن و پێی ئەڵین: بۆ هیچ کەس نییە لەم شاخانەوە دژایەتیی ئێران بکا و ئێمە هاوپەیمانییەتیمان هەیە و ئەم خاکە خاکی میدیایە و هی ئێمەیە!!، لە کاتێکدا وەک مەنتیق رووی باشووری کێلەشین هی حکوومەتی باشووری کوردستانە و دیوی خۆرهەڵاتیشی ئەگەر هی دێموکرات نەبێت کە حەفتا ساڵە شەهیدی تێدا ئەدەن و زۆرترین ژمارەی شەهیدیان هەیە و خاوەن سەرمایەی شەهیدانی وەک \'\'قازی، قاسملوو و شەرەفکەندین\'\'، ئەی ئیتر کێ خاوەنداریی لێ ئەکا و پەکەکە چۆن تاسەر تاپۆی ئەکات بۆ خۆی بە هاوکاری ئێران!!؟ بۆ پەکەکە هەر لەوێوە هەتا ناو ورمێ بنکەی هەیە و فەرماندەکانی پاسداران تەراتێنی تێدا ئەکەن کەچی دەسەڵاتی ئێران جگە لە هاوئاهەنگی لە گەڵیاندا ئەوا نقەی لێوە نایەت تەنیا مەکری حیلەکارانەی داگیرکارانە نەبێ!!؟

چۆنییەتی پلانەکە و جێ‌بە‌جێ کردنی:
وەک لە بابەتەکانی پێشوودا باسم لێ کرد پەکەکە رێکەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ ئێراندا هەیە و لە راستیشدا رێکەوتن نییە بەڵکوو ئێران بە تەواوی پەکەکەی بەو هۆیەوە کۆنترۆڵ کردووە و هەموو سیاسەتەکانی خۆی بەسەریدا جێ‌بە‌جێ ئەکا!! ئەگینا پەکەکە کەیفی خۆیەتی لە بەرەی ئێراندا بێت بەس مەترسیدارترین کار ئەوەیە ببێتە پارێزەری داگیرکەران!

پرسیاری دەقیق ئەوەیە: بۆ ئێران و پەکەکە بۆ ماوەی بیست رۆژ گەمارۆی ئەو مەفرەزەیەی دێموکرات ئەدەن و ورد کێوماڵی ناوچەکە ئەدەن، بەڵام لە سەرەتادا هێرش ناکەنە سەر مەفرەزەکەی دێموکرات!؟ چونکە روونە ئەگەر بیست رۆژ پێش ئێستا ئێران و پەکەکە لەو مەفرەزەیەی دێموکراتیان بدایە ئەوا هەموو خەڵک تێ ئەگەشت کە پەکەکە هۆکاری راستەوخۆی خامۆش کردنی خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانە و ئێران ئەم سیاسەتە دژەنەتەوەیی‌یەی بەسەردا جێ‌بە‌جێ ئەکا، بۆیە لە ئەگەرێکی وادا ئەوا لە رووی سیاسییەوە ئێران ــ پەکەکە و هێزە هاوپەیمانەکانی زەرەرمەند ئەبوون چونکە راستە رەنگە بیانتوانییایە زۆرینەی پێشمەرگەکانی ئەو مەفرەزەیە شەهید بکەن! بەڵام دوور نەبوو زۆر خراپتر لە ئێستا لەسەر پەکەکە و ئێران نەکەوێت و خەڵکی باشووریش بۆ دژایەتیکردنی ئەو کارە تەواو قێزەونە ئەهاتنە سەر شەقام و بە تەواوی پلانی پەکەکە ــ ئێران ئاشکرا ئەبوو، بۆیە لە ئەگەرێکی وادا هاتن پلانەکەیان وا لێ کرد کە هەوڵ بدەن دێموکرات لە بەرچاوی خەڵک ناشیرین بکەن و ئەو تۆمەتەیان بۆ دروست بکەن، بۆیە بۆ سەرگرتنی پلانەکەیان کات زۆر گرنگ بوو!! بەمەش هەم تاوانەکە زۆر لەسەر پەکەکە ناکەوێت \'\'وەک لە راستییدا تاڕادەیەکی کەم وا دەرچوو کەسانێکی ناهوشیار بە پلانەکەی پەکەکە ــ ئێران فریو دران\'\'، هەم لە لایەکی دیکەشەوە واش بکەن کە دێموکرات وەک پیاوی تورکیا لە قەڵەم بدەن چونکە هەڵبژاردن لە تورکیادا لە پێشە کە ئەمەیان خەڵک بڕوای تاڕادەیەک نەکردووە چونکە دێموکرات ئەگەر پیاوی تورکیا بوایە ئاوای لێ نەدەهات کە نان نەبێ بیخۆن و ئێستاش پێشمەرگەکانیان چەکەکانی ساڵانی هەشتاکانی هاوڕێ کۆنەکانیان لە شان دایە، تەنانەت دێموکرات تەلەفزیۆنەکەیان لەبەر بێ پشتیوانیی مادی وەستاندووە و سەرکردەکانیان لە رێی تی‌ڤی لایەنەکانی تر و یووتووبەوە پەیام ئەنێرن بۆ لایەنگرانیان!

کەچی لای دەسەڵاتی ئێران گیانی پێشمەرگەی دێموکرات بە نرخترین قیمەت ئەکا، بۆیە ئێران هەموو شتێک ئەکا بۆ کڕینی گیانی پێشمەرگەکانیان، ئا لێرەدایە ئەوە ئەسەلمێت: گەر دێموکرات کەمەرشکێنەری دەسەڵاتی داگیرکەری فارسی ئێران نەبن ئەوا چۆن دەسەڵاتی ئێران بە مەفرەزەکانی دێموکرات نەک تەنگەتاو بگرە ئیرادەی هێزەکانیشی ئەلەرزێ!! چونکە خودی دەسەڵاتی ئێران باش دێموکرات ئەناسێ و وەک خامنەیی ساڵانی پێشوو لە سنەدا وتی: بەدەستیانەوە زیاتر لە بیست هەزار سەربازیان لە ناوچووە!

ئەو تەوقیتە کە ئێران ــ پەکەکە دایان نا و بیست رۆژ گەمارۆیان دان ئەوا بۆ ناشیرین کردنی دێموکرات بوو لە بەرچاوی خەڵک و پەکەکەش ویستی ئەو بیانووە دروستکراوەی بکاتە کارتێک بۆ جێ‌بە‌جێ کردنی پلانی ئێران کە شەڕکردنە لەگەڵ دێموکراتدا و هەروەها بۆ مەرامی هەڵبژاردنەکان لە تورکیادا، ئەگەر نا باشە خۆ دێموکرات دەیان نامەیان ناردووە بۆیان کە ئەوان پەکەکە بە برای خۆیان ئەزانن، دواتریش گەریلاکانی پەکەکەیان دیل کرد و ئازادیشیان کردن و پێشیان وتبوون: خەباتی ئێمە شەڕکردن لەگەل پەکەکە نییە! ئێ باشە بۆ پەکەکە بە ئێستاشەوە واز ناهێنێت و هەر ئەیەوێت شەڕیان بکات!؟ باشە بۆ لە هەمان تەوقیتدا کە پەکەکە هێرشی کردە سەر مەفرەزەکەی دێموکرات ئەوا ئێرانیش بە دوو کۆپتەری جەنگی و سەدان پاسدارەوە لایەکی دیکەی مەفرەزەکەی دێموکراتیان گرتبوو کە مەجالی دەربازبوونیان بە دیوەکەی تردا نەبێت!؟ بۆ چ پەکەکە چ هێزەکانی سەربە ئێران لە باشووردا هەمان قسەی راگەیاندنەکانی دەزگای ئیتلاعاتیان لە یەکەم ساتی شەڕەکەدا ووتەوە کە دێموکرات تورکیا ناردوونی!؟ کە دیارە پێشتر فەرماندەکانی سپای پاسداران و پەکەکە و هێزێکی باشووری کوردستان لە قەندیل کۆبوونەتەوە و زۆر بە وردی پلانەکەیان داڕشتەوە و پێکەوەش هەموویان هەمان تۆمەتیان بۆ دێموکرات لای لایەنگرانیان و وێب سایتەکانیان بڵاو کردووەتەوە!؟

دواین وتەم ئەوە: باشە ئێستا کێ دەستی پەکەکەی گرتووە بۆ ناچێ بەدەم راگەیاندنی ئاشتەوایی لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا بە شاهیدی حکوومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەکانی هەرێم!؟ بۆ بە ئیعازی ئێران شەڕی دێموکرات ئەکا!؟ خۆ ئێستاش کات درەنگی نەکردووە و هێشتا شەڕی خۆکوژی براکانمان کڵپەی نەسەندووە!؟ بۆ لەسەر کەلەی شەیتان \'\'کە شەتانەکە ئێرانە\'\' نایەیتە خوار!؟

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە