کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم مامۆستای قوتابخانەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان، کۆچی دوایی کرد

17:54 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: خانمە خوسرەوی مامۆستای قوتابخانەی \'\'قەڵای سەردار\'\'ی شاری بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خانمە خوسرەوی ناسراو بە مسری خانم کە لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرکۆماری کوردستان، وەک یەکەم مامۆستای ژن بۆ قوتابخانەی قەڵای سەردای بۆکان دەستنیشان کرابوو، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا ماڵاوایی لە دنیای قەڵەم و پەروەردە کرد و ئەو ئەرکە پیرۆزەی بە هاوڕێیانی تێکۆشەری سپارد.

مامۆستا خوسرەوی، ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لە گوندی بەسریی شاری مەهاباد لە دایک بووە، لە سەردەمی کۆماری کوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکەم مامۆستای ژن لە قوتابخانەی قەڵای سەرداری شاری بۆکان وانەی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی وتووەتەوە.

پاش رووخانی کۆماری کوردستان لەگەڵ هاوسەرەکەی، شەهید محەممەد قودسی و ئەفسرانی کوردی باشوور بۆ عێراق دەگەڕێنەوە.

پاش ئیعدامی هاوسەرەکەی لەگەڵ سێ ئەفسەرە قارەمانەکەی دیکە لەلایەن رێژیمی عێراقەوە، مسری خانم خوسروەی بۆ شاری بۆکان دەگەڕێتەوە و هەتا کۆتایی تەمەنی هەر لە شاری بۆکان دەمێنێتەوە.

مسری خانم هەتا کۆتایی تەمەنی بە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان وەفادار مایەوە و جیگای رێزی خەڵکی شاری بۆکان و مەهاباد بوو.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییانی کوردستان دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەی بنەماڵەی دایە مسری خانم و بە تایبەت کوڕ و کچەکانی دەزانێت.