کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاوێک بەرەو ئاسۆ (کاوە بەهرامی)

14:42 - 12 جۆزەردان 2715

کاوە بەهرامی

دەمێکە باسی دەست پێکردنی خەباتی چەکداری دەکەین و لە دوور و نزیکەوە، کۆمەڵێک لە خەڵکی کوردپەروەر و نەتەوە پارێز و لایەنەکان، هەر کەس بە بۆچوونی خۆی لێکی دەداتەوە، زۆربەیان خەباتی چەکداری بە گرینگترین هەنگاو بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ رێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی دەزانن، تەنیا جیاوازییەک کە لەنێو نووسینەکاندا بەرچاو دەکەوێت، ئەوەیە کە تێکەڵ‌بوون لەگەڵ ئەو شێوە خەباتە و عەمەلی‌کردنی و لە دوورەوە لێکدانەوە لەسەر چەند و چوونی ئەو بوارە و رەخنەگرتن لە خەباتگێڕانی مەیدانی خەباتی چەکداری و مەنع و لۆمەکردنی حیزبە کوردییەکان لە پێوەندی لەگەڵ راگرتنی ئەو شێوە خەباتە دەرکەوت، بێ کەند و کۆسپ نەبوو، بە درێژایی ئەم چەند ساڵە بە لەبەر چاو گرتنی هەرێمی کوردستان بۆ خەباتی کوردستانی رۆژهەڵات دوورکەوتنەوەیەکی بەرچاوی بۆ ئەو پارچەیەی کوردستان بە دواوە بوو.

لەگەڵ ئەوەش ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شانازی بەوەوە دەکەین کە توانیمان بە بەڵێنەکانی خۆمان وەفادار بین و بەرژەوەندیی نەتەوەییمان لە سەرەوەی بەرژەوەندیی حیزبییەوە دانا.

هەر چەند لەو پێوەندییەدا لە زۆر بواردا زەرەمەند بووین، لە بابەتەکانی پێشوودا ئاماژەم بە چۆنیەتیی بارودۆخی ئێران و بەتایبەت ستراتیژیی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کرد و هەروەها ستراتیژیی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسم کردووە و ئاماژەم بە ئەرکی خۆمان لە هەلومەرجی هەنووکییدا کردووە.

کاتێک حیزبی ئێمە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بەرەو کوردستانی رۆژهەڵات بەڕێ کەوت، پێویستی بە ئیزن وەرگرتن و پاڕانەوە لە هیچ حیزب و کەس و لایەنێک نەبوو، ئەرکی ئەم حیزبەیە کە دژی رێژیمی تیرۆریست و تیرۆریست‌پەروەری کۆماری ئیسلامی خەباتی خۆی بە هەر شێوەیەک کە بە گونجاوی دەزانێ، درێژە پێ بدا، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە بەرەو سنوورەکانی کێلەشین لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێ کەوت.

کۆسپی دیکەی وەکوو پ‌ک‌ک لەسەر رێگای شین دەبێ و بەبێ لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی‌یەکان، پەلاماری چەند پێشمەرگەیەکی ئێمەی دا. رێگای هاتوچۆی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی بەرەو کوردستانی رۆژهەڵات بەست و وەکوو پاسەوانانی سنووری ئێران هەڵسوکەوتی لەگەڵ پێشمەرگەکانی ئێمە کرد. هەر ئەو حیزبە و لق و پۆکانی بە دەیان جار رایانگەیاندووە؛ حیزبەکانی رۆژهەڵات کەمپ‌نشین بوون و ئیرادەی شۆڕشگێڕییان لە دەست داوە، لە حاڵێکدا پاش تێکهەڵچوونەکەی چەند رۆژی رابردوو لەگەل چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات، دەڵێن ئێران کاری بە ئێمەوە نییە و بە بوونی ئێوەیە کە کێشە بۆ ئێمەش دروست دەبێ، لەلایەکی دیکەوە وەچەکانی پ‌ک‌ک وەکوو خۆیان دەڵێن \'\'پژاک، کۆدار و ...\'\' لە نێوخۆی ئێران دەسووڕێنەوە و گۆیا لەدژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن، داخۆ ئەوانە لە چ رێگایەکەوە بەرەو کوردستانی رۆژهەڵات رۆیشتبن؟، سەیر ئەوەیە کە کۆمەڵە کەسێک لە نێو کوردستان کە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتن، هێشتا لە پەلاماری پ‌ک‌ک بۆسەر حیزبی دێموکرات وەخەبەر نەهاتوون، بەڵام پاساو بۆ براکوژیی پ‌ک‌ک دێننەوە و دەڵێن حیزبی دێموکرات تەجاوەزی هەرێمی میدیای کردووە، ئەگەر ئێوە باوەڕتان بە کوردستانی گەورە هەیە و کورد بە یەک نەتەوە دەزانن؟ بۆ چی شەڕی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەن؟ ئەگەر خەبات بۆ نەتەوەیە، بڵێی حیزبی ئێمە دژە نەتەوەیی بین و دژی ئامانجەکانی خۆمان هەنگاو هەڵگرین؟ حیزبی دێموکرات بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ رزگاریی نەتەوەی کورد لە مەیداندا بووە و دەبێ و هەنگاوەکان و جێ پێی خۆی قایم دەکا هەتا بتوانێ پاشەکشە بە نەیارانی نەتەوەی کورد بکا و مێژوو و شانازییەکانی خۆی لە رۆژهەڵات چەند پات بکاتەوە، بە چاوخشاندنێک بە رابردوو و زیانەکانی شەڕی نێوخۆیی، هیچ حیزبێکی کوردی بە دژی خۆی نازانێ و رزگاریی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان بە ئامانجی خۆی دەزانێ .
بەهیوای سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و دوورکەوتنەوەی حیزبەکان لە هەر چەشنە بارگرژی و دووبەرەکییەک
نەمان بۆ نەیارانی گەلی کورد و بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە