کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری لەگەڵ کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سێنای ئەمریکا کۆبووە

17:44 - 12 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، لەگەڵ کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سێنای ئەمریکا کۆبووە و پرسە پێوەندیدارەکانی به بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و ناوچەکەی باس کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە درێژەی چالاکییەکانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سێنای ئامریکا کۆبووە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سێنای ئامریکا بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

سەرەتا، مستەفا هیجری ئامانج لەم سەردانەی خۆی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو نیگەرانییانەی کە لەهەمبەر بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە، تەنیا نیگەرانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نییە و تەواوی دۆستانی ئەمریکاش لە ناوچەکە ئەو نیگەرانییانەیان هەیە.

هیجری لەو کۆبوونەوەدا، نیسبەت بە قسەکانی باراک ئۆباما سەبارەت بە گرووپی داعش کە نیگەرانییەکی هاوبەشی ئێران و ئەمریکایە، باسی ئەوەی کرد کە ئەمە لێدوانێکی دروست نییە ئەگەر ئێمە وا بزانین ئەمریکا و ئێران لەهەمبەر داعش یەک ئاراستەیان هەیە.

سکرتێری گشتیی حیزب رایگەیاند، رێژیمی ئێران یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ناوچەکەیە و نیشانی داوە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچە، دەتوانێت هەر کارێک بکات تەنانەت ئەگەر ئەو کارە یارمەتیدان بە داعش بێت.

مستەفا هیجری باسی ئەوەی کرد، زانیاری زۆر روون لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئێران پیشان دەدات، بە پێچەوانەی ئەو شتانەی کەلە میدیا و لە تریبۆنەکاندا دەر دەکەوێت ئێران خەریکە لە ناو سنوورەکانی ئێراندا هەل بۆ داعش دەرخسێنێت بۆ ئەوەی ئەو گرووپە، بتوانێت خۆی رێک بخات و هێز بگرێت بۆ ئەوەی لە کات و شوێنی تایبەت بە کاریان بێنێت.

مستەفا هیجری باسی لەوە کرد کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ درێژەی ژیانی خۆیدا پیشانی داوە کە تەنیا لە بەرامبەر زۆر و گوشاردا کۆتا دێت. بۆیە پێویستە بزانن ئەگەر هەرچەشنە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بێتە ئاراوە، ئەوا بەردەوام بوونی گوشارەکان پێویستە. هەروەها پێویستە ئەو گوشارانە لەسەر ئێران بمێننەوە بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکەن کە لەهەمبەر کێشەی مافی مرۆڤدا هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت.

پاشان کارگێڕی پلەبەرزی کۆمیتەی کاروباری دەروەی سێنای ئەمریکا، وێڕای گرینگ‌نرخاندنی زانیارییەکانی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رایگەیاند کە ئەمە هەلێکی کەم وێنەیە کە ئەوان دەتوانن لە شێوە روانینی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاگادار دەبن، لەبەر ئەوەی کە ئەو شێوە روانینە شێوە روانینێکی جیاوازە و گوزارش لە بیروڕای گشتیی ناوچەکە دەکات.

ئەو کارگێڕە پلەبەرزەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سێنا باسی لەوە کرد، ئەو پرسیار و باسانەی کە هیجری باسیان لێوە دەکات هەر ئەو پرسیار و باسانەن کە ئەوان هەوڵی روونکردنەوەیان دەدەن و لە ئیدارەی ئۆبامای دەپرسن.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی سێنا باسی لەوە کرد کە گرینگترین مەسەلە ئەوەیە کە ئەگەر رێککەوتنێک هاتە ئاراوە پێویستە چ ستراتیژییەک بگیردرێتە بەر بۆ ئەوەی کە ئێران لە هەلومەرجی تازە وەک هەلێک بۆ دەستێوەردانی زیاتر لە ناوچە کەڵک وەر نەگرێت.

لە درێژەی باس و پرسیارەکانی نێوان ئەندامانی کۆمیتەی سێنا و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، ئە کۆمیتەیە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر رێککەوتنێکیش لە ئارادا بێت تەنیا بۆ زیاتر مەحدودکردنەوەی ئێرانە و هیچ جۆرە دۆستایەتییەک لە نێوان ئێران و ئەمریکا نابێت، لەبەر ئەوەی ئەمریکا تێدەگات کە هەڵسوکەوتی ئێران بەهیچ شێوەیەک گۆڕانی بەسەردا نایێت.

هەروەها لەو سەردانەدا، کۆمیتەی کاروباری سێنا راوبۆچوونی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەر وڵاتی عێراق خواست و کۆمیتەی کاروباری دەروەی سێنا لەو بارەیەوە وتی، ئێمە هەموو جۆرە کارێک لە پەروەدەوە بگرە هەتا دانی چەکمان بە عێراقیان کردووە، کەچی هێشتا ئەو کارانە وەڵامیان نەداوەتەوە، بە باوەڕی ئێوە، سکرتێری گشتیی حیزب، هۆکاری بە ئاکام نەگەیشتنی ئەو هەوڵانە دەتوانێت چی بێت. هێجری لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وتی، سەرەکیترین هۆکاری شکستی ئەو هەوڵانە لە راستیدا دەستێوەردانی ئێرانە. ناوبراو وتی، تەنیا یەک کار دەتوانن بۆ نەجاتی عێراق بکەن و ئەویش ئەوەیە کە دەستێوەردانی ئێران لەوێ کەم بکەنەوە. هیجری هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران ئامرازی زۆرە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری عێراق، بەڵام هاوکاتیش هەڵەی لێکۆڵینەوەی ئەمریکایی‌یەکان هەتا ئێستا گەورەترین هەلی بۆ ئێران رەخساندووە.