کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بە دژی یادکردنەوەی خومەینی لە تۆرێنتۆ بەڕێوە چوو

14:55 - 13 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندەران یادکردنەوەی خومەینی لە وڵاتی کانادا، بە بێ‌ڕێزی بە دانێشتوانی ئەو وڵاتە وەسف دەکەن کە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بوونەتە قوربانی سیاسەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە رێبەرایەتی موسەوی خومەینی رێبەری ئەو کاتی رێژیمی ئێران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خۆپیشاندانێکی بەرین لەلایەن دانیشتوانی دەڤەری تۆرێنتۆ بە دژی یادکردنەوەی مردنی خومەینی لەلایەن مزگەوتێکی ئەو شارە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی. بەڕێوە چوو.

ئەم خۆپیشاندانە لەسەر داوای لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کۆمەڵگای کورد و ئێرانی دەڤەری پارێزگای ئونتاریو رێکخرابوو.

خۆپیشاندەران لەو باوەڕەدابوون، ئەم یادکردنەوەیە بێ رێزییە بەو دانیشتووانەی کانەدا کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بوونەتە قوربانی سیاسەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە رێبەرایەتی موسەوی خومەینی رێبەری ئەو کاتی رێژیمی ئێران.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم مەراسمە بۆ وەها کەسێک کە دەستی بە خوێنی هەزاران رۆڵەی کورد سوور بووە، داوایان لە خەڵک کرد لەم خۆپیشاندانەدا بەشداریی بکەن.

وەزیری بەرگریی کانەداش ناڕەزایەتی خۆی لە گرتنی وەها بیرکردنەوەیەک دەربڕی و رایگەیاند، بیرکردنەوەی دیکتاتۆرێک لە کانەدا جێگای داخ و کەسەرە.

لەو خۆپیشاندانەدا کۆمەڵێک لە ئەندام پارلمان بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کردبوو و وێڕای پشتیوانی لە خۆپیشاندەران وتاریان پێشکەش کرد.

لەم خۆپیشاندانەدا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە دانیشتوانی ئەو شارە پێشوازیان لە بانگەوازی حیزبی دێموکرات و کۆمەلە بۆ بەشداری لە خۆپێشاندانە کرد و بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دروشمی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان بە یادکردنەوەی خومەینی لە تورێنتۆ دەربڕی.

رووحوڵڵا موستەفەوی موسەوی خومەینی، ناسراو بە خومەینی رێبەری شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، دوای هاتنەسەرکاری ناوبراو توندترین و سەخترین گوشارەکان لە بواری سیاسیدا بەسەر خەڵکی ئێران داسەپا.

لە ماوەی دەسەڵاتی ناوبرا بە دەیان کەس لە جیابیران، مامۆستایانی زانکۆ و رووناکبیران ئیعدام یا لە وڵات دەرکران.

رۆژی ١٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٨ هەتاوی، رۆژی مەرگی خومەینییە.