کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە واشنگتۆن کۆبووە

16:18 - 14 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: لەو کۆبوونەوەیەدا، هیجری بە وردی باسی لەسەر هەلومەرجی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان و ئێران کرد و لەم بارەوە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی شی کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی چالاکییەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لەو وڵاتە، کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، مستەفا هیجری بەڕێوە برد.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە دەڤەری واشنگتۆن لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداریان کرد.

سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیە بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و دوایین شەهیدی حیزبی دێموکرات، قادر کەریمی دەستی پێکرد.

دواتر جەماڵ عەبدوڵڵا زادە، بە نوێنەرایەتی ئەندامانی حیزب بە گەرمی بەخێرهاتنی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی بۆ ئامریکا کرد و هیوای خواست کە لە گەشتە سیاسی و دیپلۆماسیەکەیدا سەرکەوتوو بێت.

هیجری لەسەرەتای قسەکانیدا بە وردی پڕژایە سەر هەلومەرجی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان و ئێران و لەم بارەوە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە شی کردەوە.

ناوبراو لەو کۆبوونەوەدا، تیشکی خستەسەر بارودۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و لەو پێوەندییەدا، هەنگاو و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ ئەندامان باس کرد.

سکرتێری گشتیی حیزب لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە هەلومەرجی نێوخۆیی حیزب کرد و لەم بارەیەوە وێڕای پێشکەش‌کردنی رێنوێنی بەنرخ بۆ گەشەی کاری سیاسی و تەشکیلاتیی حیزب لە ئامریکا، دوورەدیمەنی جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی لە چیای کێلەشین هێنایە گۆڕێ.

مستەفا هیجری، پاشان سەبارەت بە داهاتووی حیزب و پێوەندییەکانی نێوان ئێمە و هاورێیانی پێشوو چەند بابەتێکی باس کرد و لەو بارەوە ئاشکرای کرد کە حیزبی دێموکرات بە گوێرەی پەسەندکراوەکانی خۆی هەنگاو بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵدێنێتەوە و لەو بارەوە تاکوو ئەنجامی دڵخواز کە لە قازانجی کۆمەڵانی خەڵک و بزوتنەوەی میللی دێموکراتیکی کوردستان بێ، لە هیچ کار و هەوڵیک دەریغ ناکات.

لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا، ئەندامانی حیزب لە باسێکی کراوە و دۆستانەدا، بۆچوون، پێشنیارە و پرسیارەکانی خۆیان روو بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هێنایە بەرباس و سکرتێری گشیی حیزب وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

لێدوان و هەڵسەنگاندنی سکرتێری گشتیی حیزب سەبارەت بە پرسیارەکان، لەگەڵ پێشوازیی گەرمی ئەندامانی حیزب بەرەڕوو بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، بنەماڵەی ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە دەڤەری واشنگتۆن بە مەبەستی بەخێرهاتن و دیدار نوێکردنەوە لەگەل مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆڕێکی دۆستانەیان بۆ ناوبراو پێکهێنا.

سەرەتای ئەو رێوڕەسمە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. 

پاشان سکرتێری گشتیی حیزب وێرای سپاس و دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە پێشوازیی گەرمی ئەندام، لایەنگر و دۆستانی حیزب لە ناوبراو، باسێکی سیاسی پێشکەش کرد.

هیجری لە باسەکەیەدا، باسی لە وتووێژی ناوکیی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئێران کرد و لەو بارەوە وتی، یەکێک لە ئامانجەکانی سەفەرەکەی بۆ ئۆرووپا و ئامریکا ئەوەیە کە وڵاتانی رۆژئاوایی لە مەترسییەکانی رێککەوتن لە گەڵ ئێران ئاگادار بکاتەوە.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە دواین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی کوردستان، ئێران، ناوچە و جیهان چەند باسێکی پێشکەش کرد و لەو بارەوە سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی بە وردی شی کردەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سپاسی پشتیوانی هەمەلایەنی ئەندام و لایەنگرانی حێزبی دێموکراتی کرد و هیوای خواست کە ئەو پێوەندی و پشتیوانیانە بەردەوام بێت.

لە کۆتاییدا، ئامادەبووان پرسیار و تێبینی خۆیان ئاراستەی ناوبراو کرد و لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وڵامی پرسیارەکان درایەوە.