کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شەهید: کپ‌کردنی دەنگی چالاکانی مافی مرۆڤ، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران خراپتر دەکات

16:15 - 17 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئەحمەد شەهید لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کپ کردنی دەنگی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ، خراپتر بوونی بارودۆخی مافی مرۆڤی لە ئێرانی بەدواوە دەبێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەحمەد شەهید لە بەیاننامەکەیدا، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەستبەسەری و خستنە ژێر چاوەدێری سەرەڕۆیانە و نایاسایی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە توندی دەربڕیوە.

رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: بێدەنگ کردنی رۆژنامەنووسان و رەخنەگران قەبووڵ ناکرێت، ئەم کردەوانە خەسار بە وتووێژی گشتیی دەگەیەنێت و خەڵکی ئێران و جیهان لە زانیارییە گرینگەکان لەبارەی راستییەکانی ئەم وڵاتە بێبەش دەکات.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتەکەی خۆیدا رایگەیاندووە کە رۆژنامەنووسان دەستبەسەر یا دەخرێنە ژێر چاوەدێری و زۆربەیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل میدیا بیانییەکان، پڕوپاگەندای دژی رێژیمی ئیسلامی، رەخنەی توند لە رێبەرانی رێژیم یا وتووێژ لەسەر پرسی هەستیاری سیاسی دەکەونە ژێر چاوەدێرییەوە.

پێشتریش، ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها لە یاساکانی پێشتر کە دەبێتە هۆی پێشێلکاری مافی مرۆڤ نیگەرانی دەربڕیوە و وتوویەتی: پێویستە رۆژنامەوانان پشتیوانییان لێبکردرێت و بە هۆی کارەکەیانەوە نەکەونە ژێر چاوەدێرییەوە.

هەروەها، ئەحمەد شەهید، پێشتریش چەندین جار داوای لە رێژیمی ئێران کردووە ئەو یاسایانەی کە بەربەستیان دروست کردووە بۆ دەربڕینی ئازادی رادەربڕین و میدیاکان وەلابنێت، رۆژنامەنووسانی زیندانی ئازاد بکات.