کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیونی راگەیاندنی حدکا، بەشێک لە هەواڵێکی ماڵپەڕی باس‌نیووز رەت دەکاتەوە

15:07 - 18 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: ئێوارەی ئەمرۆ، کاتژمێر ١٦:٥١ خولەک، لە سەر ماڵپەڕی باس‌نیوز، هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە بەشێک لە زانیارییەکانی ئەو هەواڵە بە زاری ئەندامێکی دەفتەری سیاسی حدکاوە پشتڕاست‌ کراوەتەوە، کە لەم رێگەیەوە رەت دەکرێتەوە.

بەشی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، بۆ روونکردنەوەی ئەو بابەتە، پێوەندی بە بەشی راگەیاندنی سکرتارییەتی حیزبی دێموکراتەوە کرد و سکرتاریەتی حیزب لەو پێوەندییەدا، ئەو هەواڵەی باس‌نیووزیان کە لە زاری ئەندامێکی دەفتەری سیاسی حدکاوە بڵاوکراوەتەوە، وێڕای رەتکردنەوە، بە دوور لە راستییان زانی.

لەو هەواڵەدا، باس لە جووڵاندنی هیزێکی گەورەی پ.ک.ک کراوە کە بە چەکی قورسەوە بەرەو شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی حدکا وەرێکەوتوون و ئەو زانییارییانە لە لایەن ئەندامێکی دەفتەری سیاسی حدکاوە پشتڕاست کراوەتەوە بۆ ماڵپەڕی باس‌نیوز و هەر ئەو ماڵپەڕە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی بە هێچ شێوەیەک نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت.

دەقی ئەو بەشە لە هەواڵی باس‌نیوز کە لە لایەن کۆمیسیونی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتەوە جێگای باسە و رەت دەکرێتەوە بەم چەشنەیە:

باس‌نیوز: باسنیوز بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە، پەیوەندی کرد، بە دەمهات عەگید، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) بەڵام پەیوەندییەکان سەرکەوتوو نەبوون. لەلای خۆشییەوە ئەندامێکی دەفتەری سیاسی حدکا، کە ئامادەنەبوو بە هیچ شێوەیەک ناوەکەی بڵاو بکرێتەوە، ئەو هەواڵانەی پشتڕاست کردنەوە و گوتی بەڵێ پەکەکە و ئێرانیش لە ناوچەکە جووڵە بە هێزەکانیان دەکەن و هێز لەو ناوچەیە کۆ دەکەنەوە، بەڵام ئێمە نامانەوێت دۆخەکە زیاتر خەست بکەینەوە و کێشەکە گەورەتر بکەین، بۆیە نامانەوێت ئەو هەواڵانە لە زاری ئێمە بڵاو ببنەوە.

لەهەمان کاتدا کە باس‌نیووز بە دوور لە پرنسیپە ئەخلاقی و پیشەییەکان بە بێ هیچ شێوە لێدوان و ئیزن وەرگرتن، لە زاری ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە کۆمەڵێک زانیاری پشتڕاست دەکاتەوە، بەشی راگەیاندنی حدکا پێوەندی بە بەرپرسی ژووری هەواڵی باس‌نیوزەوە دەکات، بەڵام بۆ راستکردنەوەی ئەو گافە راگەیاندنییە، هیچ هاوکارییەکی پێوەندی تەلەفوونی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران ناکەن و بۆ بە دواداچوون لەسەر ئەو پرسە، پێشنیاری مەحکەمەی حکوومەت دەکەن.

هەر بەو هۆیەوە و بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە چەواشەکاریی دوور لە پڕنسیپە پیشەییەکان، بەشی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێرای رەت کردنەوەی ئەو پشتراستکردنەوە لەژێر ناوی لێدوانی ئەندامێکی دەفتەری سیاسی، لە ماڵپەڕی باس نیووز داوای روونکردنەوە و وەڵامی پێویست بەرانبەر بەو بەشەی ئەو هەواڵە دەکات کە بەو شێوەیە و بە زاری ئەندامێکی سەرکردایەتی حدکا بڵاویان کردوەتەوە.

نزیک بە یەک مانگە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی چالاکی لە نێوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات و پێوەندی گرتن بە خەڵکی رۆژهەڵاتەوە، چەند هێزێکی رەوانەی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کردووە.

لە پرۆسەی ئەو چالاکییانە و رێگری کردن لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، هێزەکانی ئەو پارتە هێرش دەکەنە سەر تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و لەو هێرشە، یەکێک لەو پێشمەرگانە شەهید و ٣ کەسی دیکەش بریندار دەبن.

حیزبی دێموکرات جگە لە هەموو هەوڵەکانی خۆی چ پێش ئەو کردەوە و چ دواتر بۆ پێشگرتن لە دووپات بوونەوەی هەر چەشنە رووداوێکی دیکەی ناخۆش، بە دەم داواکاریی حکوومەتی هەرێمی و کوردستان و هەموو لایەن و دڵسۆزەکانەوە رۆشت و پرۆسەی دیالۆگی گرتەبەر.

هەتاکو ئێستا دۆخەکە بەرەو ئاسایی بوون دەڕوات و تاکوو بڵاو بوونەوەی ئەم روونکردنەوە، ئاڵۆزییەکی دیکە رووی نەداوە و جگە لەوەش و هەنووکە، هاوکات هێزەکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها پ.ک.ک لەو ناوچانەدا لە حاڵی جوولەکردن دان.

هەواڵی پێوەندیدار:

- پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ کرانە ئامانجی هێرشی گەریلاکانی پ‌ک‌ک + تەکمیلی

- ٧ گەریلا لەلایەن پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتەوە ئازاد کران