کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شێخ مەعشووقی غەزنەوی لە ئاڵمان بەرز راگیرا

15:16 - 19 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێورەسمێک بۆ یادی شێخ مەعشووق غەزنەوی کەسایەتی دیاری کوردستانی سووریە لە وڵاتی ئاڵمان، بەرێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن کوردناس ئەنجومەنی نەتەویی کوردی سووریە و بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە پارت و رێکخراوە کوردییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، هونەرمەندان، کەسایەتییە ئایینی و ئەدەبییەکان و بنەماڵەی شێخ مەعشووق غەزنەوی لە وڵاتی ئاڵمان رێورەسمێک بۆ یادی ئەو کەسایەتییە ناودارە کوردەی کوردستانی سووریە بەرێوەچوو.

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بە سەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ــ ئاڵمان بەشداری رێورەسمەکە بوو و بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

نەقشبەندی لە قسەکانیدا باسی لە بوێری و ئازایەتی شێخ مەعشووق لە بەرانبەر رێژیمی بەعس کرد و وتی: شێخ مەعشووق لەگەڵ ئەوەی کەسایەتییەکی ئایینی بوو، لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی شۆڕشگێر و نەتەوەییش بوو و لە هەردوو بواردا خزمەتێکی زۆری بە نەتەوەکەی کرد و هەرگیز لە ئاست زوڵم و زۆردارییەکانی رێژیمی سووریە بێ‌دەنگ نەبوو، هەر بۆیە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە بەرز دەنرخێنین و وەک شەهیدی رێگای رزگاریی گەلی کوردی لێی دەڕوانین و بە شەهیدی گەلەکەمانی دەزانین.

شەهریار نەقشبەندی روو بە پارت و رێکخراوە کوردییەکانیش وتی: ئەمڕۆ گەلی کورد توانیویەتی سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست بێنێ، ئەم سەرکەوتنانە وەک هەمیشە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانی تووڕە کردووە و ئەوان بە هەموو جۆرێک هەوڵی ئاژاوەنانەوە لە نێوان ریزەکانی گەلی کورد دەدەن و ئاستەنگ بۆ خەبات و تێکۆشانمان ساز دەکەن، هەربۆیە جێگای خۆیەتی گەلی کورد بە وریاییەوە هەنگاو هەڵێنێتەوە و پیلانی دوژمنان پووچەڵ بکات و یەکریزی و تەبایی خۆی بپارێزێت.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانی دا باسی لە هێڕشی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کرد و وتی: بەداخەوە لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوتنە بەر هێرشی گەریلاکانی پەکەکە و هاورێیەکی پێشمەرگەمان شەهید و سێ پێشمەرگەش بریندار بوون.

نەقشبەندی دڕیژەی دا کە ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر رێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات هەم بە نامە و هەم لە رێگای دۆستانی هەردوو لایەنەوە، داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە رێگەی ئاشتییەوە کردبوو، بەڵام پەکەکە بە فیشەک وڵامی ئەو نیازپاکییەی حیزبی دێموکراتی دایەوە.

بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لە رێوڕەسمی یادی شێخ مەعشووقدا پێداگریی کردەوە کە هێڕشی پەکەکە بۆ سەر حیزبی دێموکرات ناڕەزایەتی بەرینی لێکەوتووە و پشتیوانییەکی زۆر هەم لە لایەن گەلی کورد و هەم پارت و رێکخراوە کوردییەکان لە حیزبی دێموکرات کرا و ئەو کردەوەیان مەحکووم کرد.

ناوبراو وتیشی: ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیوا دەخوازین کە هەرگیز رووداوی لەو چەشنە روو نەداتەوە و خوێنی رۆڵەی کورد بە دەستی کورد نەڕژێ، بۆ ئەوەش پێویستە هەموو لایەک بەتوندی بە گژ ئەو کردەوانەدا بچنەوە و ئیزن بە پاوانخوازی هیچ لایەنێک نەدەن.

نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بێ گومان دوژمنانی کورد و بەتایبەت رێژیمی ئیسلامی وەک سەرەکیترین دوژمن هەرگیز واز لە پیلان و ئاژاوەنانەوە لە دژی گەلی کورد ناهێنێ، ئەمرٶ گەورەترین دوژمنی گەلەکەمان کۆماری ئیسلامییە و دەبێ لامان روون بێت کە رێژیمی ئێستای سووریە واتە رێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەو رێژیمە بۆ مانەوەی ئەسەد هەموو کارێک دەکات، هەر بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان زۆر هوشیار بین و نەکەوینە ناو داوی داگیرکەرانەوە.