کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی حیزبی سووسیالیستی فەرانسە بەشداریی کرد

20:53 - 19 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی سووسیالیستی فەرانسە لە ٧٧ـەمین کۆنگرەی ئەم حیزبەدا بەشداریی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی سوسیالیستی فەرانسە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور ئومید ساعدی بە نوێنەرایەتی لە دەفتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکرات، لە ٧٧ـەمین کۆنگرەی حیزبی سووسیالیستی فەرانسە، کە لە ماوەی رۆژانی ١٥ هەتا ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری پواتیە بەڕیوەچوو، بەشداریی کرد.

لە بەشێکی بەرنامەی کاریی ئەم کۆنگرەدا، پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی فەرانسە و هەروەها سیاسەتەکانی حیزبی سوسیالیست لە پێشخستنی بەرنامەکانیدا خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

بەشێکی دیکە لە بەرنامەی کاری کۆنگرەکە بە تاوتووێ کردنی کێشە نێونەتەوەییەکان و رۆڵی فەرانسە لەم بوارانەدا، وەک بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناڤین بەتایبەتی جینایەتەکانی داعش لە سووریە، عێراق، کوردستان و بابەتە پەیوەندییدارەکان تەرخان کرابوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەشی سەرەکی بابەتەکانی کۆنگرە بە بەرنامە و سیاسەتەکانی هەڵبژاردنی ناوەندەکانی رێبەری ئەم حیزبە تەرخان کرابوو و لەم بەشەدا ژان کریستوف کامبادلیس بۆ جارێکی دیکە وەکوو سکرتێری گشتیی حیزبی سووسیالیستی فەرانسە هەڵبژێردرا.

لە ٧٧ـەمین کۆنگرەی حیزبی سووسیالیستی فەرانسە جگە لە ئەندامانی رێبەری، بەریوەبەرانی دەوڵەتی و نوێنەرانی فێدراسیۆنەکانی حیزبی سوسیالیست لە سەرتاسەری فەرانسە، رێژەیەکی بەرچاو لە شاندە نوێنەرایەتییە حیزبییەکان و رێکخراوە دەرەکییەکان لە سەرتاسەری جیهانیش بەشداریان کرد.

دوکتور ئومید ساعدی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لابەلای بەرنامە کارییەکانی کۆنگرەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوە دەرەکییەکان و کەسایەتییەکانی بەشداربوو لەو کۆنگرەیەدا چاوپێکەوتنی پێک هێنا و لە پەیوەندی لەگەڵ پرسە ناوچەییەکان و بەتایبەت بارودۆخی ئێران و کوردستانی ئێران وتووێژی کرد.

ئەم راپۆتە باس لەوە دەکات کە جگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ژمارەیەکی دیکە لە حیزبە کوردستانییەکانی دیکەش بە هەناردنی نوێنەر لەم کۆنگرەیەدا بەشدارییان کردبوو.