کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکی کۆتایی، براوەکان و دۆراوەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا

14:35 - 20 جۆزەردان 2715

مەجید حەقی

هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە هەموو پێوانەیەک مێژوویی بوون. یەکەم ئەو هەڵبژاردنانە نیشانیان دا کە تورکیا لە رووی دێموکراسیەوە گەیشتۆتە ئاستێکی بەراوردی پێگەیشتوو (politicalmaturity) بە شێوەیەک کە هەموو حیزبەکان چ ئەوانەی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە چ ئەوانەی کە دۆراویانە ئاکامی هەڵبژاردنیان قەبووڵە. دووەم هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا بە هۆی هەڵکەوتی گەورەترین بەشی کوردستان لە ناو تورکیادا باندۆری لە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان و بەرەوپێش چوونی پرسی کورد لە وڵاتانی دیکەدا هەیە. سێهەم: ئاکامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەوجارە دەنگێکی بەرز و گۆیا بوو دژی پرۆسەی ئیسلامی کردن و پەیامێکی بەرزی کۆمەڵگای تورکیا بە هەموو پێکهاتەکانی بە AKP و ئەردۆغان بوو لە مەڕ پشتیوانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا لە ئیسلامی سیاسی و توندئاژۆیی داعش. لەو رووەوە ورد بوونەوەیەکی خێرا لە دۆراوەکان و براوەکانی هەڵبژاردنەکانی 7.6.2015ی پەرلەمانی تورکیا یارمەتیدەرمان دەبێت لە نزیکبوونەوە لە پرسە سیاسیەکانی ناو تورکیادا:

هەڵبژاردنەکانی تورکیا سێ دۆراوی دیاری هەبوو:

1 ـ سەرۆک کۆمار تەیب ئەردۆغان گەورەترین دۆراوی ئەو هەڵبژاردنانە ببوو. بە پێی دستووری تورکیا سەرۆک کۆمار دەبێ کەسێکی بێلایەن بێت لە هەلبژاردنەکاندا و نابێت بە قازانجی هیچ حیزب و حیزبێکی ناو گۆرەپانی هەڵبژاردنی تورکیادا پرۆپاگەندە بکات و لایەنگری لە هیچکام لەوان بکات. ئەردۆغان لەو هەڵبژاردنەدا لە پلەی یەکەم وەک سەرۆکی AKP و خاوەنی پرۆژەی بەسەرۆکایەتی کردنی تورکیا شار بەشار دەگەڕا و بە یارمەتی وەرگرتن لە قورئان و پیرۆزیە ئایینەکان هەوڵی دا هەموو دەنگەکان بۆ لای AKP و حیزبی خۆی واتە بیرۆکەی سەرۆکایەتی بەهێز لە تورکیادا راکێشێ.

2 ـ دۆراوی دووەم هەموو ئەو بیروباوەڕانەبوو کە پێیان وایە بە سەرۆکایەتیەکی بەهێز و بەناوەند کردنی سەرۆک لە هەموو پرسەکاندا دەتوانن دەسەڵاتی رەهای خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن و دەنگی خەلک وەک پردەبازێک بۆ بیرکردنەوە بە جیاتی هەموو نەتەوە و گەلان بەکار ببەن. ئەمە پەیامێکی روون بوو بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا و بۆ حیزبە کوردستانیەکانیش کە سنووری نێوان کایەی دێموکراتیک و خۆسەپاندنی سیاسی و هێزی زۆرداری دابنێن.

3 ـ دۆراوی سێهەم خودی AKPبوو. حیزبی داد و گەشەپیدان دوای سێزدەساڵ لە دەسەڵاتداری و بەهۆی سیاسەتەکانیەوە ببوو بە حیزبی پێکهێنەر سوڵتانەکان و خەونی دامەزراندنی ئیمپراتۆری نوێی دەدی. بە دابەزینی زیاتر لە 18% دەنگەکان بە چاو هەڵبژاردنەکانی سالی 2011دا کۆتایی AKP دەست پێبوو و وەک زۆر حیزبی دیکەی مێژووی تورکیا کە سەردەمانێک دەسەڵاتدارترینیان بوون نسکۆی ئەو حیزبەش لەو هەڵبژاردنەدا دەست پێبوو.

هەڵبژاردنەکانی تورکیا براوەی زۆری هەبوو:

1 ـ یەکەم براوەی ئەو هەڵبژاردنانە خەڵکی تورکیا بە هەموو نەتەوە، ئایین، کولتوور و زمانەکەوە بوو. تورکیا نیشانی دا کە وڵاتێکی موسوڵمان دەتوانێت خەلکەکەی ئاییندار بێت بەڵام هەموو بیروباوەرەکان لە رکەبەریەکی تا ئاستێکی رێژەیی تەندوروست بەشداری بکەن لە پرسەکانی سیاسی و بڕیاری سیاسی ئەو وڵاتە. ئەمەش بەتایبەت بە سەرکەوتنی HDP تورکیای هەنگاوێکی نزیک کردەوە لە ستانداردەکانی یەکیەتی ئورووپا و دەتوانێت ببێتە هۆی چالاکتر بوونی رەوتی ئەندامەتی ئەو وڵاتە کە لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا بەکردەوە راوەستاوە.

2 ـ گەورەترین سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنەدا HDP و نەتەوەی کورد بوو. HDP بە هەڵبژاردنی سیاسەتێکی گشتگر کە لەودا وەک یەکێک لە حیزبەکانی تورکیا چارەسەری پرسی نەتەوایەتی و کەمانیە نەتەوەیی و ئایینی، زایندەیی (جێندەری) و کرێکار و زەحمەتکێشان وەک ئاجێندای سیاسی خۆی هەڵبژاردبوو توانی ئاستێکی بەرزتر لە رادەی چاوەڕوانی ببینێتەوە و ببێتە چوار حیزبی سەرەکی وڵاتی تورکیا. بەوەش لە حاڵەتی حیزبێکی شەقامی و مەیدانەکاندا دەرکەوت و بوو بە حیزبێکی پەرلەمانی و خاوەن بەرپرسایەتی یاسادانان و بەشداری لە پرۆسە یاساییەکاندا.

3 ـ پرسی کورد لە باکووری کوردستان بوو بە پرسێکی تورکیایی کە پێویستە لە ئاستی یاساداناندا و بەشێوەیەکی دێموکراتیک لە هەموو ئاستەکانی سیاسی – کۆمەڵایەتی و چاندی و ئابووریدا چارەسەر بکرێت و ستاتۆیەکی یاسایی بۆخۆی بەدەست هێنا کە چیدیکە دەوڵەتی تورکیا نەتوانێت لە گەڵ پرسی کورد بەشێوەی پرسێکی هێمنایەتی و شەڕی دژی تیرۆر هەڵسوکەوت بکات. دەبێ سوپاسی دووساڵ ئاگربەس و نەبوونی شەڕ بکرێت، چونکە بەوە دێموکراتە تورکەکان، لیبراڵەکانی ناو کۆمەڵگاکانی دیکەی تورکیا و بەشێکی زۆر لە دژبەرانی خەباتی چەکداری کوردستان دەنگی خۆیان بە HDP دا و ئەو حیزبەیان بە نوێنەری هەڵبژاردەی خۆیان زانی.

4 ـ حیزبی CHP بەسەرۆکایەتی کەمال کلچدار ئۆغلوو (KemalKılıçdaroğl) یەکێکی دیکە لە سەرکەوتووەکانی ئەو هەلبژاردنەبوو. گەرچی لەبەراورد لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی سالی 2011دا رادەی نوێنەرانی CHP کەمبووتەوە. بەڵام CHP وەک پاشماوەی کۆدیتای 12ی ئەیلوولی 1982ی تورکیا داوای لێبووردنێکی ویژدانی قەرزاری گەلی کورد بوو. دەوڵەتی تورکیا جارێ نەگەیشتووتە ئەو ئاستی بوێریەی کە بتوانێت داوای لێبووردن لە نەتەوەی کورد و هەموو کەمایەتیەکانی ئەو وڵاتە بکات، بەڵام وەک ئاماژەیەکی داوای لێبووردن کردن، حیزبی CHP لە زۆرجێگا بەتایبەت لە ئیزمیر و شارەکانی ژێرنفووزی خۆی داوای لە کاندیداکانی کردبوو کە بە قازانجی HDP پاشەکشە بکەن و یان لە خێری ئەوان قسە بکەن. بەمەش کەمال کلچدار ئۆغلوو ویستی پێگەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ناو گەلی کورددا بەهێز بکات. هەندیک لە چاوەدێرانی سیاسی ناوخۆی تورکیا بەو بڕوایەن کە بەشێک لە سەرکەوتنی HDP بەهۆی پشتیوانی CHP بووە. لانی کەم لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا CHP دژی HDP کەمپەینی ئەنجام نەداوە و نەکەوتۆتە بەرەی دژی HDP.

5 ـ یەکێکی دیکە لە براوەکانی ئەو هەڵبژاردنانە حیزبی ناسیۆنالیستی MHP بوو کە بە بەرزکردنەوەی زیاتر لە 7%ی تاکی بە چاو هەڵبژاردنەکانی رابردوو، توانی ببێتە یەکێک لە چاورحیزبە گەورەکانی پەرلەمانی تورکیا. چاوەدێران بەو بڕوایەن ئەو 7% تاکیە (percentagepoint) دەنگی ئەو کەسانەن کە لە سیاسەتەکانی AKPهەڵگەراون و بەهۆی ئەوەی کە لەرووی جیهانی بایەخەکانی کۆنباوەوە MHP نزیکترینە لە AKPئەوان دەنگیان بەو حیزبە داوە.

حیزبی DYP کە سلێمان دەمیرەل و تانسوچیلەر سەرۆکایەتی ئەویان دەکرد و توندرەترین حیزبەکانی دژی کورد بوون بە رادەی کەمتر لە 1%ی دەنگەکان ئەزموونێکی جێی وردبوونەوەن بۆ حیزبە کوردستانیەکانیش کە پێویستە بەرنامەی سیاسیان بەرۆژ بکرێت و رۆژەوی سیاسیان هاونگونجبێت لە گەڵ بەهاکانی ئەمرۆی کۆمەڵگا. AKP وەک دیارە کەوتۆتە سەر رێبازی DYPو وەک زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی ناوخۆی تورکیا دەلێن، ئەمەش بەرهەمی سیاسەت و شێوازی کاری HDP یە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە