کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ کەس لە بەکرێگیراوانی سپای پاسداران لە کامیاران کوژران

18:15 - 20 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: هێرشی چەند کەسێکی نەناسراوی چەکدار لە ناوچەی شاهۆ سەر بە شاری کامیاران، کوژرانی ٦ کەس لە دەست و پەیوەندییەکانی سپای پاسدارانی (جاش) رێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە نێوان گوندەکانی تەختی زەنگی و سەر شێڵانە، ٦ کەس لە بەکرێگیراوانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران کەوتنە بەر هێرشی چەند کەسێکی نەناسراو و لە ئاکامدا کوژران.

ئەم رووداوە لە سەیرانگای تەوقە گوێز رووی‌داوە و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی یەکێک لەو جاشانەی، جەبار گوڵ‌محەممەدی خەڵکی گوندی تەنگی‌وەر، ئەندامێکی لەمێژینەی سپای پاسداران، راگەیاندووە.

دەوترێت کە جەبار گوڵ‌محەممەدی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵ ٥٧ـەوە هەتا ئێستا لە ئەندامانی چالاکی خۆجێی سپای پاسدارانە و یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی دەست و پەیوەندیی رێژیمی ئێران لە ناوچەی کامیاران هەژمار دەکرا.

هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی کوژراوەکانی دیکە، رانەگەیەندراوە و هیچ گرووپێکی چەکدار و یان حیزبێکی کوردی ئۆپوزسیۆنی رێژیمی ئێران ئەم هێرشەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

چەند رۆژ پێش و هەر لەم پێوەندییەدا، لە تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ کەسانی چەکدار لە دەوروبەری گوندەکانی شموڵە و شێندرە سەر بە ناوچەی سەردەشت، لانیکەم ٥ کەس لە هێزەکانی رێژیم بریندار بوون.

هەواڵی پێوەندیدار:

* لە سنووری ئورمیە ٣ پاسدار کوژران و ١٠ی دیکەش دەسبەسەر کران

* مەئموورێکی رێژیمی ئێران بە هۆی تەقە بریندار کرا