کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سووسیال دێموکراتی سوید

16:01 - 21 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: حەمید تەیموری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە سوید لە پارلمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سووسیال دێموکرات چاوپێکەوتنی پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو دیدارو چاوپێکەوتنەی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ مۆرتن لوێفێری (Mårten Löfberg ) کە رۆژی چوارشممە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردان ئەنجام درا، هەلومەرجی کوردستان بە گشتی و ئێران و رۆژهەڵاتی ناڤین خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

هەلومەرجی حیزبی دێموکرات و ناردنی هێز بۆ سنوورەکانی کوردستانی ئێران و چیاکانی قەندیل و کێلەشین تەوەرێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنە دوولایەنەی پێک هێنابوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە لەو چاوپێکەوتنەدا باسی ئەوە کرا کە رێژیمی ئێران پاش ئەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات رووی لە چیاکان کردووە هێزێکی زۆری لە تارانەوە ناردووەتە شارەکانی کوردستان و تەنانەت بەرەو سنووریان دەهێنێ و دەیەوێ بە شێوەیەک ناوچەکە ئاڵۆز بکات.

لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا باسی ئێعدامەکان لە ئێران کرا و لەو پێوەندییەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی هەفتەیەکدا رێژیمی ئێران ٣٠ زیندانی لە سێدارە داوە و رۆژانە بە دەیان و سەدان زیندانی ئەشکەنجە و ئیعدام دەکا.

ناردنی هێز لە‌لایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ سووریە و پشتگیریی هەمەلایەنی رێژیمی ئێران لە سووریە و حوکم‌کردنی ئاشکرای رێژیمی ئێران لە سووریه و عێراق لەلایەن نوێنەری حیزبی دێموکراتەوە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سووسیال دێموکرات ورووژێندران.

لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا باسی هەڵبژاردنی تورکیە کرا و ناڕوونیی سیاسەتی ئەو حکوومەتە بە نیسبەت کێشەی کورد لەو وڵاتە سەرەڕای سەرکەوتنی HDP کرا.

دۆخ و دۆزی نەتەوەکانی دیکەی ئێران وەک عەرەب، بەلووچ، تورکمەن و ئازەری و ئایین و مەزهەبە جیاجاکانی ئێران و سەرەڕای ئەمانەش کێشەی ناوەکیی ئێران و ناڕوونیی چۆنیەتی پێکهاتنی ئامریکا و رۆژئاوا لەگەڵ رێژیم ئێران کۆمەڵێکی دیکە لە بابەتە باس لێکراوەکانی ئەم چاوپێکەوتنە بوون.

مۆرتن لوێفێری لەو کۆبوونەوەیاد رایگەیاند کە وڵاتانی رۆژئاوا گەیشتوونەتە ئەو ئامانجە کە سەرکۆماری ئێران هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە و تەنیا دەیەوێ دەستی بگا بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئامریکاو وڵاتانی رۆژئاوا و کێشەکانی دیکە ، بەتایبەتی مافی نەتەوەکانی بندەستی ئێران بخاتە پەراوێزەوە.

لە کۆتاییدا لوێفبێری خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانەی نوێنەری حیزبی دێموکرات دەربڕی و هیوای خواست لە داهاتوودا بەردەوام زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن ئەم چاوپێکەوتنانە درێژەیان هەبێت.