کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکدارکردنی جاشەکانی جوانڕۆ و بەڕێ‌کردنیان بۆ زنجیرەچیاکانی شاهۆ

17:03 - 22 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران پاش نیشتەجێ‌بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران، هەوڵی چەکدارکردنی جاشەکانی کوردستان و بەڕێ‌کردنیان بۆ چیاکانی کوردستانی گرتووەتەبەر.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا رێژیمی ئێران چەند تیمێک لە بەکرێگیراوانی شاری جوانڕۆی بە مەبەستی پشکنینی ناوچەکە بۆ زنجیرەچیای شاهۆ بەڕێ کردووە.

ئەم چەند تیمە جاشە کە دەوترێت زۆربەیان چەکی قەناسەیان پێیە بە خەڵکی ناوچەکەیان راگەیاندووە کە بە بڕیاری ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران و بە مەبەستی پشکنینی ئەو ناوچەیە و گەڕان بە دوای پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رەوانەی زنجیرەچیاکانی شاهۆ کراون.

هاووڵاتییەکی کوردی ئاگادار لە بەڕێ‌کردنی چەند تیمێک لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم بۆ زنجیرەچیای شاهۆ، لەو پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند که فەرماندەری یەکێک لەم تیمە بەکرێگیراوانە سابیر کەریمی خەڵکی گوندی شروێنەی سەر بە شاری جوانڕۆیە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا جەختی کردەوە کە پاش ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزی پێشمەرگەی بەرەو سنوورەکانی کوردستان بەڕێ و لە چیاکانی کێلەشین و قەندیل نیشتەجێی کردوون، رێژیمی ئێران ترسێکی زۆری لێ نیشتووە و بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبی دێموکرات ئەو جاشانەی کە چەکدار نەبوون، بانگهێشت و چەکداری کردوون.

لێدوانەکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بارەی چەکدارکردنی جاشەکانی جوانڕۆ لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەییشتوون، رێژیمی ئێران لەو ماوەیەدا لە هەموو شارەکانی کوردستان جاشەکانی چەکدار کردووە و دەیهەوێ لە هەر چەشنە تێکهەڵچوونێکدا لەو بەکرێگیراوانە کە هاووڵاتیی کوردستانن کەڵک وەربگرێت.

رێژیمی ئێران پاش بە دەسەڵات گەییشتن و دەست بەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ـەوە بەردەوام بە بەڵێنی دان بە خەڵکی کوردستان کۆمەڵێک کەسی لە دەور خۆی کۆ کردووەتەوە و لەو کەسانە کە لە کوردستان وەکوو جاش دەناسرێن، بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هێزە ئازادیخوازەکان کەڵک وەردەگرێت.

پێڕەوکردنی ئەم سیاسەتە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە و کەڵک‌وەرگرتن لەو کەسانە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هێزە ئازادیخوازە کوردەکان لەحاڵێکدایە کە ئەم رێژیمە هیچ کات بەو جاشانە متمانەی نەبووە و تاکوو ئێستا لە ماوەی دەسەڵاتداریی رێژیمی ئیسلامیدا هیچ پلە و پایەیەکی بەڕێوەبەریی پێیان نەدراوە.

متمانەنەکردنی رێژیمی ئێران بە جاشەکانی کوردستان هەتا ئاستێک بەرچاوە کە تەنانەت بەپێێ ئەو راپۆرتانەی کە لە کاتی سەردانی خامنەیی، رێبەری رژێمی ئیسلامی بۆ پارێزگای سنە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەییشتبوون، رێژیمی ئێران لەو ماوەیەدا هەموو جاشەکانی کوردستانی چەک کردبوون و بە مەبەستی دابین‌کردنی ئەمنیەتیی رێبەری رێژیمی ئێران لە شارەکانی دیکەوە هێزی نیزامیی و ئەمنیەتی رەوانەی پارێزگای سنە کردبوو.