کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان لە رۆژژمێری ئێراندا ناگونجندرێت

16:08 - 23 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران پاش ١٣ ساڵ لە دیاریکرانی ١٢ی ژۆئەن وەکوو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان، ئەو رۆژەی بە فەرمی نەناسیوە و تاکوو ئێستاش رێژیمی ئێران رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵانی لە رۆژژمێری ئەو وڵاتەدا نەگونجاندووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکخراوی نێونەتەوەیی کار بەمەبستی سەرنجدانی زیاتر بە دۆزی کاری منداڵان لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینیدا، رۆژی ١٢ی ژۆئەنی وەکوو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان کە لە پێناو بەجێگەیاندنی کۆمەڵێک هەوڵی کاریگەر و یارمەتیی منداڵانی کار پێویستی بە هاوکاری حکوومەت، کارگێڕ، رێکخراوەکانی کار و کۆمەڵگای مەدەنیە، راگەیاند.

کاری منداڵ ئەو کارەیە کە بۆ منداڵان لە ئاستە تەمەنییە جیاوەزەکاندا قەدەغە کراوە و منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ (تەمەنی یاسایی) پێوەی سەرقاڵن و منداڵانی کار ئەو کۆمەڵە منداڵەن کە بە شێوەیەک لە شێوەکان چ زۆرەملێ و چ دڵخوازانە لە پێناو بەدەستهێنانی پارە نەک بەدەستهێنانی ئەزموون سەرقاڵی کارکردنن.

سواڵ کردن، دەست فرۆشی و لەش فرۆشی لە چالاکییەکانی منداڵانی کەم تەمەن دێتە ئەژمار و زۆربەشیان تووشی نەخۆشی‌گەلێکی وەکوو ئەیدز، هیپاتیت و نەخۆشیی دەروونی دەبن.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن یوونیسێف، سندۆقی منداڵانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، هەنووکە ٢١٥ ملیۆن منداڵی کار لە دنیادا شناسایی کراون و وێدەچێت ئەو ئامارە بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی وڵاتەکاندا بە شێوەی نایاسایی لە منداڵان کار ئەکێشرێتەوە و ئاماری راستەقینەی ئەو منداڵانە بڵاو ناکەنەوە، لەوەش زیاتر بێت.

10541.jpg
ئاماری منداڵانی کار لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و پاش گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی لە دژی رێژیمی و بەربڵاو بوونی هەژاری لەو وڵاتە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئەمەش نیگەرانی چالاکانی مافی منداڵانی لێ کەوتووەتەوە.

ئامارە نافەرمییەکان کە لەلایەن چالاکانی بواری منداڵانەوە لە ئێران بڵاو دەکرێنەوە باس لە هەبوونی ٧ ملیۆن منداڵی کار لە ئێران دەکەن و ئەمە لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران تەنیا دان بە هەبوونی ٢ ملیۆن منداڵی کار لە وڵاتەدا دەنێن.

چالاکانی مافی منداڵانی لە ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە رێژیمی ئێران بە نەگونجاندنی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان پیشان دەدات کە وەکوو هەموو ئەو کێشە و گرفتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی دیکە نایهەوێ لە راستای بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵانیش هەنگاو هەڵێنێت.

بەپێی ئاماری رێکخراوە مەدەنییە ناحکوومەتییەکان، ئاماری منداڵانی کار لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و پاش گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی لە دژی رێژیمی و بەربڵاو بوونی هەژاری لەو وڵاتە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئەمەش نیگەرانی چالاکانی مافی منداڵانی لێ کەوتووەتەوە.

بەرزبوونەوەی ئاماری منداڵانی کار لە ئێران لە کاتێکدایە کە رێژیمی ئێران بەڵێن‌نامەی ١٨٢ی رێکخراوی جیهانیی کار، لە ژیرناوی ناساندن و سڕینەوەی جۆرەکانی کاری منداڵانی پەسند کردووە و ئەمەش بەردەوام جێگای رەخنەی چالاکانی مەدەنی و چالاکانی مافی منداڵان بووە کە رێژیمی ئێران سەرەڕای پەسندکردنی ئەو بەڵێن‌نامەیە هیچ هەنگاوێک لە راستای جێبەجێ‌کردنی ناوەڕۆکی ئەم بەڵێن‌نامەیە هەڵ ناگرێت.