کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبێ بەشداریی حکوومەت، دووهەم کۆبوونەوەی حیزبی دێموکرات و PKK بەڕێوەچوو

22:08 - 23 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سکرتارییەتی ئەو حیزبە پێشوازی لە شاندێکی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و بەو شێوەیە دووهەم کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حیزبە پاش ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەبێ‌بەشداری لایەنی سێهەم کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەرپەرەستی دەمهات عەگید بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە، سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرەستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە پێشوازییان لێ کرا.

ئەم کۆبوونەوەیە لەحاڵێکدا بە بەشداریی محەمەد ئەمین پێنجوێنی کەسایەتیی سیاسیی نزیک لە پەکەکە بەڕێوەچوو کە ئەو حیزبە ئامادە نەبوو لەم کۆبوونەوەیەدا، لایەنی سێهەم کە لە کۆبوونەوەی پێشتردا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بەشداری بکات.

محەمەدئەمین پێنجوێنی، کەسایەتیی سیاسیی نزیک لە پەکەکە پاش کۆتایی هاتنی ئەو کۆبوونەوەیە بە میدیاکانی رایگەیاند: کۆبوونەوەکە لە کەش و هەوایەکی دۆستانە وبرایانە و کوردانە بەڕێوەچوو. پاش ئەو ئاڵۆزی و تێکەهەڵچوونی هێزەکانی پ.ک.ک و حیزبی دێموکرات، ئەم کۆبوونەوەیە دووهەمین کۆبوونەوەیە کە لە نێوان ئەم دوو حیزبە بەڕێوەدەچێت. گرینگ ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات و کەجەکە پێکەوە دانیشتوون و بە رووبەڕوو باسی کێشە و گرفتانەیان کرد کە لە نێوانیاندا هەبوو گەییشتنە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ. کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن، دیالۆگ بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی کە چیدیکە هیچ گرفتێک هیچ کێشەیەک روو نەدات لە نێوان ئەو دوو هێزەدا.

یەکێک لە ئەنجامە پۆزەتیڤەکانی ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن محەمەدئەمین پێنجوێنییەو، دانیشتنی بەرپرسان و شاندە باڵاکانی حیزبی دێموکرات و پەکەکە وەسف کرا و لەو پێوەندییەدا ئەو کەسایەتییە سیاسییەی نزیک لە پەکەکە، رایگەیاند: حیزبی دێموکرات و پەکەکە پاش دانیشتنێکی چەند ساعەتە پێک هاتوون کە خەباتی کوردایەتیی خۆیان بە بێ هیچ کێشەیەک و بەبێ هیچ گرفتێک پەرە پێ بدەن.

ئەم کەسایەتییە سیاسییە لە درێژەی لێدوانەکانی خۆیدا بۆ میدیاکان لەبارەی جیاوازیی ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ کۆبوونەوەی پیشوو، رایگەیاند کە هەردوو کۆبوونەوەکە ئەنجامی باشی هەبوو و یەکێک لە ئەنجامە پۆزەتیڤەکانی ئەو کۆبوونەوانە ئەوەیە کە ئەو دوو حیزبە پێکەوە هاریکاری و هاوکاری بکەن بۆ خەباتی کوردایەتیی خۆیان لەو ناوچەیە.

محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرپەرەستی شاندی حیزب لەو کۆبوونەوەیە پاش کۆتایی هاتنی دووهەم کۆبوونەوەی نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان پێداگری کردەوە کە لێدوانەکانی محەمەدئەمین پێنجوێنی، لێدوانی ئێمەشن.

قادری لە درێژەدا ئاماژەی بە بەشێک لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دا و وتی: ئێمە لەسەر لایەنی سیاسی و لایەنی پراکتیکی پێکەوە قسەمان کردووە.

ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی کۆبوونەوە دوولایەنەکەدا لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند: ئێمە بەو ئەنجامە گەییشتین کە پێوەیستە دانیشتنەکان بەردەوام بن و بەڵام لە دانیشتنەکاندا لێک تێگەییشتن و رۆحی هاوکاری دەبینرێت، بۆیە ئێمە لەو کۆبوونەوانەی کە لە داهاتوودا دەیانگرین، زیاتر لە شێوازی عەمەڵی بەرەو هاوکاری، لێکتێگەییشتن و لێکنزیک‌بوونەوەی زیاتر دەچین.

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا لە حاڵێکدا راگەیەندرا کە دانیشتنەکانی نێوان دوولایەن درێژەیان دەبێت، کە پێشتریش بە بەشداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچووبوو و تێیدا لەسەر کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە باس و لێکدانەوە کرابوو.

پاش تێپەڕبوونی چەند رۆژ لە گەمارۆدانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو: دوای چەند رۆژ هەوڵ ‌و چالاکیی چەندین لایەنە بۆ دانیشتن ‌و دیاڵوگ لەگەڵ سەرکردایەتیی pkk بۆ ئەوەی تووشی رووداوی ناخۆش ‌و دڵتەزێن نەبین و گرفت ‌و کێشەیەک کەلە نێوان‎دا هەبوو بە لێک‎تێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەری بکەین، pkk فەرمانی بە هێزەکانی کرد کە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ‌و بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ١٣٩٤/٣/٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤/٥/٢٠١٥ی زایینی هێزەکانی pkk تەقەیان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد ‌و شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزێکی کوردیی بەسەردا سەپاندووین.

پاش ئەم رووداوە و تەقەی گەریلاکانی پەکەکە لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شەهید و بریندارکرانی چوار پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شاندێکی بۆ نێونجیگەری لە نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە پێک هێنا و ئەو شاندەی راسپارد کە بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە، کۆبوونەوەیەک لە نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە پێک بێنن. دواجار ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداری شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرەستی کەریم سەنجاری، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.