کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەکانی مستەفا هیجری لەگەڵ ئەندام کۆنگرە و سێناتۆرەکانی ئامریکا بەردەوامن

17:29 - 24 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی چاوپێکەوتنەکانی خۆی لە ئامریکادا، لەگەڵ ئەندام کۆنگرە پاول کووک و سێناتۆر ئێدوارد مارکی، کۆ بووەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام کۆنگرێس کووک و سێناتۆر مارکی چاوپێکەوتنی پێک هێنا و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی ناڤینی لە روانگەی حیزبەوە بۆ هەر دوولا شی کردەوە.

مستەفا هیجری لەم دوو دیدارەدا باسی لە بارودۆخی هەنووکەیی کوردستانی ئێران کرد و وتی: راستە کە حیزبی دێموکرات دژی شەڕە و دژی هەر چەشنە توندوتیژییەکە، بەڵام ئێمە تەواوی رێگاکانمان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانمان لەگەڵ ئێران تاقی کردووەتەوە و لەو پێوەندییەش‌دا گەورەترین قوربانی و تێچوومان داوە.

هیجری ئاماژەی بە مێژووی بەرگری گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کرد و وتی ئێمە وەکوو گەلی کورد و وەکوو حیزبێکی سیاسی، سیاسەتەکانمان تەنیا لە سەر بنەمای باوەڕمەندی و متمانەی خەڵکەکەمان دادەنێین و پێ‌خۆش‎بوون یان پێ‎ناخۆش بوونی هیچ لایەنێک نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێمە سیاسەت هەڵبژێرین یان لە سیاسەتێک کە هەڵمان بژاردووە پاشگەز بینەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوەدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەنیا بنەمایەک کە بۆ سیاسەتەکانی دادەنێت متمانە و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە کە گەورەترین سەرمایەیە بۆ حیزبی دێموکرات.

مستەفا هیجری لە درێژەی قسەکانی‌دا ئاماژەی بەوەداوە: ئێمە بە هێچ شێوەیەک لەو رێگای خەباتەی کە گرتوومانەتە بەر پاشگەز نابینەوە تا ئەو کاتەی دەگەین بە ئامانجەکانمان، هەروەها وتی ئامانجی ئێرانێکی دێموکرات و فدراڵ مافی ئێمەیە بۆ ئەوەی بڕیاردەر بین لە شێوەی بەڕێوەبردنی خۆمان و بەشدار بین لە پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتی خۆماندا.

هەروەها، هیجری وتی بۆ گەیشتن بە دێموکراسی لە هەرشوێنێک بە تایبەت لە وڵاتێکی وەکوو ئێران کە سەرکوت کردن و زەخت و زۆر بە هەموو شێوەکانی خۆیانەوە لە ئەوپەڕی هێزدان، پێویستی بە یارمەتی دنیای ئازاد هەیە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وێڕای ئاماژە بە ئەو بەرنامە سیاسیەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ داهاتووی ئێران و کوردستان هەیەتی وتی کە ئەو داهاتوویەی کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە نە تەنیا لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی ئێرانە، بەڵکوو بە تەواوەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی ئەو وڵاتەش لە رۆژهەڵاتی ناڤین تەبایە.

پاشان، مستەفا هیجری شی کردەوە: تا کاتێک کە رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە سەر کار دایە رۆژهەڵاتی ناڤین ناتوانێت ئاسایش و ئارامش بە خۆیەوە ببینێت و شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناڤین‌دا بەردەوام دەبێت.

هیجری وتی کە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێران دایە کە گرژی و شەڕ لە نێوان شیعە و سووننە پەرە پێ‌بدا و ئاژاوە لە ناوچەکەدا بنێتەوە. بۆیە بە باوەڕی ئێمە شەڕی داعش لە عێراق زیاتر لە هەرشتێک پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە و تەواوی هەوڵەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی لە دژی داعش بە هۆی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکە بەرەوڕووی شکست دەبنەوە.

هیجری هەروەها بە ئاماژە بە وتووێژە ناوەکییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و وڵاتانی ٥+١ وتی: رێگرتن لە ئێران بۆ وەدەست خستنی چەکی ناوەکی بە دڵنیایەوە کارێکی زۆر بەسوودە بۆ ناوچە، بەڵام ئێمە گومانی زۆر قووڵمان هەیە کە ئەو رێکەوتنە بتوانێت بەو ئامانجەمان بگەیەنێت.

هیجری هۆکاری ئەو روانگەیەی گەڕاندەوە بۆ ئەو راستیەی کە ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکە نەهاتووەتە سەر مێزی وتووێژ و لە ئاکام‌دا هەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە گەیشتنە بە چەکی ناوەکییە بەردەوام دەبێت.

بەپێێ ئەم راپۆرتە، دوو لایەنی دیکەی کۆبوونەوەکان، سەفەری بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەم هەلومەرجە‌دا زۆر بە گرینگ زانی و ئاماژەیان بەوەدا ئەوە زۆر گرینگە کە دەنگی کورد لەم بارودۆخە‌دا لە شوێنە جیاوازەکانی واشینگتۆن ببیسترێت.

هەروەها، ئاماژەیان بەوەدا کە ئێستا کە ئیدارەی ئۆباما کە خەریکی رێکەوتن لەگەڵ ئێرانە ئەمە زۆر گرینگە کە لە ئامریکا کەسانێک کە دەتوانن لێکدانەوەیەکی جیاوازیان هەبێت گوێیان لێ بگیردرێت.

لەم چاوپیکەوتنانەدا لایەنەکان پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران راگەیاند و وتیان کە ئەوە لێکدانەوەیەکی راستە کە گەلی کورد و گەلانی چەوساوەی ئێران پێویستییان بە یارمەتی هەیە بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن.