کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران لە کوردستان کوژرا

18:03 - 25 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: لە ئاکامی تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و چەکدارانی نەناسراو، یەکێک لە ئاندامانی سپای رێژیمی ئێران کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و کەسانی نەناسراو لە ناوچەی سەردەشت، ئەندامێکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوی روحوڵڵا سوڵتانی خەڵکی ئامۆل کوژرا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا راپۆرتی ئەم تێکهەڵچوونەی بڵاو کردووەتەوە و کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران لە ئاکامی ئەم تێکهەڵچوونە لەلایەن هەواڵدەرییەکانی سپای پاسدارانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

بە وتەی هاووڵاتییانی کورد، هەتا ئێستا راگەیاندنی هیج حیزبێک نیسبەت بە کوژرانی ئەم ئەندامەی سپای پاسداران، پەرچەکداریان نیشان نەداوە.

پێشتریش، لە تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ کەسانی چەکداری نەناسراو لە دەوروبەری گوندەکانی شموڵە و شێندەر سەر بە سەردەشت، لانیکەم ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکان بریندار بوون.

هەروها، رۆژی سێشەممەی رابردوو، رێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاویش، هێرشی کەسانی چەکداری نەناسراو لە نێوان گوندەکانی تەختی زەنگی و سەر شێڵانە لە ناوچەی شاهۆ سەر بە شارستانی کامیاران، کوژرانی ٦ جاشی رێژیمی ئێرانی لێ کەوتبووە.