کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کورد لە سێدارە درا

15:26 - 26 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن هەواڵدەرییە مافی مرۆڤییەکانەوە، باس لەوە دەکەن کە حوکمی لە‌سێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کورد، جێبەجێ کراوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ریکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی میاندواو بەڕێوەچوو.

بڵاو کردنەوەی راپۆرتی حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند لەلایەن میدیا مافە مرۆڤییەکان لەحاڵێکدایە کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی مەهابادەوە بۆ زیندانی میاندواو راگوێزرابوو.

دەوترێت کە پاش پەیوەندی گرتن لەلایەن بەرپرسانی زیندانی میاندواوەوە لەگەڵ بنەماڵەی مەنسوور ئاروەند، داوا کراوە کە سەردانی زیندان بکەن.

پاش سەردانی بنەماڵەی مەنسوور ئاروەند، هەواڵی بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی کوڕەکەیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێیان راگەیەندراوە بەڵام تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.

بڵاو کردنەوەی هەواڵی بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە حاڵێکدایە کە رێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ساڵی رابردوو، پاش راگواستنی لە زیندانی ئورمیەوە بۆ زیندانی مەهاباد بە شێوەی زارەکی راگەیەندرابوو کە حوکمەکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە بە یەک پلە دابەزین بووەتە زیندانی هەتا هەتایی، بەڵام دەوترێت کە داشکاندنی حوکمی ئەم زیندانییە سیاسییە بە شێوەی فەرمی پێی رانەگەیاندرابوو.

مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ی هەتاوی لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر و لە مانگی خەرمانانی ١٣٩١ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلانی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی \'\'موحاربە\'\' لە رێگەی \'\'هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیم\'\' حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا.

لەو پێوەندییەدا، لە کۆتایی رێبەندانی سالی رابردوو، سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کورد وێڕای ٥ زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە بە ناوەکانی یوونس ئاقایان، حەبیبووڵڵا ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سیروان نژاوی و ئیبراهیم شاپوری بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئورمیە راگوێزران و پاش ئەوە راپۆرتگەلێک لە بارەی جێبەجێ‌بوونی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم ٦ زیندانییە سیاسییە بڵاو کرانەوە.