کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی زیندانییەکی سیاسیی کورد نوزدەهەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات

16:56 - 27 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مانگرتنی عەلیڕەزا رەسووڵی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی مەهاباد بەبێ وەڵامدانەوە و سەرنجی بەرپرسانی زیندان بە داواکارییەکانی، هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مانگرتن لە خواردنی عەلیڕەزا رەسووڵی، زیندانیی سیاسیی کورد، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان، بەبێ وڵامدانەوەی بەرپرسان و سەرنج نەدان بە داواکارییەکانی، ١٩ـەهەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات.

عەلیڕەزا رەسووڵی لە ناڕەزایەتی نیسبەت بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و سەرەڕای وەڵامنەدانەوەی بەرپرسانی زیندانی مەهاباد بە داواکارییەکانی، سێشەممەی رابردوو رێکەوتی ١٩ی جۆزەردان بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پاش قەبووڵ نەکردنی داواکاریی بەرپرسانی زیندانی مەهاباد لە هەمبەر کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزراوە و لە رۆژی پێنچشەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە مانگرتن لە خواردنی ویشکی دەست پێکردووە.

توڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتیکدا باس لە بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان نیسبەت بە دۆخی جەستەیی عەلیڕەزا رەسووڵی دەکات و رایدەگەینێت کە رۆژلەدوای‌رۆژ دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەرەو خراپتربوون دەڕوات.

عەلیڕەزا رەسووڵی کۆتایی مانگی رێبەندانی سالی ١٣٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی بڵاو کردنەوەی تراکت لە رۆژی جیهانی زمانی دایکی و بەشداری لە خۆپیشاندانی پشتیوانی لە منداڵانی شیناوێ لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا.

رەسووڵی لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی تەناهی نەتەوەیی بە ٣ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا، پاشان لە رەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی شارستانی سەردەشتیش عەلیڕەزا رەسووڵی بە تۆمەتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە سنوورەکاندا بە ٩١ رۆژ زیندان مەحکووم کرد.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە هەوکردنی سییەکان و هەبوونی توومۆر لە سمت ئازار دەکێشێت و پاش دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە و راگواستنەوە بۆ زیندان لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش بووە.

عەلی‌رەزا رەسووڵی پێشتریش دوو جار بەمەبەستی ناڕەزایەتیی نیسبەت بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، خەزەڵوەری ساڵی رابردوو بۆ ماوەی ٤٩ رۆژ لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و پاش بەڵێنیی بەرپرسان لەهەمبەر قەبووڵ کردنی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.