کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند لە هەولێر مەحکووم دەکرێت

23:38 - 27 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بە مەبەستی مەحکووم‌کردنی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد لە بەردەم پارکی شانەدەری هەولێر بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، فێدراسیۆنی زیندانیانی سیاسیی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە نیسبەت لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، کۆبوونەوەیەکی رێک خست.

لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، سیروان ئاروەند، برای شەهید مەنسوور ئاروەند لە رێگەی تەلەفوونەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

پاشان بەشداربوان بە چەند ساتێک بێدەنگی و راوەستان رێزیان لە گیانی پاکی شەهید مەنسوور ئاروەند و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان گرت.

دواتر پەیامی بەشداربوانی کۆبوونەوەکە لەلایەن فواد زیندانی، بەرپرسی فێدراسیۆنی زیندانیانی سیاسیی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی لویس ئایالا، سکرتێری ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵی سوسیالیست خوێندرایەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەوە رایگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک رێکخراو، حیزب و لایەنی سیاسی بەشدار بوون و بەو بۆنەیەوە پەیامی خۆیانیان پێشکەش کرد.