کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هامبوورگ/ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە نیسبەت لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند

15:59 - 31 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بە مەبەستی مەحکووم کردنی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد لە شاری هامبوورگ لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان لە شاری هامبورگ کۆبوونەوەیەکی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە نیسبەت لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند چالاکی سیاسیی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرێوەبرد.

لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا،شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان، پەیامێکی بە کوردی و فارسی پێشکەش کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە ئاڵمانی خوێندرایەوە و کۆمیتەی حیزب لەو پەیامەدا وێرای مەحکووم کردنی لەسێدارەدانی مەنسوور ئارەوەند تێشکۆشەری کورد بە گشتی پرژابووە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دۆخی نالەباری نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد و بەندکراوانی سیاسی و پەرەسەندنی رەوتی لەسێدارەدان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بە سەدان نوسخە لە پەیامی کۆمیتەی حیزب بە ئاڵمانی چاپ کرابوو و لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە بە نێو هاووڵاتییانی ئاڵمانی بڵاو کرانەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان و حیزب و رێکخراوە کوردییەکان و هەروەها ژمارەیەک چالاکی سیاسیی ئێرانیش بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون و رەوتی لەسێدارەدان و بە تایبەت لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسیی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوەیان مەحکووم کرد.

هەر لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات، بە مەبەستی مەحکووم کردنی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، لە شاری کوڵنی ئاڵمانیش خۆپیشاندانێک لەلایەن کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکانەوە بەرێوەچووە و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب، بەشدارییان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا کردووە.