کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند لە ڤانکۆوێر مەحکووم کرا

17:10 - 1 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە هەمبەر لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانی سیاسیی کورد، بەشداری کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی رۆژئاوای کانادا لە شاری ڤانکۆوێر خۆپیشاندانێکیان بە دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رێک خست.

هاووڵاتییانی کورد لەم خۆپیشاندانەدا وێرای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید مەنسوور ئاروەند و زیندانیانی سیاسیی کورد، رووی دزێو و دژە مرۆڤانەی رێژیمی ئیسلامییان وەکوو رێژیمێکی تیرۆریست و دژە بەها ئینسانیەکان مەحکووم کرد.

خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پووستێر و تراکتی رازاوە بە وێنەی شەهید مەنسوور ئاروەند و دروشمی نیشتیمانی و مافخوازانە و هەروەها بڵاوکردنەوەی ئاگاداری سرنجی رێبوارانیان بۆ رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راکێشا.

بەپێێ ئەم راپۆرتە، خۆپیشاندانی مەحکووم‌کردنی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، بە هەوڵی چەند لایەنی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە بەشداری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا رێک خرابوو.

بەرەبەیانیی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی میاندواو جێبەجێ کرا.